لە بەندی ٢٠٩ تا بەندی گشتی؛ تێبینییەک لە سێ ساڵ بەرخۆدانی شیرین عەلەمهولی
شیرین عەلەمهولی زیندانی سیاسی کورد، لە نامەیەکدا لە مانەوەی سێ ساڵەی لە زیندانی ئێڤین نووسیویەتی؛ قۆناغێک لەگەڵ نادڵنیایی و لێپرسینەوە و لەسێدارەدان بوو. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی کەسیی شیرین عەلەمهولی لە پرۆسەی دادگاییکردن و مەرجەکانی زیندانیەتی.

ڤیان مهرپەروەر
مەهاباد- "ماوەی زیندانیکردنم چووەتە ساڵی سێیەمەوە، واتە سێ ساڵ ژیانی پڕ لە ئازار لە زیندانی ئێڤین، دوو ساڵیانم لە دۆخێکی نادیاردا بەسەر بردووە، بەبێ پارێزەر و بەبێ ئەوەی بەڵگەیەک فەرمی هەبێت بۆ دەستگیرکردنم. لەم ماوەیەدا ڕۆژانێکی تاڵم تێپەڕاند و دوای ئەوەش لێکۆڵینەوەکانی بەندی ٢٠٩ دەستی پێکرد. باقی ماوەی زیندانەکەم لە بەندی گشتیدا بەسەر برد و وەڵامی داواکارییە دووبارەبووەکانم بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسم نادەنەوە. لە کۆتاییدا سزای ناڕەوای لەسێدارەدانم بۆ دەرچوو... لەسەر چی زیندانیکراوم، یان بۆچی دەبێت لەسێدارە بدرێم؟ ئایا وەڵامەکە لەبەر ئەوەیە کە من کوردم؟ "بۆیە دەڵێم: کورد لەدایک بووم و بەهۆی کوردبوونمەوە پەراوێز دەخرێم".
ئەم نووسینە بەشێکە لە نامەیەکی شیرین عەلەمهولی زیندانی سیاسی کورد، کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مێهدی ئیسلامیان لە سێدارە درا. ئەم سزایانە دوای ڕێوشوێنی دادوەری کورت دەرچوون. ئەمە لەکاتێکدایە لەسێدارەدانی ئەو پێنج کەسە کاردانەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدوای خۆیدا هێنا و لە هەندێک ناوچە لە نێویاندا ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە مانگرتن کرد، هەروەها تەرمی ئەو کەسانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرا. ئەم ڕووداوە تا ئێستاش لە یادەوەریی بەکۆمەڵی هەندێک لە گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا دەنگ دەداتەوە.
چرۆی بەرخۆدان، ڕەگی تێکۆشان
شیرین عەلەمهولی، ژنێکی خەڵکی گوندی دەیم قشلاقی ماکو، دوای ئەزموونکردن و تێگەیشتن لەو هەڵاواردنەی کە لە دژی ناسنامەی کوردایەتی و ژنبوونی ئەو هەبوو، چووە ناو ڕێگایەک کە لەبەرامبەر ئەو پێکهاتانە دەوەستانەوە. ئەو ڕۆژەکانی لە زینداندا کردە فەزایەک بۆ بەدواداچوون بۆ بیروباوەڕەکانی و تەنانەت لە هەلومەرجێکی سنوورداریشدا درێژە بە چالاکییە فیکری و نووسینەکانی دەدا. دەوترێت کە ئەو یەکێک بووە لە یەکەم ژنەکان کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە زینداندا نووسیوە؛ دروشمێک کە دواتر لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دووبارە بووەوە. بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و مافی ژنان باسیان لە کاریگەریی ئەزموون و نووسینەکانی کردووە لەسەر ژیانی خۆیان.
سیما.ک، چالاکوانی ژنان لە شاری مەهاباد سەبارەت بە کاریگەری شیرین عەلەمهولی وتی:" نامەکان و ژیانی ئەو بۆ من و زۆر کەسی دیکە وەک پەروەردە بوو، ئەو لە بەرامبەر فشارەکان کۆڵی نەدا و تەنانەت لە زیندانیش فێری زمانی فارسی بوو، سەرەڕای ئەشکەنجە، ڕێبازێکی ماناداری لە ژیاندا هەبوو.
هەروەها کیمیا شەریفی (لەقەب)، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢، دەڵێت: "لە ساڵیادی لەسێدارەدانی شیرین بە نامەکانی ئاشنا بووم. ئەم ناسینە لە تەمەنی هەرزەکاریمدا ڕوویدا، دواتریش لە کاتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، دەستگیرکردن و لێپرسینەوە، یادەوەری شیرین عەلەمهولی بۆ من جۆرێک لە پشتگیری و بەرخۆدان بوو".
"ڕۆژی مامۆستا"
لەسێدارەدانی پێنج زیندانی سیاسی لە ٩ی ئایار بووە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕۆژە لە ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بە یادی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەمهولی یاد بکرێتەوە و بە ڕۆژی مامۆستا بناسرێت. شیرین عەلەمهولی لە زیندان وانە دەڵێتەوە، فەرزاد کەمانگەریش وەک مامۆستا ڕۆڵێکی کاریگەری لە پڕۆسەی خوێندندا هەبووە. نامەیەک بەناونیشانی "بەهێزبە هەڤاڵ" لە کەمانگەرەوە ئەمڕۆ سەرنجی بەشێک لە مامۆستایان ڕادەکێشێت. کازیوە.ئا، مامۆستای قۆناغی ناوەندی، بە ئاماژەدان بە ڕێبازی فەرزاد کەمانگەر، وتی: قوتابییەکانمان بەتایبەت خوەندکارانی کچ لە تەمەنێکی بچووکەوە بەرەوڕووی نادادپەروەری دەبنەوە و ئەمەش لە مێشکی ئەواندا پرسیار درووست دەکات. بینینی ئەم دۆخە بۆ مامۆستایەک ئەستمە.هەوڵدەدەم ڕێگای کەمانگەر لە پەروەردە بەردەوام بکەم، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بە خەونەکانیانەوە هاوسۆز بن.
"لەگەڵ هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، لە بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی منداڵەکانیان دەترسن..."
لە بەشێکی نامەیەکدا کە شیرین عەلەمهولی لە زیندانەوە نووسیویەتی، ئاماژە بە پرسی لەسێدارەدان و دەرکردنی سزای توند و بە تایبەت دژی کورد دەکات و دەنووسێت: "چاوی دایکانی کورد هەموو ڕۆژێک پڕن لە فرمێسک، چاوەڕێی بینینی منداڵەکانیانن. ئەوان بەردەوام نیگەرانن لەوەی چی ڕووبدات و لەگەڵ هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دەترسن هەواڵی لەسێدارەدانی منداڵەکانیان ببیستن".
ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم سزایە وەک ئامرازێک بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتی و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنراوە. بەڵام لەسێدارەدانی چالاکوانان نەیتوانیوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی گێڕانەوە و یادەوەرییەکانی تێکۆشان بکات و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکان لە نێویاندا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامی هەبووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ڕەوتی فیکری و چالاکی کە تەنانەت بە نەهێشتنی فیزیکی تاکەکانیش نەوەستاوە.