کۆشکی کچان لە ڕەقە

"کۆشکی کچان" لە شاری ڕەقەی باشور و ڕۆژئاوای وڵاتی سوریا، بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی ئەو شارە دادەنرێت، کە لە سەردەمی عەباسییەکاندا بنیادنراوە، شێوازی ژیان لە ڕابردوودا نیشان دەدات.

 

غفران حسێن

" کۆشکی کچان" دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە، نزیکەی ٤٠٠ مەتر لە درگای باکوری (باب بەغدا) دوورە، تا ئێستا چەند جارێک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە شێوێندراوە.

 

ئەو کۆشکە لە ساڵی ٧٧٢  لەلایەن خەلیفەی عەباسییەکان (ئەبو جەعفەر مەنسور) دروستکراوە، ئەمەش لە پێناو بەرگەگرتن لە سەرما و گەرمای زۆر، چونکە بە جۆرێک دروستکراوە کە ڕێگری لە گەرما و سەرمای زۆر بگرێت بۆ ناو کۆشکەکە، دوای مردنی خەلیفە ئەبو جەعفەر مەنسور، لەلایەن خەلیفە هارونە ڕەشیدەوە تەواو کراوە، کۆی گشتییەکەی لە ماوەی ١٢ ساڵدا تەواو کراوە.

 

ئەو ڕێگاییەی کە بۆ پارێزگاری لە سەرما و گەرما لە کۆشکەکەدا بەکارهاتووە، تا ئێستاش بەشێک لە دانیشتووانی ڕەققە لەسەر هەمان شێواز خانووەکانیان دروست دەکەن.

 

کۆشکەکە پێکهاتووە، لە چوار هۆڵی گەورەی لاکێشەیی ١٠٠ مەتری، کە بەرامبەری یەکترن، حەوشە و باخچەیەکی چوار گۆشەی گەورەی هەیە، ژمارەیەکی ژووریشی تێدایە، لای باشووریشەوە دەروازەی سەرەکی بەرز، لەگەڵ هۆڵێکی پشوودان لەگەڵ دوو ژووری پشتەوەی، لە بەشی پشتەوەی ئەو هۆڵەشدا حەوشەیەکی دیکە و دوو گەلەری هەیە، بەرزی دیوارەکانی ١٠ مەترە.

 

لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم کۆشکەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی دەروونی بەکارهاتووە، لەبەر ئەوەشە کە دیوارەکانی بە هێمای دەرمانسازەکان ڕازێندراوەتەوە، بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا نۆژەنکراوەتەوە و دوو قوتابخانەی ئاینیی شافعی و حەنەفی تێدا کراوەتەوە.

 

لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا وردە وردە ئەم شوێنەوارە گرنگە پشتگوێ خرا، لە دوای هاتنی چەتەکانی داعش بۆ ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٤ بە تەواوی پستگوێ خرا و لەلایەن ئەو چەتانەشەوە وێرانکراوە.

 

بەهۆی تاڵانکردن و وێرانکردنییەوە، دوو لای دیوارەکانی تەواو ڕوخاون، لیژنەکانی پاراستنی شوێنەوار و کەلەپور لە ڕێگای ڕێکخراوە نێدەوڵەتییەکانەوە دەیانەوێت شوێنەوارەکە بپارێزن، داواش لە هاوڵاتیان دەکەن پارێزگاری لە شوێنەوارە مێژوویەکانی ناوچەکەیان بکەن.

 

ت.پ