"خەباتی ژنان هۆکارێک بوو بۆ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەگەری کوردی"

لە سەرەتای دەرچوونی ڕۆژنامە لە کوردستاندا ئەو ژنانەی نووسەر بوون بە پەنجەی دەست دەژمێردران، نووسەرێکیش دەڵێت: ئەو بەرەوپێشچوونەی ڕۆژنامە لە ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی ژنان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ڕۆژنامە یەکێکە لەو هۆکارانەی بە کاردەهێنرێت بۆ گەیاندنی ڕووداوەکان بە هاوڵاتی، بەڵام لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا و لە کۆمەڵگەی کوردیدا لەبەر زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاو سالاری و زاڵبوونی ئایدیای حیزبەکان ڕۆژنامە شێوە پیشەیەکەی خۆی تا ڕادەیەک لە دەست داوە، بە تایبەتی لە گەیاندنی پرسەکانی ژناندا، مێژووی ڕۆژنامەگەری کوریش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٨و لەو کاتەدا ژنان بە شێوەیەکی کەم بەشداریان دەکرد لە نووسینی بابەتەکاندا، بەڵام ئێستا بەهۆی شۆڕشی ژنان و بە دەستهێنانی ئازادیەک توانیویانە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵیان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و بابەتەکاندا، هەر بۆیە ٢٢ی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی دانراوە.

 

"دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بۆ درێژەدان بوو بە خەباتی نەتەوەیی کورد"

ڕێواس ئەحمەد، نووسەر ئاماژەی بەوەکرد، مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ و یەکەم ڕۆژنامە بە ناوی کوردستانەوە بوو، کاتێک لە ساڵی ١٨٤٨ بەدرخانییەکان شکستیان هێنا لە شۆڕشدا دەوڵەتی عوسمانی سەرکردەکانی دەربەدەر کرد بۆ وڵاتانی تر و یەکێک لەو سەرکردانەش میقداد بەدرخان بوو کە بڕیاریدا ڕۆژنامەیەک بە زمانی کوردی دەربکات بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە درێژە بە خەباتی نەتەوەیی بدات، یەکەم ڕۆژنامەی لە قاهیرە بە ناوی کوردستانەوە دەرکرد، لە ١٩ی نیسانی ساڵی ١٩٠٩ دەوڵەتی عوسمانی ئەو ڕۆژنامەی داخست، دواتر لە باشوری کوردستان ڕۆژنامەی ژین دەرچوو و بەردەوام بوو چونکە خوێندنی سەرەتایی بە کوردی بوو، ڕێگە دەدرا بە زمانی کوردی قسە بکەن لە کاتێکدا لە پارچەکانی تری کوردستان زمانی کوردی قەدەغەبوو.

 

"دوای بەیانی ١١ی ئادار نووسەرانی ژن دەرکەوتن"

ڕێواس ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە نوسەران لە ڕۆژهەڵاتەوە دەهاتنە باشوور بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە، بۆیە ڕۆژنامەگەری کوردی زیاتر لە باشووری کوردستاندا پەرەی سەند، ئەم گەشەکردنەش گەشت بە وڵاتانی ئەوروپا، لە سەرەتای دەرچوونی ڕۆژنامەدا ژنان بە ڕێژەیەکی کەم بەشداریان دەکرد و سەرنووسەری ژن زۆر کەم بوو، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ باری ژن لە کۆمەڵگەدا کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریت زاڵ بوو، دوای دەرچوونی بەیانی ١١ی ئادار کۆمەڵیک ژنی نووسەر دەرکەوتن و بابەتیان دەنووسی و ئەمەش سەرهەڵدانێکی نوێ بوو بۆ ژن لە ساڵانی هەشتاکاندا پەرەی سەند، هەرچەندە لە پێشتردا بواری نووسینی بابەتی سیاسی زۆر کەم بوو، بەڵام ژنان ڕۆڵێکی باشیان هەبوو لەو بوارەدا و لە پێشکەوتنی ڕۆژنامەدا.

