کۆمەڵەیەکی تونسی سەربەخۆیی دەکاتە کلیلی پشتگیریکردنی ڕزگاربووانی توندوتیژی

سەرەڕای فشار و ئاستەنگییە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی لە تونس بەردەوامە لە خۆڕاگری بەرگریکردن لە ژنان و منداڵان، هەوڵدەدات بە سەرچاوە سنووردارەکان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی زیانبەرکەوتووانی توندوتیژی.

زهور مەشریقی

 

تونس- لە قووڵایی ناو تونس، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور، کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ئاڵەنگاری ئابووریدا تێکەڵ دەبن و ژینگەیەکی کۆنەپەرستانە ڕاستیەکی ناوازە بەسەر ژنان و منداڵانی بێبەشدا دەسەپێنێت، توندوتیژی ڕووداوێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو سووڕێکی خراپە کە بەهۆی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتییەوە سووتەمەنی پێدەدرێت و ڕێگری لە زیانبەرکەوتووان دەکات کە قسە لەسەر ئازارەکانیان بکەن.

 

لەم چوارچێوەی ئاڵۆزەدا کۆمەڵەی "صوت الطفل" "دەنگی منداڵ" لە پارێزگاکانی مەدنین و تاتاوین وەک "پردێکی پارێزراوی" بۆ ئەم تاکانە سەریهەڵداوە، کە ئەمەش وایکردووە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێن، کۆمەڵەکە تەنها چارەسەری فریاگوزاری نادات بەڵکو ستراتیژی "پشتیوانی گشتگیر" دەگرێتەبەر، هەوڵدەدات بەربەستەکانی گۆشەگیری و چەواشەکاری بشکێنێت، ڕێڕەوی ژیانی نوێ بۆ ئەو خێزانانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە دابین بکات.

 

لە پشت دیواری بێدەنگی

بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی دەستێوەردانی مەیدانی، سەرەتا دەبێت ئەو ئامارە نیشتمانییانە بپشکنرێت کە قەبارەی دیاردەکە ڕەنگ دەدەنەوە، بەپێی داتاکانی ڕوانگەی نیشتمانی بۆ توندوتیژی دژی ژنان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ١٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ٦٣٪ی ئەم حاڵەتانە لەناو کایەی خێزاندا ڕوودەدەن، ئەمەش وایکردووە "ماڵ" کە بڕیارە پەناگە بێت، سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشەکە بێت.

 

سەبارەت بە منداڵی، ئامارەکانی شاندی پاراستنی منداڵان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە ٦ هەزار ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان وەرگرتووە لەوانە پشتگوێخستن، توندوتیژی جەستەیی، دەستدرێژی زارەکی و دەروونی، بەڵام ئەم ژمارانە هەرچەندە ورد بن، تەنها نوکی شاخە سەهۆڵینەکە نیشان دەدەن، بۆشایییەکی بەرچاو ماوە، کە بە "دۆخی بێدەنگی" ناسراوە، هەزاران زیانبەرکەوتوو بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی یان لەدەستدانی ئەو سەقامگیرییە کەمەی خێزان کە دەمێنێتەوە.

 

نموونەی "پشتیوانی گشتگیر"

لە مەدنین و تاتاوین، کۆمەڵەی "صوت الطفل" "دەنگی منداڵ" میتۆدۆلۆژیایەکی پەرەپێداوە کە لە هەوڵە فریاگوزارییە نەریتییەکان تێدەپەڕێت، ئیناس مەلیان، سەرۆکی کۆمەڵەکە، جەختی لەوەکردەوە، کە کارەکانیان لەسەر بنەمای ڕێبازێکی "ڕێککەوتنی" دامەزراوە، وتی: ئێمە ڕێبازێکی گشتگیر دەگرینەبەر، گروپەکەمان لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونناسان وەک تۆڕێکی پشتیوانی پەیوەستکراو کاردەکەن، تەنها کەیسەکان وەرناگرین، بەڵکو ڕێڕەوی ژیان دەگرینەبەر.

 

وتیشی: ئامانجی سەرەکیمان دووبارە بونیادنانەوەی متمانەیە، زۆرێک لەو ژنانەی ئێمە پشتگیریان دەکەین، چ زیانبەرکەوتووی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ بن یان ڕووبەڕووی ئاستەنگی توندی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، سەرەتا پێویستیان بە وەرگرتنەوەی متمانەیە بە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی بارودۆخەکەیان، بۆیە ”ڕێککەوتنی هاوڕێیەتی” ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو گەشتێکە کە بە گوێگرتنی قووڵ دەستپێدەکات، بە چڕ و پڕی دەروونناسی بەردەوام، پشتگیری دەگاتە لوتکە بە پاراستنی یاسایی لەناو دادگاکاندا.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی

ئاشکرای دەکات کە تێبینییە مەیدانییەکانی کۆمەڵەکە دەریانخستووە کە شۆکی سەرەتایی توندوتیژی تەنها سەرەتای خەباتە، دواتر زیانبەرکەوتووەکە خۆی ڕووبەڕووی دوو "گەمارۆی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی" دەبێتەوە.

