ژنان لە شوێنی کار ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە

ژنێکی مامۆستا باس لەو توندوتیژی و دەستدرێژیە سێکسییانە دەکات کە لە شوێنی کارکردن ئەزموونی کردووە کە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە، چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەڵام هەموو جارێک پەشیمان بووەتەوە بڕیاریداوە کە بەهێزبێت و بەردەوامبێت.

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- ژنان لە ئێران بۆ دەستکەوتنی کار و خوێندن ڕووبەڕووی جیاوازییەکی زۆری ڕەگەزی دەبنەوە، لە زۆربەی کارە حکومییەکان و دەرچوون لە تاقیکردنەوەکانی دامەزراندن پیاوان لە بەرچاو دەگیرێن و ژنان کەمتر لەبەرچاو دەگیرێن و دەرفەتی کەمتریان پێدەدرێت.

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە ئێران ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، ژنان لە پۆستەکانی خۆیاندا کار ناکەن و ئەو ژنانەی کە لە شوێنی کارە حکومی و ناحکومییەکان کاردەکەن، ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگی دەبنەوە وەک دەستدرێژی، توندوتیژی سێکسی و دەروونی، هەروەها مافەکانیان پێشێلدەکرێت، کاری زیاتریان پێدەکەن و لە بەرامبەردا پارەی کەمتریان پێدەدرێت و سکرتێر و تەنانەت مامۆستای قوتابخانەش لەلایەن پیاوانەوە مافەکانیان پێشێلدەکرێت.

 

گفتوگۆمان لەگەڵ آ.ب کرد کە مامۆستایەکی تایبەتە و لە شوێنی کارەکەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی هەوڵیداوە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر، لەبەر هۆکاری سەلامەتی ئەو مامۆستایە شوێنی نیشتەجێبوونی و ناوەکەی بە پارێزراوی ماوەتەوە، بەڵام زۆربەی کارمەندانی ئەم قوتابخانەیە لەلایەن بەڕێوەبەرەوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و زۆربەیان مەترسی خۆکوشتنیان لەسەرە.

 

سەرەڕای پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و دەستدرێژی سێکسی و هەموو ئەو توندوتیژیانەی کە لە شوێنی کاردا تووشی دەبن، بەشی ڕۆشنبیری و ڕێنمایی و ئەوانەی مۆڵەت دەدەن بەو قوتابخانانە هیچ سەرپەرشتییەکیان بەسەر ئەو قوتابخانانەدا نییە، بەهۆی نەبوونی یاسای پاراستنی ژنانەوەیە کە ژنان بێدەنگ دەبن لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت چونکە کۆمەڵگە و یاسا و بنەماڵەکانیان تۆمەتباریان دەکەن.

 

"چەند جار بەڕێوەبەری قوتابخانەکە داوای پەیوەندی سێکسی لێکردووم"

لە سەرەتای قسەکانیدا آ.ب وتی: "من لە قوتابخانەیەک کار دەکەم، هەندێکجار کاتی پۆلەکان ئەوەندە درەنگ دەبێت کە سکرتێرەکە دەڕواتەوە و من بەتەنها دەمێنمەوە، هەستی نا ئاسوودەیم هەیە چونکە چەندین جار بەڕێوەبەرەکە داوای پەیوەندی سێکسی لێکردووم، وە چەند جارێک بە مەبەستی دەستدرێژی سێکسی هەموو دەرگای قوتابخانەکەی داخستووە و لێم نزیک بووەتەوە و ئەم ئەزموونە بۆ من ئەوەندە بە ئازارە کە تەنانەت ناتوانم دەریببڕم، جارێکیان کە لێم نزیکبوەوە ئەوەندە ترسام بە زۆر خۆمم ڕزگارکرد لەدەستی، ئەو وابیریکردوەتەوە کە من ڕێزم لێگرتووە بۆ ئەوە بووە کە پەیوەندییەکم لەگەڵی هەبێت."