 

وتیشی"لە ساڵانی سەرەتای حەفتاکانەوە بابەت لە لایەن ژنانەوە بڵاو دەکرایەوە، بەڵام هۆشیاری فێمنستی و جێندەری و بابەت نووسین لەسەر کێشەکانی ژنان کەم بوو زیاتر گرنگی بە بابەتی ئەدەبی دەدا، منیش یەکێک بووم لەو کەسانەی کە زیاتر بابەتی سیاسی و نەتەوەیم دەنووسی، کۆتایی هەشتاکان بەهۆی بەشداری ژنان لە خەبات و بوون بە پیشمەرگە وای کرد کێشەکانی ژنانیش گرنگی پێبدرێت و لە ڕۆژنامەکاندا باس لە گرنگی خەباتی ژن بکرێت."

 

"ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتی کوردی جێگەی مەترسی نووسەران بوو"

ڕێواس ئەحمەد جەختی کردەوە، نووسەران بابەتی سیاسیان باس دەکرد بە تایبەتی بەشێک لە ژنان هەر بۆیە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڕەشەیان لێدەکرا و لە ناویشیاندا نووسەر نیاز عەبدوڵا لەبەر ئەوەی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت و گوێی بە هیچ هەڕەشەیەک نەدەدا، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆر تەنگیان پێ هەڵچنیبوو ناچار بوو کوردستان بەجێبهێڵیت و لە دەرەوە درێژە بە نووسینی بابەتەکانی بدات، لە دوای ساڵی دووهەزارەکانەوە ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوتن و نەک هەر لە بواری نووسین بەڵکو لە بواری تەلەفیزۆن و ڕادیۆکاندا و توانیان هۆشیاری جێندەری بڵاو بکەنەوە و دۆزی ژن بکەن بەشێک لە کارەکەیان و توانیویانە بەشێوەیەک بن کەلێن نەکەوێتە کارەکەیان.

 

هەروەها وتیشی"ئەو ڕۆژنامانەی لە باشوری کوردستان دەردەچن بە شێوەیەکی کەم گرنگی بە ژنان دەدەن، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووسان بێنە پێشەوە و لە ژێر کاریگەری پیاوسالاریدا نەمێنن، ئەمەش قورس دەبێت بۆ ژنان کە بتوان لە ڕێگەی بابەتەکانیانەوە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە لە ناو کۆمەڵگەدا، لەم کاتەشدا ژنان پێویستە گرنگی بە ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان بدەن."

 

"سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لێدانە لە مەسەلەی ژن"

ڕێواس ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، حزبە ئیسلامییە سیاسیەکان کاریگەریەکی نەرێنیانەیان هەیە لەسەر دۆزی ژن، ژنیان خستوەتە قاڵبێکەوە کە هەر کاتێک بمانەوێت باسی دۆزی ژن بکەین بە شتە خراپەکانی دەبەستنەوە و بۆ ئەوەی یەکسانی دروست نەبێت، ئاین بەکاردەهێنن بۆ بێدەنگکردنی ژنان، بۆیە دەبێت ژنانی ڕۆژنامەنووس زۆر هۆشیار بن لەم بابەتانەدا، تەوژمی ئیسلامی سیاسیش لێدانە لە دۆزی ژن و کورد، چەند بە وردی کار بکەین ئەوەندە دەتوانین هۆشیاری لە بوارەکانی ژناندا بڵاوبکەینەوە.

 

"ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا شێوەیەکی هەڕەمەکی وەرگرتووە، هەندێک ڕاگەیاندنی بینراو کاتێک ژنێک دەکوژرێت لە جیاتی ئەوەی لە هۆکاری کوشتنەکە بکۆڵنەوە دەڕۆن بکوژەکە دەهێننە سەر شاشە و بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ شەرعیەت دەدن بە کوشتنی ژنەکە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانیش باوەڕیان بە یەکسانی نییە، هەروەها بەشێک لە ڕاگەیەندنەکان بە لارێدا براون و ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی هەیە لەسەر کۆمەڵگە، کە نەیانتوانیووە هۆشمەندیەکی نەتەوەی قوڵ لە ناو گەنجەکاندا بڵاوبکەنەوە، هەروەها باری سیاسی و ئابووری وای کردوە خەڵک نەتەوەی بۆ گرنگ نەبێت و بڕۆن پێشوازی لە دوژمنانی کورد بکەن، بۆیە ڕاگەیاندن تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیای حیزبەکان کراوە و ئەگەر واش بێت لە چوارچێوەی ڕاگەیاندن دەردەچێت، هەربۆیە ژینگەیەکی نادیموکراتیانە هەیە لە باشوری کوردستاندا."