ڕێکخراوەکانی ژنان دەڵێن سەربەخۆن، بەڵام حزبەکان بڕیار لەسەر وشەی "ژن-ئافرەت" دەدەن
هەرچەندە بەرپرسی ڕێکخراوەکانی ژنان لە حزبەکاندا سەربەخۆبوونی خۆیان لە حزبەکاندا ڕادەگەیەنن، بەڵام هێشتاش بە سیاسەتی حزبەکەیان وشەی "ژن-ئافرەت" بەکاردەهێنن، بوونی حزبەکانیش وەک ڕێگاییەک بۆ چارەسەری گرفتە یاساییەکان دادەنێن، جەختیش لەسەر گرنگی بوونی پەروەردەی ژن دەکەنەوە.
تەرزە تەها
سلێمانی- حزب لە هەرێمی کوردستان بەشێکی گەورەی لە ئۆرگانەکانی ژیانی هاوڵاتی داگیرکردووە، یەکێک لەو پرسانەی کە حزب دەستی بۆ بردووە، پرسی ژنە.
هەرچەندە لەم ڕاپۆرتەدا سەرجەم ئەو ژنانەی کە لێدوانیان لێوەرگیراوە، جەخت لەسەر ئازادی و دووریان لە هەژموونی حزبەکان دەکەنەوە، بەڵام هەر خۆیان تا ئێستاش لەسەر وشە "ژن- ئافرەت" ڕێکنەکەوتوون، یەکێک ناوی یەکێتی ئافرەتانە، ئەوی دیکە یەکێتی ژنان، ئەوی دیکە خوشکان و کۆمەڵەی ئافرەتانە.
سەرباری ئەوەی لە کاتی هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەیانکەنە لایەنگر و بانگەشەکەرێکی سەرسەختی ئەو حزبە، بەشێکی زۆری چالاکییەکانیان دەبنە بانگەشە، ژن نیوەی کۆمەڵگایە، هەر لەو دیدەشەوە حزبەکان لە پرسی ژن نزیکدەبنەوە، هەوڵدەدەن بەناوی ڕێکخراوەکانەوە لایەنگر لە خۆیان کۆبکەنەوە.
پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراو هەیە
هەر ڕێکخراوێک پلان و پەیڕەوی ناوخۆی هەیە، کۆمەڵەی ئافرەتان ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنانە لەلایەن حزبی شوعی کوردستانەوە لە بەهاری ١٩٥٢ دامەزراوە، وەک بەرپرسەکانی باسی دەکەن ڕێکخراوەکە سەربەخۆیە.
دایکی پەرچەم، بەرپرسی کۆمەڵی ئافرەتای کوردستان لقی سلێمانییە، لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکەیان پەیڕەوی ناوخۆی هەیە، بەڵام نایشارێتەوە کە هەندێک جار حزبیش کاری تێدا دەکات، بەڵام جەخت لەسەر سەربەستی ڕێکخراوەکەیان دەکاتەوە، کە کاریگەری پەیڕەوەکە لە حزبە زیاترە لەسەر ڕێکخراوەکە.
"لەوانەشە هەموو شتێکمان بە دڵی حزبەکە نەبێت، لە ژێر باڵی ئەو حزبەداین، بەڵام ئەوەندەی کاردەکەین بۆ شارستانی بوونی ژن و هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ دەربازبوونی ئافرەتان لەو فکرە چەقبەستووەی کە تێیدایەتی، ئەوەندە ئاوڕ نادەینەوە کە لەژێر باڵی کێداین".
وەک دایکی پەرچەم پێناسەی ڕێکخراوەکەیان دەکات "ڕێکخراوێکی سەربەخۆی دیموکراتی ئازاندیخوازی کوردستانە، ئامانجەکەی پاڵپشتی لە ژنانە"، وەک ڕێکخراو کۆمەڵێک ئەرک و کاری خۆیان هەیە، دوورە لە کاری حزبایەتی.
حزب پێویستی بە ڕێکخراوەکانە
دڵسۆز عەزیز، بەرپرسی لقی سلێمانی خوشکانی ئیسلامی، کە سەر بە کۆمەڵی دادگەری کوردستانە، لە ئابی ١٩٩٢ دامەزراوە، حزب وەک چەترێک بۆ پاراستنی ڕێکخراو لە کۆمەڵێک بەربەست و گرفتە یاساییەکان وەسف دەکات، نەک بوونی هەژموونی تەواوی حزبەکە لەسەر ڕێکخراوەکە، ئاشکراشی دەکات، کە هیچ پاڵپشتێکی دارایی لە حزبەکە بەدەستناهێنن.