 

هەوڵی ئەم بەڕێوەبەرە بۆ دەستدرێژیکردن هێشتا بەردەوامە و آ.ب دەڵێت: " لە کاتەکانی تریشدا نەک تەنها من، بەڵکو کەسانی دەوروبەرم هەست بە سەیرکردنە مانادارەکەی دەکەن و ئەمەش بەڕاستی بێزارم دەکات، هەستی سەلامتیم لە شوێنی کاردا نیە و لەوانەیە لە هەر ساتێکدا دەربکرێم، هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە وەک ئەوە وایە چاکەیەکی لەگەڵ کردبێتم کە لە قوتابخانەکەی کاردەکەم."

 

" لە منداڵیدا دەستدرێژیم کرایەسەر، بەڵام خێزانەکەم تۆمەتباریان کردم"

لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی هەڕەشەی بەڕێوەبەرەکەی وتی: " بەڕێوەبەری قوتابخانەکە چەند جارێک هەڕەشەی لێکردووم کە بابەتی تایبەتیم بۆ براکەم دەگێڕێتەوە و دەزانێت کە من لە خێزانێکی ئاینیدا دەژیم و بە کەڵک وەرگرتن لەم لاوازییە، چەند جارێک هەڕەشەی لێکردووم و داوای پەیوەندی سێکسی لێکردووم، بەڵام من ڕەتم کردوەتەوە."

 

آ.ب کە  لە منداڵیدا دەستدرێژی سێکسی بەرامبەرکراوە، وتی: " مناڵ بووم دەستدرێژیم کرایەسەر، کاتێکیش ئەم بابەتانەم لەگەڵ خێزانەکەمدا باس کرد، ئەوان تۆمەتباریان کردم و قسەکانمیان پشتگوێ خست، ئەمەش وای لێکردم متمانەم بە خێزانەکەم نەبێت و هەر لە منداڵییەوە هەست بە تەنهای بکەم و هەر جارێک ئازارم دەدرێم بێدەنگ دەبم، بەڵام نەبوونی یاسای پاراستنی ژنان لە شوێنی کار هۆکارێکی دیکەیە بۆی بێدەنگ بم، لە ئێستادا من ناتوانم کارەکەم بگۆڕم چونکە هیچ کارێکی تایبەت بۆ ژنان نییە و ناچارم بچمە شارەکانی تر بۆ وانەوتنەوە، ئەمەش بۆ من سەختە و لە ڕووی داراییەوە کێشەیە بۆ خێزانەکەم."

 

 

"مامۆستا پیاوەکان خۆیان بە باڵاتر و خوێندەوارتر لە ژنان دەبینن"

آ.ب  باس لە جیاکاری و نەبوونی متمانە بە مامۆستای ژن لە قوتابخانەکاندا دەکات: " لە قوتابخانەکاندا ئەو پۆلانەی کە خوێندکاریان کەمترە بۆ ژنان دیاری دەکرێن، وە تەنانەت خوێندکارەکان لە نایابەوە بۆ لاواز پۆلێن دەکەن و ئەوانەی لاوازن دەخرێنە لیستی پۆلەکانمەوە، بۆ نموونە ٤٤٠ هەزار تمەنم پێدەدەن بۆ ماوەی مانگێک کارکردن لەگەڵ ٤ خوێندکار لە پۆلێکدا"

وتیشی: " مامۆستایانی ژن نەک هەر سەلامەتی کارکردنیان نییە، بەڵکو کاتێک بەهۆی کارەکەیەوە سووکایەتییان پێدەکرێت قوتابخانە پشتگیریان ناکات، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کاتێک شەڕ لە نێوان دوو قوتابی لە پۆلەکەدا ڕوویدا، دایک و باوکی یەکێکیان تاوانباریان کردم و سووکایەتییان پێکردم، بەڵام بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکە تەنانەت بەرگرییان لێنەکردم، بەڵام دڵنیام کە ئەگەر مامۆستایەکی پیاو لە شوێنی من ڕووبەڕووی کێشەیەکی لەو شێوەیە ببێتەوە دۆخەکە بۆ ئەو تەواو جیاواز دەبێت."

