شەیدا مەعروف، یەکڕیزی ژنان هۆکارە بۆ بەرەوپێشچوونی ئازادی ژن

ژنان لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و یەکخستنی دەنگەکانیان  کۆنفڕانس و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و پێیان وایە بە یەکڕیزی ژن شۆڕشی بەرپا دەبێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە بەرواری ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵدا ژنانی ئەندامانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی گۆڕان لە باشووری کوردستانەوە بەشداری چوارەمین کۆنفرانسی تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئە بوون، دواتر لە بەرواری ٢٧ی هەمان مانگدا سەردانی مەکتەبی ڕاوێژکاری پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپەیان لە ئامەد کرد، لە ڕێی فەلەکناس ئوجا، پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئیلح، ساڵحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی دەبەپە و ئاینور ساریکا وتەبێژی ژنان و ئاسیا کۆلچاک هاوسەرۆکی وتەبێژی دیپلۆماسی پێشوازییان لێکرا.

 

سەردانیکردنەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکێتی کوردستان و یەکڕیزی نەتەوەیی بەڕێوەچوو، ژنان گرنگە وەک یەک پارچە تەماشای کوردستان بکەن، هەرچەندە هەریەکەو لە حزبێکدا بەشداریان کردبوو بەڵام پەیامەکەیان پێکەوەیی بوو.

 

"بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی ژنانی باشوور سەردانی باکوورمان کرد"

شەیدا مەعروف، دەربارەی سەردانیکردنەکە ئاماژەی بەوەدا تەڤگەری ژنانی ئازادی باکوور لە بەرواری ٢٥ و ٢٦ی مناگی ئەیلول بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی ژنانی باشوور کردبوو بە هۆی چوارەمین کۆنفرانسی ژنانی ئازای باکوور کە تیایدا ١٠ ژن لە سنوری باشووری کوردستان بەشداریان تێداکرد، هەریەکەیان سەر بە پلە و پۆستێک و سەر بە حزبێکی جیاواز بەشداریان کردبوو، ئەوەی گرنگبوو ئەوەبوو وەک ژنانی باشوور بە مەبەستی گەیانندی پەیامی خۆمان ڕوومانکردە باکووری کوردستان.

 

"پێویستە لە ڕێکخستنی ژناندا هەماهەنگی هەبێت"

شەیدا مەعروف باسی لەوەشکرد ، کاتێک جموجۆڵێک لە نێو ژناندا دەبێت پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە بەشداریکردنیان، هەر بۆیە ژنانی باشوور بەشداریان لەو سەردانیکردنەدا کرد، جگە لە ژنانی باشوور ژنانی زۆرینەی وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، فێمێنیست و کۆمۆنیستەکان، ژنانی چالاکی لە بوارە جیاوازەکاندا بەشداریان کردبوو بە نزیکەیی هەزار ژن دەبوون.

وتی "کۆکردنەوەی ژنان لە کۆنفرانسێکی لەو شێوەیەدا بە مەبەستی کۆدەنگکردنی ژنانە، بۆ ئەوەی بزانرێت پێویستە چۆن کار بۆ ژنان بکرێت لە هەر جێگەیەکی جیهاندا".

 

شەیدا مەعروف ئەوەشی خستەڕوو، کەلە باتمانی باکووری کوردستان پلاتفۆرمی ژنانی باشووریان خستووەتە ڕوو، لە ژێر ناونیشانی یەکدەنگی ژن بەو ئامانجەی ژنان لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە یەکبخرێن و ببنە ژنانی نەتەوەی کورد لە جیهاندا.

 

"یەکڕیزی ژنان، دروشمی ژن ژیان ئازادی سەردەکەوێت"

گرفتی سەرەکی ژنان نەبوونی یەکڕیزیانە، بۆیە تا ئێستاش دەکوژرێن و تیرۆر دەکرێن، بۆیە ئەگەر ژنان یەک دەنگ بن بێگوومان دەسەڵات و سیستم سڵی لێدەکاتەوە بەتایبەت ئەگەر لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکاندا بەشداری بکەن و دەنگی خۆیان هەبێت ، بەشداری هەموو وەفدەکان بکەن، لە پێناو خواست و ویستی ژن.

 

ڕوونیکردەوە، لە پلانیاندایە لەگەڵ ژنانی باشوور و باکوور بە هەماهەنگی بەرنامەڕێژی خۆیان بکەن دەربارەی پرسەکانی ژنان و ئەو پێویستیانەی ژنان لە ئێستادا پێویستیان پێیەتی، ئەگەر لە ڕێی کۆنفرانس و کۆبوونەوەش بێت چونکە هەندێک کات یەکخستن و کۆنفرانسکردن دەرەنجامی باشی دەبێت، تا دروشمی ژن ژیان ئازادی ببێتە دروشمێکی نەبڕاوە.