لە گەڕەکەکانی حەسەکەوە ژنانی کوردو عەرەب بانگەوازی بۆ خوشک و برایەتی دەکەن
ژنانی گەڕەکەکانی حەسەکە پەرچەکرداریان بەرامبەربە دەنگۆ و ناکۆکییەکان نیشان دا و ڕایانگەیاند کە هیچ هێزێک ناتوانێت پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد، عەرەب و سریانییەکان تێک بدات.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – لە حەسەکە هەندێک ڕووداو و دەنگۆ لە دژی پێکەوەژیانی گەلان، بوونە هۆی نیگەرانی، لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا، ژنانی عەرەب بانگەوازیان بۆ یەکێتی گەلان و پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کرد، ڕایانگەیاند، کە کورد، عەرەب و سریانی هاوڵاتیی یەک وڵاتن و دەبێت هیچ کەسێک ڕێگە نەدات وتەی ئاژاوەگێڕانە ناکۆکی و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا دروست بکات.
”ئێمە هەموومان یەکین و دەبێت بەیەکەوە بژین”
نادیە خەڵەف، خەڵکی گەڕەکی غوێران لە شاری حەسەکە، ڕایگەیاند، کە دژی دەنگۆیە و وتی: ئامانجی سەرەکی دەبێت باشترکردنی ڕەوشی ژیانی خەڵک بێت، ئێمە دژی دەنگۆین، کورد و عەرەب خوشک و براین و هەموومان لەم وڵاتەدا دەژین، پێشوازی لەو کەسانە دەکەین کە دێنە گەڕەکەکانمان، ئەگەر بە دڵێکی پاکەوە بێن، ئێمە ئاشتی و ئاسایشمان دەوێت نەک دەنگۆ و ململانێی نێوانمان.
هەروەها تیشکی خستە سەر زەحمەتەکانی ئابووری و ڕەوشی ژیانی گەل و وتی: گرانبوونی کەلوپەل و سوتەمەنی کاریگەریی لەسەر ژیانی خێزانەکان هەیە، گەل ناتوانێت بە ئاسانی پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی خۆی دابین بکات و منداڵانیش بەهۆی مەرجە سەختەکانەوە کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت.
”ئێمە دەمانەوێت لە ئاسایش و ئاشتییدا بژین”
ئەمشا عەبد کە لە گەڕەکی نەشوەیە، دایکی کوردە و باوکی عەرەبە، ڕایگەیاند، کە پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گەلان لە هەر جۆرە دەنگۆیەک گەورەترن و وتی: ئێمە بەیەکەوە دەژین و هەمووڕۆژ بەیەکەوەین، دایکم کوردە و باوکم عەرەبە، ئایا کێشە لە کوێدایە؟ ئەم دنگۆیابە بۆ چیین؟ دەبێت گەل لەم ڕەوشە هۆشیارتر بێت، چونکە ئێمە بارودۆخی یەکتر دەزانین و ئازار و ڕەنجی یەکتر بەش دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کوشتن و ئاژاوەگێڕی کاریگەریی لەسەر هەموو پێکهاتەکان دەکات و دەبێت هیچ کەسێک بەهۆی ناسنامەکەیەوە نەکرێتە ئامانج، هەروەها ئەوەشی بیرهێنایەوە کە لە کاتی شەڕ و پاراستنی هەرێمەکەدا، ئەندامانی پێکهاتە جیاوازەکان بەیەکەوە بەرگرییان کردووە و بۆ پاراستنی خاکی خۆیان شەهید بوونە.
”دایکم کوردە، باوکم عەرەبە”
ڕەجا ئەحمەدیش لەسەر گرنگیی پاراستنی پێکەوەژیانی گەلان و پێویستیی هۆشیاری بەرامبەر یەکتر وەستا، جەختی لەوە کردەوە، کە ناکۆکی و کینە لە نێوان پێکهاتەکاندا کێشەکە چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە ڕەوشی کۆمەڵایەتی و ئابووری خراپتر دەکات، هەروەها یەکێتیی نێوان پێکهاتەکان و وتی: ئێمە ساڵانێکە بەیەکەوە دەژین، لە قوتابخانە هاوڕێی یەکتر بووین و تا ئێستاش پەیوەندیمان هەیە، دەبێت ئێمە لە قسەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە نێوانماندا دەنگۆ دروست بکەن کاریگەرمان لەسەر دروست نەبێت، ئەگەر ئێمە هۆشیار نەبین و بە هەر قسەیەک کاریگەر ببن، ئەم ڕەوشە زیان بە وڵاتەکەمان دەگەیەنێت.
داوای لە گەل کرد کە وریا بن لە بەرامبەر ئەو وشانەی کە دوژمنایەتی و دووبەرەکی هان دەدەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزن و کار بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئارام و ئاسایش بکەن، لە کۆتایی قسەکانیدا، رەجا وتی: هیوادارم سووریا ببێتە وڵاتێک کە هەموو پێکهاتەکان بتوانن بە ماف و ئازادی خۆیان، بەبێ ترس و بێ جیاوازی بژین.