 

آ.ب درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: " لەبەر ئەوەی پیاوان وەک پەیداکەری بژێوی خێزانەکانیان پێناسە دەکرێن، بۆ کارە حکومییەکان لە پێشینە دانراون، کاری باشتر و مووچەی باشتریش بۆ ئەوانە، مامۆستا پیاوەکان خۆیان بە باڵاتر و خوێندەوارتر لە ژنان دەبینن و سووکایەتی بە ژن و پێگەی ئەوان دەکەن، و ئەگەر ژنانیش بیانەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنن ڕێگریان لێدەکەن یان کێشەیان بۆ دروست دەکەن، من دەرچووی بەشی زمانم مانگانە سێ ملیۆن تمەنم دەستدەکەوێت و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دادپەروەری لە ئێراندا نییە، ئەگەر ئەم هەڵاواردنانە نەبوونایە ئیش و داهاتێکی باشترم دەبوو."

 

سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، توندوتیژی سێکسی بەردەوامە

آ.ب کە ناتوانێت واز لە کارەکەی بهێنێت، بەڵام ڕێوشوێنی گرتوەتەبەر بۆ پاراستنی خۆی: "هەڕەشەم لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کرد کە کارەکانی ئاشکرا دەکەم، جارێکیش ناچار بووم بە جانتاکەم لە دەموچاوی بدەم، کاتەکانی پۆلەکانم ڕێکخست بۆ ئەوەی چیتر لە قوتابخانە لەگەڵیدا بە تەنیا نەبم، چەند جارێک بە یەکێک لە هاوڕێکانمم وت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاگاداری بکەرەوە، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بلۆکم کردووە بۆ ئەوەی بچووکترین پەیوەندی لەگەڵ مندا نەبێت و لە نەبوونی منیش لە مامۆستایانی دیکە نزیک بووەتەوە."

 

"ژینگەی قوتابخانە زۆر ناپارێزراو و پیسن"

ئەو مامۆستایە بەردەوامبوو لە باسکردنی ئەو گرفتە دەرونیانەی کە بەهۆی توندوتیژی سێکسییەوە تووشی بووە: " دووبارەبوونەوەی داواکاریی بۆ پەیوەندی سێکسی و پەیوەندی سۆزداری لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەوە زۆر بێزارکەرە، هەر جارێک ئەم کەسە دەبینم هەستێکی نەرێنیم بۆ دروست دەبێت، چەندین شەو نەمتوانیووە بخەوم و تا درەنگ گریاوم، ئەو وابیردەکاتەوە کە خاوەنی منە، چونکە من لە قوتابخانەکەی کار دەکەم و مووچەی ئەوم پێدەدرێت."

 

آ.ب سەبارەت بە بارودۆخی سەختی ژنان بەهۆی دەسەڵاتی پیاوسالاری حوکمڕانی کۆمەڵگەکە دەڵێت: " کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالاری سوکایەتی بە ژنانی سەربەخۆ دەکات و بە لاوازی دەیانبینێت، ئەم تێڕوانینە دۆخەکەیان قورس دەکات، ژنانی دیکەش کە لەگەڵمدان هەمان هەستیان هەیە بەڵام بەهۆی سەختی و نەبوونی بژێوی ژیانیانەوە ناچارن لە کارکردن بەردەوامبن."

 

لە کۆتاییدا دەڵێت:" من تازە دەستم بە وانەوتنەوە بە ئۆنلاین کردووە، بەڵام لاوازی ئینتەرنێت و پچڕانی کارەبا زۆر کێشەدارە، وانەوتنەوە بە ئۆنلاین ئەوەندە ماندووکردنە کە دەمەوێت دەستبەرداری بم، تاکە ڕێگە بۆ من کۆچکردنە بۆ خوێندن، بەڵام خێزانەکەم لە ڕووی داراییەوە پشتیوانیم ناکەن و تەنانەت بەو داهاتەش ناتوانم پارە پاشەکەوت بکەم، چەند جارێک هەوڵمداوە خۆم بکوژم، چونکە زۆر بێزار بووم لەم سیستەم و جیاکارییە، بەڵام هەموو جارێک بە خۆم دەڵێم دەبێت بەهێزبیت و بەردەوامبیت."