ژنانی گوندنشین... هێنانی ئاو و زەحمەتییەکانی بووەتە ئازارێکی دیکە بۆیان

ژنانی گوندنشین لە یەمەن بەدەست چەند کێشەیەکەوە دەناڵێنن، یەکێکیان هێنانی ئاوە لە ناوچەیەک کە دوو کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە لە ڕێگا شاخاوی و ناڕێکەکانەوە.

ڕانیا عەبدوڵا

 

تەعز- یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیهاندا بەدەست کەم ئاویەوە دەناڵێنێت، بەدەست هێنانی ئەم سامانە بەنرخە بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانی ناو وڵاتەکە لەوێ قورستر بووە و بەرپرسیارێتی هێنانی زۆرجار دەکەوێتە سەر شانی ژنان و منداڵان و ئەم کێشەیە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر دەبێت.

 

لەگەڵ یەکەم کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی، تەکالیف ئەحمەد سەعیدی تەمەن ١٩ ساڵان لەگەڵ ژنەکانی دیکە دەچن بۆ سەرچاوەی ئاوی کۆتایی گوندەکە و بە هەڵگرتنی دەفری پلاستیکی کە ٤٠ لیتر زیاتر دەبێت بۆ ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە، کە بەزەحمەت بەشی بەکارهێنانی ڕۆژانەی خێزانەکە دەکات، ئەو دەڵێت "من و ژنانی گوندەکە دوای نوێژی بەیانی دەچینە سەر چاوەی ئاوەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاو بۆ ماڵەکە و جلوبەرگ و بەتانی لەگەڵ خۆمان دەبەین بۆ ئەوێ و دەیانشۆین، دواتر ئێمە بە هەڵگرتنی کەلوپەلەکان لەسەر سەرمان دەگەڕێینەوە و نزیکەی کاتژمێر ١١ی بەیانی دەگەینەوە ماڵەکانمان."

 

بە دەنگێکی خەمناکەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتی پێویستم نەبوو بۆ تەواوکردنی خوێندن، بۆیە ناچار بووم قوتابخانە جێبهێڵم، هەرچەندە تەنها دوو ساڵم مابوو تا خوێندنی ئامادەیی تەواو بکەم".

 

تەکالیف سەعید هیوادارە بۆری ئاوەکانی نزیک گوندەکەیان بۆ چاک بکەنەوە وەکو پێش هەڵگیرسانی شەڕ لە ساڵی ٢٠١٥ و دەشڵێت: " پێش شەڕ ئازارەکانمان لە گوندەکە زۆر کەمتر بوو لە ئێستا، جاران ئاومان دەهێنا بەڵام لە دوورییەکی کەمترەوە، وەک چۆن لە سەرچاوە ئاوییەکانەوە لە ڕێگەی پەمپ و بۆرییەوە  ئاو دەگوازرایەوە بۆ لە گوندەکە، بەڵام ئێستا ڕێگاکە دوورە و کارەکانمان سەختتر بووە."

 

سارا مەنسور تەمەنی ١٨ ساڵە، هێنانی ئاو بەربەستە لەبەردەم درێژەدان بە خوێندن، بەو پێیەی کاتێکی پێویست بۆ خوێندن نادۆزێتەوە، دوای گەڕانەوەی لە قوتابخانە، ئەرکی هێنانی ئاوی لەسەرە، پێش خۆرئاوابوون ماندووییەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە و دەڵێت: " بەیانی زوو دەچمە قوتابخانە، دوای گەڕانەوەم لە قوتابخانە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوڕێکانم دەچمە سەر سەرچاوەی ئاوەکە و  پاشان پێش خۆرئاوابوون دەگەڕێینەوە ماڵەوە، دوای ئەوە ناتوانم پێداچوونەوە بە هەموو وانەکانمدا بکەم، چونکە ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەستکەوتی ئەکادیمیم هەیە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی ترم نییە بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە تەواوکردنی خوێندنەکەم”.

 

دالیا مەنسور، یەکێکە لە کچانی گوندەکە، دەڵێت "زۆربەی کچانی ئەم ناوچەیە بەهۆی نەبوونی ئاوەوە لە خوێندن بێبەش کراون، ٢ کیلۆمەتر بە پێ دەڕۆن بۆ هێنانی ئاو و دواتر لەسەر سەریان هەڵیدەگرن بە درێژای ڕێگاکە و بۆ ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە، زۆربەی کچەکان خوێندنیان بەجێهێشتووە، ژنانی گوند ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە دەبنەوە."

 

نەعمە هەزاع تەمەنی ٦٠ ساڵە، سەر بارئ ئەو نەخۆشیانەی بەدەستیەوە دەناڵێنێت ڕێگری نەکردووە لە یارمەتیدانی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ هێنانی ئاو، ئاماژەی بەوەشکرد، " لە هێنانی ئاودا ڕووبەڕووی ئازارێکی گەورە دەبینەوە، بەو پێیەی کاتژمێر پێنج دوای نوێژی بەیانی دەچینە دەرەوە بۆ سەرچاوەکانی ئاو لە ڕێگا سەخت و ناڕێکەکانەوە، کاتێک دەگەینە ماڵەوە نیوەیمان خواردووەتەوە، زۆرجاریش ئەو ئاوەی کە چەندین کاتژمێر ماندوو بووین لە هێنانی، تووشی کۆسپ دەبێت و لەدەست دەدەین”.

 

لای خۆیەوە، دالیا محەمەد، چالاکوانی کۆمەڵایەتی دەڵێت، "ئازاری ژنان لەژێر ڕۆشنایی بەردەوامی شەڕ و ئابڵوقە سەپێنراوەکەدا گەورەتر بووە، لە کۆنەوە ژنان ئاویان دەهێنا، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی ئێستا، دۆخەکە زۆرتر بووە، زۆر خراپترە لە پێشوو  چونکەن سەرچاوە ئاوییەکان زۆر دوور بوون، وە کەسانێکیش هەن کە ڕۆژێکی تەواو دەگرن، جموجۆڵێکی ئاوارەیی بەردەوام هەیە، هەروەها ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات و پێویستی بۆ ئاو زیادی کردووە لەگەڵ ئەوەی ئەو ئاوەی کە هەیە وەک پێویست بەشیان ناکات، هەروەها سەرچاوەی ئاویش هەیە کە وشک بوون و بەم شێوەیە ئازار و مەترسی و کێشەکان بۆ ژنان زیاد دەکات".