ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی هۆشداری لەسەر ئاسایشی خۆراک دەدات

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا دروست بووە، بەشێوەیەک ڕێژەکەی گەیشتووەتە لە ٧٤٪.

ناوەندی هەواڵ

 

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ ژمارەیەکی پێوانەیەیی کە گەیشتووەتە ٢٧٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا، گیرۆدەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک یان کەمبوونەوەی خۆراک و مەترسی لەسەر ژیانیان بوون.

 

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، ڕێژەی نرخی ئارد لە وڵاتێکی وەک لوبنان بەڕێژەی ٢١٩ ٪ ئەمساڵ زیادیکردووە، هەروەها لە سوریا نرخی ڕۆن زەیتی چێشتلێنان بەڕێژەی ٤٤٠ ٪ زیادیکردووە، کە ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نالەباری دۆخی ئابوری هەردوو وڵاتەکە.

 

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ناسراو بە "فاو" ڕایگەیاند، بۆ ماوەی ١٠ مانگە لەسەر یەک نرخی خۆراک لە جیهاندا بەرەو بەرزبوونەوەی بەرچاو ڕۆیشتووە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤وە نرخی خۆراک بەوشێوەیە بەرزنەبووەتەوە.

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرایکردووە، بەرهەمەکانی وەک ڕۆنی زەیتی رووەکی و گۆشت و بەرهەمی شیرەمەنییەکان و شەکر، بەشێوەیەکی بەرچاو نرخیان بەرزبووەتەوە.