"سەرەڕای هەبوونی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، ڕێژەی کرێنشینان کەم ناکات"

ڕێژەی کرێنشینان لە ٪٢٥ لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هۆکاری وەستاندنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینانن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- سەرەڕای زیادبوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون و دابین کردنی زەوی پێویست بۆ ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون ڕێژەی کرێنشینان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری هەبوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کرێنشینانن لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە لەڕێگەی کۆمەڵەکانەوە فۆڕمی یەکەکانی کرێنشین بەسەر کرێنشیناندا دابەش دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بریاری ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەرچوو، دوای کارکردنێکی کەم تیایدا پڕۆژەکان بە هۆکاری دابین نەکردنی بودجەی تەواو لەلایەن حکومەتەوە پڕۆژەکان وەستان.

 

بە پێیی زانیاریەکان، نوسراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٢٥٠ هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە لە ٪٢٥ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێت، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ساڵی ٢٠٢٠ لە ماوەی هەشت ساڵدا بە بڕیارەکانی یەکەی نیشتەجێبوون پڕۆژەکانی کرێنشیانان ڕاگیرا، پاشان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڕیار درا ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکرێت، بەڵام هیچ وەبەرهێنێک بە هۆکاری نەبوونی قازانجی ماددی تایبەتی خۆیان ئامادە نین بە بری ٢٥٠ دۆلار بۆ یەک مەتر دووجا و بە قیستی ماوە درێژی ١٠-١٥ ساڵ یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات.

 

لەگەڵ بوونی چەندین پڕۆژە تا ئێستا چارەسەر بۆ کێشەکان نەدۆزراونەتەوە

دروستکردنی خانوو و پڕۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز لە شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەزار و ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون تەواو بووە، ئەگەر بودجەی بۆ دابین بکرێت لە ماوەی کەمتر لە چەند مانگێک کرێنشینان دەتوانن پڕۆژەکان وەربگرن، سودمەند بوون لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان، لە ڕێژەی ٪٠،٢٦ یەکە دراوەتە هاوڵاتیان بە بێ پێشەکی، کە خۆیان لە هاوڵاتیانی عەرەب و دەسترۆشتوودا دەبینێتەوە، سەرەڕای نەبوونی کار و پڕۆژەکان لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، زۆربوونی هاوڵاتیانی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا کە ڕێژەی لە ٪ ٢١ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ دا پرۆژەی ٩ هەزار پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە هۆکاری یاسایی ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٠٨ەوە وەستێندرا، یاساکە چەندین مەرجی بۆ وەبەرهێنان و کریار تێدایە کە هیچ وەبەرهێن و بانکەکان ئامادەیان نییە بەشداری ڕێژەیەکی زۆری یەکەکانی نیشتەجێبوون بکات.

 

بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، ساڵی ٢٠٠٦ نزیکەی ٢١٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە دروستکراوە، کە زیاتر لە ١٠٥ هەزار شوقە، زیاتر لە ٩٢ هەزار خانوو و نزیکەی ١٧ هەزار ڤێلا دروست کراوە، بەڵام قەیرانەکان و ئاستەنگییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ کرێنشینان بەردەوامە و چارەسەر نەکراوە.

 

"بەهۆی نەبوونی خانوەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی بوومەتەوە"

ئامین محەمەد، دانیشتووی گەڕەکی زەرگەتە، باس لە بارودۆخی کرێنشینان دەکات و دەڵێت: گوزەرانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپدایە، پێنەدانی موچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا بارگرانییەکی دیکە بۆ کرێنشینان دروستکردووە، ئەم هەموو پڕۆژەیە لە شارەکاندا دروست دەکرێت بەڵام ئێمە ناتوانین سودمەندی پڕۆژەکان بین.

 

ئامینە محەمەد وتی: بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونەوە لەگەڵ برا و براژندا دەژیم، ئەگەر توانام هەبوایە خانووی کرێم دەگرت، نەبوونی خانوو کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات، هەروەها حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕ لە هاوڵاتیان نادەنەوە.

 

"ژنانی کرێنشین ئەرکی سەرشانیان قورسترە"

پەخشان ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی، باس لە خراپی ئابووری ژیانی کرێنشینان دەکات و دەڵێت: پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەردەوام لە زیادبوندایە بەڵام دابەشی ناکەن بەسەر هاوڵاتیانی کرێنشیندا، کرێنشینانیش بەردەوام بار و گوزەرانیان خراپتر دەبێت و ناتوانن کرێی خانوەکانیان بدەن، وتی: هاوڵاتیانی کرێنشین چینێکن لایەنی ئابوریان تا بێت بەرەو لاوازی دەڕوات، داواکارین لە حکومەت ئەو پڕۆژە نیشتە جێبوونانەی دروستی دەکەن هاوکاری کرێنشینانی پێ بکەن.