دڵسۆز ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە هیچ حزبێک ناتوانێت ئامانجی ڕێکخراوێک بەدیبهێنێت، بەڵکو دەکرێت هاوکاربێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجی ڕێکخراوەکە، هاوکات دڵنیای نەبوونی دەستوەردانی حزب بۆ ناو ڕێکخراوەکە دەکاتەوە، کە بە پێچەوانەوە حزبەکە پێویستی بە ڕێکخراوەکە هەیە، لەبەر ئەوەی ڕێکخراوەکە چەندین بەشی خزمەتکردن، پەروەردە و ڕۆشنبیرکردنی ژنانی هەیە، "ئەوان داوای هاوکاریان لە ئێمە کردووە نەک ئێمە".
خزمەتکردنی ژنیش بە بنەمای کارەکان دادەنێت، بیروبۆچوون گرنگ نییە، "خزمەت بە ئافرەت بێت، هەر بیروبۆچوونێک کە هەبێت کەیفی خۆیەتی، بەڵام گرنگە خزمەت بە ئافرەت بکەین، کە ئافرەت ڕۆشنبیربوو گەلێک ڕۆشبیردەبێت، کە ئافرەت بێ کێشە بوو گەلێکی بێ کێشە دروستدەبێت، چونکە نەوەیەک بە مێشکێکی ئارام دروستدەکات".
وەک ڕێکخراوێکیش ئاماژە بە بێ پلانی دەسەڵات دەکات کە ڕێکخراوەکانی ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن، "کێشەی وڵاتی ئێمە ئەوەیە کە هەر ڕۆژە خەبەرت ئەبێتەوە بابەتێکی تازە هەیە، شتەکان و ئەو ڕوودوانەی ڕوودەدات، بەرنامە و پڕۆگرامەکان لە ڕێکخراو و حزبەکان تێکدەدات، ئەم بێ پلانییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ ناتوانی ئەو پلانانەی کە هەیە جێبەجێیی بکەیت".
هاوکات ساڵی ٢٠٢١ بە ساڵێکی پڕ نەهامەتی بۆ ژنان ناودەبات، کە بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی وەک ئاو، کارەبا، نەوت، غاز و ژنان ڕووبەڕووی نەهامەتی زیاتر دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی بوونی سۆزێکی زیاتری دایکانە هەمیشە خەم بۆ منداڵەکانیشیان دەخۆن.
ئەندامی ناو حزبەکە لە ڕێکخراوەکەشدا خۆی دەبینێتەوە
بوونی هەژموونی حزب لەسەر ئەو ڕێکخراوانەی کە دروستکەرەکەی حزبەکانن بووەتە ڕۆتینێک، وەک لەیلا عەبدوڵا باسی دەکات، ئەو ئەندامەی لە حزبەکەدا پەروەردە دەبێت بە هەمان شێواز لە ڕێکخراوەکەشدا پەروەردە دەبێت، دەتواندرێت تاکێکی پەروەردەکراو لە ڕێکخراوەکەوە بچێتە ناو حزبەکەوە.
لەیلا عەبدوڵا، بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان، کە سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ دامەزراوە، ئەویش وەک ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان جەخت لە نەبوونی هەژموونی حزبەکە لەناو ڕێکخراوەکە دەکاتەوە، دیوێکی ئەرێنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژن لە حزبەکاندا دەبینێت، پێی وایە ئەگەر ئەو ژنانەی لە ڕێکخراوەکانی ژنانەوە پەروەردە بکرێن و بچنە ناوی حزب و دەسەڵاتەکانەوە، ئەوا بە ئەقڵێکی ژنانەوە کار دەکەن، دەتوانن شێوازی کارکردن و یاساکانیش بگۆڕن.
بێدەنگی و نقەلێنەهاتنی ژنانی ناو دەسەڵات و پەرلەمان لە ئاستی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت بەردەوام بووەتە جێگەی ڕەخنەی چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافی ژنان، لەیلا عەبدوڵا هۆکارەکەی بۆ نەبوونی پەروەردەیەکی ژنان دەگەڕێنێتەوە.
"ئەڵێین ئەو ژنانەی کە چوونەتە ناو پەرلەمان نقەیان نایەت، بێدەنگن لەسەر مەسەلەی ژنان، لەسەر پڕۆژەیەکیش نەک دەنگی نایەت تەنانەت دەستیش بەرز ناکاتەوە، کەواتە پەروەردەیەکی ژنان نییە، تەنها وەک پەرلەمانتارێک کاری خۆی دەکات، بیر لەوە ناکاتەوە ئەو نوێنەری چەندەها ژنە".
ئەگەری چی هەموو ڕێکخراوەکان ژنان کە لەژێر چەتری حزبەکاندان، جەخت لەسەر سەربەخۆی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام هەر خودی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر وشەی "ژن- ئافرەت" دەیسەلمێنێت کە هەژموونی حزبەکە زاڵە، بەشێکیان حزبەکەیان چی بڵێت ئەوانیش دەیڵێنەوە.
ت.پ