 

ئەم ئاڵەنگاریە ڕوون دەکاتەوە وتی: زیانبەرکەوتوو بۆی دەردەکەوێت کە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی دەرگاکان بەڕووی کارگێڕیدا دادەخات، ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی یان دەرکردنی بەڵگەنامەکانی، کاتێک هەوڵدەدەین بچینە قۆناغی بەهێزکردنی ئابووری، ڕووبەڕووی ڕاستیەکی توند دەبینەوە، پڕۆژە بچووکەکان کە دەتوانن هێڵی ژیان بن، وەک بازرگانی یان پیشەسازی دەستی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە بەدەستهێنانی قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی، تەنانەت دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی خانووبەرە بۆ ئەم ژنانە بۆ خۆی دەبێتە دووڕیان.

 

لێرەدا کۆمەڵەکە دەگۆڕێت بۆ "نێوەندگیر" و "داکۆکیکار"،  گروپێکی یاسایی و خۆبەخشەکان ڕێگا بۆ ژنان خۆش دەکەن، بەتایبەتی لە حاڵەتە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە باری یاسایی منداڵان یان بەڵگەنامەکردنی باری مەدەنی کە دانپێدانانی فەرمی بە دایکان و منداڵەکانیان بە مافەکانیان دەبەخشن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە بەرنامەکانی مەشقی پیشەیی بۆ دایکان بناغەی ڕاستەقینەی بەردەوامبوونی ئەم چارەسەرانەن، تەنها پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی وەک چارەسەرێکی کاتی دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا بەهێزکردنی ئابووری کلیلی سەربەخۆیی بەردەوامە، ئەمەش ئەوەیە کە کۆمەڵەکە هەوڵدەدات لەڕێگەی مەشقی پیشەییەوە بەدەستیبهێنێت کە مسۆگەری داهاتێک بۆ خێزانەکە دەکات.

 

شایەتحاڵییەک لە مەیدانەوە

ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە ماوەی دوو ساڵە لەلایەن کۆمەڵەکە پشتگیری دەکرێت، ئەزموونەکەی دەگێڕێتەوە و وتی: ساڵانێک بەرگەی توندوتیژی خێزانیم گرت کە ناچاری کردم لەگەڵ دوو منداڵەکەمدا ماڵی هاوسەرگیرم بەجێبهێڵم، ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو بوومەوە لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان بەناوی خۆمەوە و ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی بوومەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستێوەردانی کۆمەڵەی "صوت الطفل" "دەنگی منداڵ" خاڵی وەرچەرخان بوو، ئەوان پشتگیری دەروونییان بۆ دابینکردم بۆ ئەوەی هاوسەنگیم هەبێت، هاوکاری یاسایییان بۆ ڕێکخستنەوەی باری مەدەنی منداڵەکانم کردم، هەروەها ناوم تۆمارکرد لە پرۆگرامێکی مەشقی پیشەیی لە بواری دوریندا.

 

ڕوونیکردەوە، ئەمڕۆ لە ماڵەوە کارێکی بچووک بەڕێوەدەبەم، بۆ  دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم، لە هەمووی گرنگتر، کەرامەت و متمانەم بەخۆم وەرگرتەوە، تێگەیشتم کە من زیانبەرکەوتوو نیم، بەڵکو ژنێکم توانای بونیادنانی داهاتوویەکی بۆ منداڵەکانی هەیە.

 

ئایا کاری کۆمەڵەکان بەسە بۆ شکاندنی سووڕەکە؟

کۆمەڵەی "صوت الطفل" "دەنگی منداڵ" لە ڕێگەی ئەزموونی کۆبووەوەیەوە، بەو ئەنجامە دەگا کە یەکگرتنی سەرکەوتووانە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە.

 

ئیناس مەلیان جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی یاساکان بەس نییە، ئاڵەنگاری ڕاستەقینە لە ”ئاسایشی کۆمەڵگەدایە، ئەو پشتگیرییە مەیدانییەی ئێمە پێشکەشی دەکەین هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان یاسا و ڕاستی، بەڵام پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەم گروپانە.

 

ڕاستی ئێستا پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: تا کەی بارگرانی پشتیووانی تەنها لەسەر شانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەمێنێتەوە؟ لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕەنگە هەندێک نەریت لە یاسا توندتر بن، بوونی کۆمەڵەی وەک "صوت الطفل" "دەنگی منداڵ" دەبێتە هێڵی یەکەمی بەرگری لە مافی ژن و منداڵ بۆ ژیان و کەرامەت.

 

لە کاتێکدا ئامارە نیشتمانییەکان سەبارەت بە توندوتیژی هێشتا مەترسیدارە، کارەکانی ئەم کۆمەڵانە وەک "تۆڕی پارێزراو" کاتی دەمێننەوە، تاوەکو سیاسەتی گشتی بوێرتر و گشتگیرتر، ئەو شەڕەی ئەم ژنانە دەیکەن تەنها بۆ مانەوە نییە، بەڵکو بۆ داهاتوویەکی باشترە، هەڵبژاردنی ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەبری ئەوەی ڕادەستی بە بێدەنگی بن.