 

"پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە بڕە پارەیەکی زۆر دەدرێت بە هاوڵاتیان"

ئامینە محەمەد مامۆستا، باس لە کێشە و گرفتەکانی هاوڕێ و هاوکارە کرێ نشینەکانی دەکات و  دەڵێت: سەرەڕای زۆربوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانیدا، بەردەوام ڕێژەی کرێنشینان لە زیادبوندایە، پڕۆژەکان بە ناوی کرێنشینانەوە دروست دەکەن بەڵام بە بڕێک پێشەکی زۆر و پاشان هەبوونی مانگانەی دەدرێتە کرێنشینان، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی کرێنشین توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەیان نییە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ساڵانە فۆرم بە کرێنشینان پڕدەکەنەوە بەڵام هاوکاریان ناکرێت، پێویستە پڕۆژەکانی کرێنشین بەسەر کەسانی شایستەدا دابەش بکرێت، پێویستە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون داشکاندن بۆ کەسانی کرێنشین و کەم دەرامەت بکات.

 

"هاوڵاتیانی عەرەب کرێنشینیان زیاد کردووە"

شۆخان مەحمود، ئەندامی کۆمەڵەی کرێنشینان باس لەوە دەکات، خراپی بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان هۆکاری زیادبوونی کرێنشینانن جگە لەوەی ڕێژەیان زۆر بووە دۆخی ژیانیشیان خراپە و بووەتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانیان وتی: زیادببونی هاوڵاتیانی کرێنشین و نەبوونی موچە و خراپی بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا بۆتە هۆکاری خراپی گوزەرانی هاوڵاتیانی کرێنشین، هاوڵاتیانی عەرەبیش بە هۆکاری نیشتەجێبوون ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، خاوەن خانووەکان زیاتر کرێچی عەرەب وەردەگرن بە بەراورد بە هاوڵاتی کورد چونکە ئەوان توانای دابینکردنی کرێکەیان هەیە.

 

شۆخان مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، ڕودانی بارودۆخی سیاسیی و ئابوری بەردەوام کاریگەری لەسەر کرێنشینان دروستکردووە، نەبوونی هەلی کار و دانەمەزراندی دەرچوانی زنکۆ و پەیمانگاکان هۆکاری بارگرانی سەر شانی کرێنشینان زیاد دەکات دەڵێت: بەشێکی زۆر لە کرێچییەکان باری گوزەرانیان دەگاتە ئاستێک کەلوپەلی ناوماڵەکانیان بۆ دابینکردنی خواردنی ڕۆژێکیان دەفرۆشن.

 

"ژنان لەلایەن خاوەن ماڵەکانیانەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە"

شۆخان مەحمود، ئاماژەی بەوەدا، دروستکردنی پڕۆژەکانی کرێنشینان لە ناوچەکانی کەنەکەوە، قولەرەیسی، زڕگوێز و سیتەک ماوەی چەندین ساڵە کاری تێدا دەکرێت، بەڵام بە هۆکاری کەمی بودجەی دابینکراو بۆیان کارکردن تییدا دەوەستێندرێت دەڵێت: لایەنی پەیوەندیدارەکان هەموو ساڵێک هەواڵی دڵ خۆشکەر بە کۆمەڵەکەمان دەدەن، بەڵام دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکانی هاوڵاتیان جوابمان نادەنەوە و پڕۆژەکان کاریان تێدا ناکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا شۆخان مەحمود ڕوونیکردەوە کە ژنان بەهۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا، کاتێک ڕووبەرووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە لەڕێگەی کۆمەڵگەوە ناچار بە بێدەنگبوون دەکرێن، کاتێک ژنانی کرێنشین سەردانی کۆمەڵەکەمان دەکەن ئاشکرای دەکەن خاوەن ماڵەکە هەڵدەکوتێتە سەریان، بەتایبەت کاتێک کە بەتەنها دەبن، وتی: ژنەکان دەڵێن خاوەن ماڵ هەڵسوکەوتی خراپ بەکار دەهێنێت لەبەر ئەوەی دەرمان نەکات ناتوانم هەڵوێستم هەبێت بەرامبەریان.

 

"بارودۆخی ئێستای هاوڵاتیان گرێدراوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە"

شۆخان مەحمود، ڕوونیکردەوە کە خراپی بارودۆخی ئابووری و نەبوونی کار لە هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ژیانی کرێنشینان دروستکردووە، بارودۆخی ئێستایی هاوڵاتیان گرێدراوە بە حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانەوە و دەڵێت: بەشێک لە فەرمانبەران ماوەی چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و کرێی خانویان پێنادرێت، بەشێک لە خاوەن ماڵەکان گوێنادەن بە نەبوونی موچەکانیان و دەریان دەکەن.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە تەنها ئەو بڕیارانەی دەردەچێت دەیگەیەنین بە ئەندامانی کۆمەڵەکە، پاشان ئەو کرێنشینانەی سەردانمان دەکەن هەوێی کرێنشینیان بۆ دروست دەکەین، بەڕێوەبەر و ئەندامانی کۆمەڵەکە لەڕێگەی کەسانی سەرمایەداری شارەکەمانەوە بەردەوام کۆمەک و هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی کەم دەرامەت کۆ دەکەینەوە، هاوڵاتیان زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بە بەراورد بە حکومەت.