"ئەوەندە شێوابوو کچەکەی خۆمم نەناسییەوە"

دایکێک باس لە ئەنفال دەکات چۆن کەسوکارەکەی براون بۆ نوگرەسەلمان و هاوژینەکەی و کوڕەکەی ئەنفال کراوە، دوای گەڕانەوەش کچەکەی نەناسیوەتەوە، چونکە بەهۆی ئەشکەنجەوە تەواو شێوابوو.

تەوار پێنجوێنی

 

گەرمیان- ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالدا تێپەڕدەبێت، بەڵام یاد و یادەوەری و ژانی بەسۆی ئەو ڕۆژانە لە دڵی گەرمیانییەکاندا دەرناچێت، ئەوان هەمیشە بە ئازاری لەدەستدانی کەسوکار و منداڵەکانیانەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری گێڕانەوەی کارەساتەکانی ئەو ڕۆژانە نابن تا بۆ مێژوو بمێنێتەوە و ببێتە کەیسێک لە کەیسەکانی جینۆسایدی ئەنفال.

 

نەدیم عەزیز ئیبراهیم، دایکێکی خەڵکی گەرمیانە، لە ئەنفالدا، هاوژینەکەی، دایکی هاوژینەکەی، کوڕەکەی، براکەی و چەند کەسێکی دیکەی خێزانەکەی لەدەستداوە، سەرەتای ڕوودانی کۆمەڵکوژی ئەنفال وەها دەگێڕێتەوە، "پەزەکانمان کۆکردبووەوە دەمانگواستنەوە، ئەونەمان زانی چەند پێشمەرگەیەکی بریندار بەرەو ڕوومان هاتن، شەوو بوو چووینە گوندەکەی خۆمان هەموو خەڵک لە جەوەڵدا بوون، دەرگایان داخستبوو، ئێمەش چووینە ئەوێ، ئەوەندەمان زانی فرۆکە پەیدا بوو، هاوژینەکەم، ئامۆزایەک و پورزایەکی کوتنە بەر بۆردومانی فرۆکە، منیش منداڵەکانم لەدەورمن، شەڕێکی قورس بوو لە هەموو شوێنێک، فرۆکەکانیش بۆردومانیان دەکرد و زۆر کەسیان کوشت".

 

دایکە نەدیم کە خاوەنی کچ و کوڕێک بووە، باس لەوەدەکات دوای ئەو ڕۆژە لەگەڵ هاوژینەکەیدا چوونەیە گوندی ئۆمەر سۆفی و منداڵەکانی لەلای خەسووی جێهێشتووە، لەوێش کەسی لێنەبووە خۆیان حەشارداوە، بۆ ڕۆژی دواتر بە ئۆتۆمبێلی حکومەت گواستراونەتەوە بۆ نەوجۆل، لەوێوە ژن و پیاو جیاکراونەتەوە کە ببرێن بۆ ئەنفال، "بە زابتەکەم وت منداڵەکانم لەگەڵ نییە بیکە خاتری منداڵەکانم، ئیتر وازی لێهێنام وتی بڕۆ و هاتم بۆ دوز، بەڵام باوکی منداڵەکانمیان برد و لەگەڵ کوڕەکەم و خەسووم ئەنفالکران".

 

"کچەکەم هاتەوە بەڵام نەمناسییەوە"

نەدیم عەزیز ئیبراهیم وەها درێژە بە یادەوەرییەکانی دەدات، "منداڵەکانم و کەسوکارەکەم بران بۆ زیندانی نوگرەسەلمان، خەڵک باسیان دەکرد، کە خەسووم بە کێبڵ ئەوەندە ئەشکەنجەدراوە تا گیانی لەدەستدا، کوڕەکەم ٣ ساڵ بوو ئیتر نەهاتەوە، کەس نازانێت چیان بەسەرهاتووە، کچەکەم کە هاتەوە، وتی دایکە هاتمەوە، بەڵام نەمناسییەوە، سەیری چاویم کرد، وتم کچەکە تۆ نەسرینی، بەوەدا ناسیمەوە، پرسیاری هۆشیار-کوڕەکەم لێکرد، وتی هۆشیار مردووە و یەکسەر بوورامەوە".

 

دایکە نەدیم کە هیچ کات ئەو ڕۆژانەی لەبیرناچیت، لەدوای گەڕانەوەیان لە ئەنفال و کۆتایی هاتنی ئەو کۆمەڵکوژییە نەچووەتەوە گوندەکەیان، بەڵکو هەرچۆن ئەو ڕۆژانە شۆفڵی ڕژێمی بەعس گوندەکەی وێران کردووە هەروا ماوەتەوە.

 

٣٤ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەنفالدا تێپەڕدەبێت، بەڵام نەتوانراوە دادگایی تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان لە نمونەی شەنگال، کۆبانێ، عەفریندا لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەردەوامە.