ژنانی فەرمانبەر: وەزارەتەکانی دیکە مووچە وەردەگرن و تەنها بۆ ئێمە نییە

فەرمانبەران و مامۆستایانی شاری هەڵەبجە ناڕەزایەتی دژی پێنەدانی مووچە دەردەبڕن و ئاماژەیان بەوەدا لە مانگی شوباتەوە مووچە وەرنەگیراوە و حکومەت دەستی دەستییان پێدەکات.

هەڵەبجە

 

فەرمانبەران و مامۆستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەرامبەر پێنەدانی مووچە و خورانی مافەکانیان ئەنجامدا.

 

فەرمانبەران و مامۆستایانی شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەرێمی گەرمیان و ڕاپەڕین، لە مانگی شوبات/٢ەوە مووچەیان پێنەدراوە، ئەگەرچی بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی دەبوو پێش جەژنی ڕەمەزان شایستە داراییەکانیان بدرێت، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا بۆ دوای جەژن دواخرا، ئەمەش دەکاتە زیاتر لە ٥٥ ڕۆژ کە شایستەی دارایی فەرمانبەران و مامۆستایانی ئەو سنورانە نەدراوە.

 

بەشێک لە فەرمانبەران بایکۆتی دەوامیان کردووە و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆش ئاماژە بەوە دەکەن کە هەتا مووچەی مانگی نیسان/٤ وەرنەگرن، ناچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە.

 

ئەڵوەن عوسمان، فەرمانبەر لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، باس لەوە دەکات کە ماوەی ٥٧ رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، دەشڵێت: کە لێژنەکانیان سەردانی بانک دەکات، لە وەڵامدا دەڵێن جارێکا تەمویل نەگەشتووە بەدەستیان"، ئەو فەرمانبەرە داواکاریشە کە پارێزگار و قایمقامی شارەکان بێنە سەر خەت بۆ هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

 

ڤیان مەعروف، فەرمانبەر لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە، باس لەوە دەکات ماوەی ٥٥ ڕۆژە مووچە وەرنەگیراوە و جیاوازی لە نێوان فەرمانبەران دەکرێت، "لیستی مووچەی نوێ بڵاوکراوەتەوە وەزارەتەکانی دیکە مووچە وەردەگرن لە کاتێکدا ئێمە مانگی سێمان وەرنەگرتووە، لیژنەکانمان دەچنە بانک پێیان دەڵێن پارە نییە دوای جەژن وەرنەوە، دوای جەژنیش نەدرا".