لەو شوێنەی کە جەژنی ژنان واتای جیاوازی هەیە؛ چیرۆکی ٨ی ئادار لە یەمەن
لە ٨ی ئاداری هەموو ساڵێکدا جیهان ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ ژنان و دەستکەوتەکانیان، بەڵام بۆ ژنانی یەمەن، ئەم ڕۆژە تەنیا بیرهێنانەوەی ئەو ئازار و پێشێلکاریانەی مافەکانە کە لە ماوەی ١٠ ساڵەی ململانێکاندا بەرگەیان گرتووە.

ڕانیا عەبدوڵا
یەمەن- چالاکوانانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە مافە سەرەتاییەکانی ژنانی یەمەن بە توندی پێشێل دەکرێن و توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا بە ئاستێک بەربڵاو بووە کە پێشتر نەبیندراوە، ئەم دۆخە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
ژنانی گوندی سەیاحی سەر بە ناوچەی تەعز کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، لە ترسێکی قووڵدا ژیان بەسەر دەبەن، ئەم ترسە لە پێکدادانەکانی بەردەوامی نێوان هێزەکانی حوسی و حکومەتی کاتیی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی سەرچاوە دەگرێت.
بەهۆی ئەو مەترسیانەی کە هەبوون و شەڕی بەردەوام، پەیامنێرەکەمان نەیتوانی بچێتە ناوچەکە، بەڵام بە هاوکاری چالاکوانێکی ناوخۆیی چاوپێکەوتنی تەلەفۆنی لەگەڵ ژنانی گوندەکە ئەنجامدا.
هانیە قاسم، ژنێکی دانیشتووی گوندەکە وتی: لەگەڵ منداڵەکاندا خەریکی ئەنجامدانی کاری ڕۆژانەی خۆمان بووین لە کێڵگەکاندا، لەناکاو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو لە هەموو ئاراستەکانەوە". هەموومان پەلەمان کرد بۆ ماڵەکانمان. "تەنانەت نەمانوێرا بچینە ناو ماڵەکەوە و پەنامان بۆ یەکێک لە ژوورەکانی ناوەڕاست برد".
برین و ئاوارەبوون
هەروەها چارەنووسی سەفیە عەلی، ژنێکی تەمەن پەنجا ساڵان کە لە گوندی شەقاب لە چیای سەبر سەر بە تەعز دەژی، کارەساتبار و دڵتەزێنە، هەرگیز باوەڕی نەدەکرد دە ساڵ تەمەنی لە نێوان بۆردومانی بەردەوام و ئاوارەبووندا بەسەر ببات. ژنێک کە سەردەمانێک خاوەنی خانوو و دوکان و زەوی کشتوکاڵی بووە، ئێستا بێ ماڵ و حاڵ بووە و ناچارە لەگەڵ خێزانەکەی لە ناوچەیەکی پارێزراوتری شارەکەدا پەنا ببات.
لە ڕێگای کامپی پەنابەران، فیشەکی قەناس بەدەستێکی حوسی شانی کون کرد و دەستی چەپی لەکارکەوت، ئەمە تەنیا بەشێک لە تاقیکردنەوەکەیەتی، وەک چۆن ئازیزانیشی لەدەستداوە؛ هەندێکیان لەلایەن قەناس بەدەستەکانەوە تەقەیان لێکرا و هەندێکیشیان بە تەقینەوەی مین وتی: کاتێک شەڕەکە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکرد، گوندەکەمان لە یەکەم ناوچەکان بوو کە بڵێسەی شەڕ گرتیەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە سووتان، ئێستا زەوییەکە بە مینی شاراوە داپۆشراوە، لەسەرەتای شەڕەکەدا، هەرچەندە خێزانەکەم ئاوارەبوون، بەڵام لە گوندەکەدا مامەوە نەمدەویست ماڵ و زەوی خۆم بەجێبهێڵم و ئاوارە بم، ناوبەناو منداڵەکانم دەهاتنە لای من، لە یەکێک لەو سەردانانەدا کچەکەم بوو بە قوربانی مینێک کە لەلایەن حوسییەکانەوە دانرابوو، قاچکانی پەڕی، ئاواتەخوازم بگەڕێمەوە بۆ ماڵ و خاکەکەم و تا کۆتایی تەمەنم لە گوندەکەمدا بەسەر بەرم، ئەم شەڕە کەی کۆتایی دێت بۆ ئەوەی بتوانین وەک جاران بە ئاشتی بژین؟"
نرخی گرانی ڕفێندراوەکان
ئەسما راعی، ئەندامی کۆمەڵەی دایکانی ڕفێنراوان وتی: لە کاتێکدا جیهان لە ڕۆژی جیهانی ژندا ئاهەنگ بۆ دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ژنان دەگێڕێت، ژنانی یەمەن لە ئاگری شەڕدا دەسووتێن، ئەو بەردەوام دەبێت و دەنگەکەی بە ئازارەوە بەستراوەتەوە و دەڵێت: "ئەزموونی کارکردنم لە کۆمەڵەکەدا دەریدەخات کە ژنان باجێکی زۆر دەدەن،دایک و ژن هەموو ڕۆژێک بە گۆشت و خوێنی خۆیان هەست بە ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان دەکەن.
وێنەیەکی پڕ لە ئازار لە ئازارەکانی ڕۆژانەی ژنان دەکێشێت و وتی: ئەم ژنانە ناچارن بە ڕێگای دوور و مەترسیداردا بڕۆن بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری ئازیزانیان، سەرەڕای گیرانی ڕێگاکانمم زۆرێکیان لە ژێر باری قورسی تێچووی ئابووریدا کڕنۆشیان بردووە، تەنانەت هەندێکیان ناچارن پارە قەرز بکەن بۆ ئەوەی سەردانی کەسە نزیکەکانیان بکەن ئەگەر بزانن لە کوێی زینداندان، چیرۆکی پڕ لە ئازارمان هەیە سەبارەت بەو ژنانەی ساڵانێکە بە تامەزرۆیی چاوەڕیی هەواڵی منداڵ و هاوژینە ڕفێندراوەکانیانن، زۆرێک لەوانە تەنانەت نازانن ئازیزانیان لە کوێ و لە چ بارودۆخێکدا دەستبەسەرن.
توندوتیژی بێکۆتایی
هودا سەراری، پارێزەر وتی: لە ڕۆژی جیهانی ژناندا سەرنج ڕادەکێشین بۆ پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی ژنانی یەمەن لە ساڵانی شەڕدا، ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ وێنەیەکی مەترسیدار لە زیادبوونی ژمارەی ئەو پێشێلکاریانەی مافەکان دەخەنە ڕوو، کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەردەوامی شەڕەکە شەپۆلێکی سەرکوت و توندوتیژی دژی ژنان هەڵداوە، ئەمڕۆ ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی جۆرە نوێیەکانی توندوتیژیین کە پێشتر لە کۆمەڵگەی یەمەندا نەبیندراوە، دیاردەکانی وەک زەوتکردنی ئۆنلاین و هەراسانکردنی زارەکی زیادیان کردووە، ژنان و کچان بەر کوشتن دەکەون، هەروەها مافی بنەڕەتییان بۆ تەندروستی جەستەیی و ئاسایش و تایبەتمەندییان پێشێل کراوە.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن، لە کودەتاکەی حوسییەکان لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ تا ١ی ئاداری ٢٠٢٤، دوو هەزار و ٧٨٦ ژن کوژراون و چوار هەزار و ٣٦٩ ژنی دیکەش بەهۆی بۆردومانی تۆپ و تەقینەوەی مین و تەقەی قەناس بەدەستەوە بریندار بوون.