خێزانەکانی سودان داب و نەریتی جەژن دەپارێزن
سەرەڕای گۆڕانی هەلومەرج و بارودۆخی سودان بەهۆی بەردەوامی ململانێکان لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داب و نەریتی کۆمەڵگە نەبووە، سەرەڕای ململانێ و ئاڵەنگاریەکان پارێزگاری لە داب و نەریتی جەژن کراوە.
ئایە ئیبراهیم
سودان - جەژنی قوربان دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ خێزانە سودانییەکان بۆ ئەوەی داب و نەریتی خۆیان پراکتیزە بکەن، هەروەها یەکێکه له گرنگترین بۆنه ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، که له ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر کەمێک جیاوازە، بەڵام توخمە هاوبەشەکان زۆرن، بەتایبەت قوربانیکردنی ئاژەڵەکە و ئاڵوگۆڕی سەردان و سڵاوی جەژن و بڵاوکردنەوەی گیانی هاودەنگی.
مەها ئەحمەد، پسپۆڕی بواری خۆراک وتی: جەژنی قوربان لە سودان نوێنەرایەتی بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە دەکات کە خێزانەکان تێیدا کۆدەبنەوە و دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرێک لە خێزانە سودانییەکان لە جەژنی قورباندا داب و نەریتی خۆراکی تایبەت پەیڕەو دەکەن، کە جۆرە جیاوازەکانی گۆشت بە شێوازی جیاواز ئامادە دەکرێن، وەک گۆشتی برژاوی فڕن و ”مرارە” نەکوڵاو، هۆشداری دەدات لە خواردنی ”مرارە” خاو بەهۆی ئەگەری بوونی ماددە نەخۆشخوازەکان، جەخت لەسەر پێویستی کوڵاندنی پێش خواردن دەکاتەوە.
مەها ئەحمەد باس لە خواردنەوە نەریتییەکەی جەژن دەکات کە بە "شربوت" ناسراوە، کە لە خورما دروست دەکرێت، هەروەها ئامۆژگاری دەکات کە ڕێگەی پێنەدرێت بمێنێتەوە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کحول، پێشنیاری ئەوە دەکات کە بە تازەیی بخورێتەوە.
”شربوت” بە یەکێک لە خواردنەوە نەریتییە بەناوبانگەکانی سودان دادەنرێت و لە جەژنی قورباندا شوێنێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لە باکووری وڵاتەکە، کە بەشێکە لەو داب و نەریتە کۆمەڵایەتیانەی پەیوەستن بە میوانداری و کۆبوونەوەکانی جەژنەوە، بەهۆی پرۆسەی تەخمیرکردنەوە، ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەجێبهێڵرێت، کە ڕێژەیەک لە کحولی سروشتی تێدادەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی جیاوازی بۆچوونی ئایینی و تەندروستی سەبارەت بە خواردنی، بەپێی شێوازی ئامادەکردن و ماوەی تەخمیرکردنەکەی، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت کە پێش دەستپێکردنی تەخمیرکردن بە تازەیی بخورێت.
ئامینە سەید فازل، ژنی ماڵەوە، باس لە خواردنەوەی "شربوت" دەکات وەک یەکێک لە دیارترین نەریتەکان کە خەڵکی سودان لە جەژنی قورباندا ڕەچاوی دەکەن، وتی: لە چەندین پێکهاتەی جیاواز ئامادە دەکرێت، گرنگترینیان خورمایە، کە بەرهەمی سەرەکییە لە پارێزگای باکوور کە تێیدا دەژی، ئەمەش وایکردووە شربوت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە نەریتەکانی ناوچەکە و ڕێوڕەسمەکانی جەژن.
ڕوونی دەکاتەوە، کە شربوت بە دانانی خورما بە جۆرەها بەهارات لەسەر ئاگرێک و با بۆ ماوەیەکی زۆر بکوڵێت ئامادە دەکرێت، پاشان لە سەلاجەدا دادەنرێت و دەپاڵێورێت و سارد دەکرێتەوە پێش ئەوەی بە ساردیی پێشکەش بکرێت، ئەم خواردنەوەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە پێدەچێت یارمەتی هەرسکردن بدات.
ئامینە سەید فازل ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم داب و نەریتە ڕەگێکی قووڵی داکوتاوە و زۆرێک لە خێزانە سودانییەکان تا ئێستاش پارێزگاری لێدەکەن، بەڵام ئێستا هەندێک لە نەوە گەنجەکان خواردنەوە ئامادەکراوەکانیان پێ باشترە لە شربوتی نەریتی.
توێژەر ڕەوعاە بربراوی دووپاتی دەکاتەوە، کە جەژنی قوربان لە سودان سیمایەکی ناوازەی هەیە کە جیاوازە لە وڵاتانی دیکە، بۆنەیەکە کە خێزانەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن بەهۆی کۆبوونەوەی خزم و خێزانەکان لە کەشێکی جەژنانەدا.
دووپاتی کردەوە، جەژن تەنها لە خواردن و خواردنەوەدا سنوردار نییە، بەڵکو پەیوەستە بە وردەکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە کە تەنها لەو ماوەیەدا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش چێژی تایبەتی خۆی پێدەبەخشێت.
پێی وایە یەکێک لە جوانترین لایەنەکانی جەژنی قوربان بۆ خێزانە سودانییەکان جەختکردنەوەیانە لەسەر کۆبوونەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هەندێک لە خێزانەکان مەودای دوور دەبڕن بۆ سەردانی کەسوکارەکانیان و جەژن لەگەڵیان بەسەر دەبەن و لە دەوری یەک سفرە کۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەدا، کە هەندێک خۆراک بە بەشێک لە نەریتی جەژن دادەنرێت، وەک "گۆشتی کوڵاو لە فڕندا، مرارە کاڵ و مریشک لەگەڵ سۆسی فستق" کە لە زۆرێک لە ماڵەکاندا خواردنی سەرەکین، لەگەڵ خواردنەوە نەریتییەکەی "شربوت"، هەروەژا نەوە گەنجەکان زیاتر بەرەو خواردنەوەکانی دیکە ڕادەکێشرێن کە پێیان وایە یارمەتی هەرسکردن دەدەن.
جەژنی قوربان لە سودان ڕەنگدانەوەی میراسێکی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە درێژدەبێتەوە بۆ زۆرێک لە ڕێوڕەسمەکانی قوربانیدان و ئاهەنگگێڕان، دەبێتە بۆنەیەک بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی خێزانی و زیندووکردنەوەی ئەو نەریتانەی کە لە نەوە بۆ نەوە دەگوازرێنەوە، سەرەڕای گۆڕانی خواست و شێوازی ژیان، جەژن وەک کەشێک دەمێنێتەوە کە خێزانەکان تایبەتمەندی و گەرمی خۆیان تێیدا دەپارێزن.