"تێگەیشتنی گەنجان لە واتای ڕاستەقینەی جێندەر، هۆشیاری زیاتر دەکات"

بەکارهێنانی وشەی جێندەر، وەک بەشێک لە پڕۆسەی خوێندن و کردنە بەشێک لە وانەکانی خوێندنگە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی هۆشیاری دەربارەی دەستەواژەکە زیاتر ببێت، کاتێک گەنج لەم بابەتە هۆشیارە تەواوی کۆمەڵگە هۆشیار دەبێتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەند ساڵێکە وشەی جێندەر-ڕەگەز لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەکاردەهێنرێت، هەندێک لایەن لەگەڵ بەکارهێنانی ئەم وشەیە ڕاستەوخۆ مێشکیان بۆ کۆمەڵێک بابەت دەچێت، کە دوورە لە واتای ڕاستەقینەی جێندەرەوە، بە گشتی کۆمەڵگە تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بۆ جێندەر، چونکە لە واتا ڕاستەقینەکەی تێنەگەیشتوون، کێشەکە لەوەدایە لە سەرەتاوە بە هەڵە وشەکە بەکارهێندراوە.

 

گرنگە کۆمەڵگە بە گشتی و گەنجان بە تایبەت هۆشیار بکرێنەوە، ئەمەش بە چەند هەنگاوێک دەکرێت، پڕۆسەی خوێندن و کردنە ناو پڕۆگرامی خوێندن وەک وانەیەکی تایبەت بە وانەی جێندەر، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تاکەکان لە منداڵییەوە لە وشەی جێندەر و ڕۆڵی تاک لە کۆمەڵگە تێبگەن.

 

"نەبوونی گفتۆگۆ بووەتە هۆکارێک بۆ لێک تێنەگەیشتن لە کۆمەڵگەی کوردیدا"

شنۆ ڕەحمان، توێژەری کۆمەڵایەتی، دەربارەی گرنگی هۆشیاری جێندەری ئاماژەی بەوەکرد، بابەتی یەکسانی ڕەگەزی و وشەی جێندەر بە گشتی لە جیهاندا وشەیەکی نوێیە، هەورەها بۆ هەرێمی کوردستانیش وشەیەک و بابەتێکی تازەیە، کۆمەڵگەی کوردی خاوەن گەورەترین کێشەیە ئەویش نەبوونی گفتۆگۆکردنە دەربارەی بابەتە جیاوازەکان.

 

"دەستەواژەی جێندەر نوێیە و پێویستی بە ڕوونکردنەوەیە لەلایەن کەسی شارەزاوە"

شنۆ باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی جێندەر دەستەواژەیەکی نوێیە بۆیە پێویستە لەلایەن کەسی شارەزاوە بۆ کۆمەڵگە و تاکەکانی ناوی ڕوونبکرێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی کۆنفرانس و سیمیناری تایبەت، کەسانی شارەزا باس لە بابەتەکە بکەن، نەک هەر کەس و بە شێوازێک پێناسەی بۆ بکات، گرنگە ڕوونکردنەوەکات تایبەت بێت بە گەنجان، چونکە گەنجان چینی چالاکی کۆمەڵگەن، تێگەیشتنی هەڵە لەلایەن گەنجانەوە بۆ بابەتێکی وەک جێندەر هۆکارێکە بۆ خراپبوونی دەستەواژەکە لە کۆمەڵگەدا، وتیشی: لەناو کۆمەڵگەدا چەند دەزگایەک هەن ڕۆڵیان هەیە لە پەرەپێدان و هۆشیاری تاکدا، لەوانەش دامودەزگای خێزان و پەروەدەییە، کە یەکەم بەرکەوتنی مرۆڤە لەگەڵیان، سەرەتا خێزان پێویستە گرنگی بدەن بە تێگەیشتن لە وشەی جێندەر، پاشان دەزگای پەروەردەیی هەستێت بە وشیارکردنەوەی تاک.

 

"پڕۆسەی پەروەردە گرنگترین ڕێگایە بۆ هۆشیاری جێندەری"

لە درێژەی قسەکانیدا شنۆ ڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد گرنگە هۆشیاری جێندەری لەناو پڕۆسەی خوێندندا جێی خۆی بگرێت، چونکە گەنج داینەمۆی کۆمەڵگەیە،  گرنگە لە بنچینەوە کار لەسەر هۆشیار کردنەوەیان بکرێت، لە باخچەکانەوە منداڵ هۆشیار بکرێتەوە لەسەر وشەی جێندەر، بۆ ئەوەی لە تەمەندێکدا ڕۆڵی ژن و پیاو و دووبارە دابەشکردنەوەیان بە جۆرێک بێت، جیاوازتر لەوەی ئێستا کە ڕیشەیەکی کلتووری خراپی هەڵە لە کۆمەڵگەدا، وتیشی: کاری گرنگی پەروەردە گۆڕینی تێڕوانینی مرۆڤە بۆ دنیا بینینێکی باشتر، بۆ ئەمەش ئەرکی پەوەردەیە بە جۆرێکی یەکسان ڕۆڵەکان دابەش بکات، تەنها کچان بە شێوەیەک نیشان نەدات، کە کاریان تەنها ماڵداری کردنە یاخود کوڕان کارکردن و دەرەوەیە.

 

"توانای ژنان لەوە زیاترە کە لە کۆمەڵگەدا پێی دراوە"

لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا ئەو توێژەرە باسی لە توانا و ئیرادەی ژنان کرد، کە چەندین توێژینەوە سەلماندوویانە ژنان خاوەن ئیرادە و هێزێکی تایبەتن، ئەو ئیرادە و هێزە پێویستە نیشانی گەنجان و کۆمەڵگە بدرێت، ببێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، ڕۆڵی ژنانیش چالاک بکرێتەوە لە کۆمەڵگەدا، چونکە توانای ژنان بۆ ئەنجامدانی جۆرە جیاوازەکانی کارکردن و هۆشیاری کۆمەڵگەیی زیاترە لە توانای پیاوان.

 

"تێگەیشتن لە جێندەر گۆڕانکاری ڕیشەیی دەوێت"

دەربارەی هۆشیاری گەنجان بەرامبەر ڕەگەز و وشەی جێندەر، شنۆ ڕەحمان ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی جیهان بە ڕووی یەکتردا کراوەتەوە کوردستانیش بێبەش نییە لەو کرانەوەیە، بۆیە گەنجان بە بەراورد بە نەوەکانی پێشووتر هۆشیاریان هەیە، بەڵام لە بەریەککەوتنێکی قورسدان، دنیا بینیان جیاوازە لەو دنیا بینینەی گەنجانی جاران هەیانبوو، دەشڵێت: پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە یەکێکە لەو ڕێگایانەی هۆشیاری لێوە بڵاودەکرێتەو،ە گرنگترین ڕێگە چارەسەرە بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکانی تاک وەک ڕاستەقینەی خۆی، نەک ئەو دابەشکردنەی لە کۆنەوە کراوە.