گروپێکی خوێنەر لەپێناو بە کولتوورکردنی خوێندەوە چالاکی ئەنجام دەدەن

لەپێناو زیادکردنی خوێنەر و زیاتر هۆشیارکردنەوەی گەنجان، چەندین گەنج هەن هەوڵیان داوە لە ڕێی چالاکییەکانیانەوە خوێندنەوە بکەنە کولتوور.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە کۆندا هاوڵاتیان بە خوێندنەوەی ڕۆژنامە، گۆڤار و کتێب چاودێری هەواڵ و بابەتی ڕۆژیان لە ڕێی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە دەکرد، خوێندنەوە گرنگی تایبەتی هەبوو و ببووە کولتوور لەناو خێزاندا، تەنانەت بەر لە خەوتنی منداڵ کتێب و چیرۆکیان بۆ دەخوێندنەوە، گەنجان خولیای خوێندن و کۆکردنەوەی زانیاری گشتیان هەبوو لە ڕێی خوێندنەوەوە، بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی کات و هاتنە کایەی تەلەفزیۆن و ئینتەرنێتەوە، خوێندنەوە کەم بووەوە و تا گەیشتین بەم دۆخەی ئێستا، کە بەشێک لە هاوڵاتیان و گەنجان خوێندنەوە بە بێ کاری و پڕکردنەوەی کات تێدەگەن.

 

سەرقاڵکردنی هاوڵاتیان بە کێشە یەک لە دوا یەکەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، قەیرانی دارایی، ناچارکردنیان بە کارکردن و ڕاکردن بە دوای بژێویدا دابینکردنی کات بۆ خوێندنەوەی لای هاوڵاتیان کەمکردەوە، لەلایەکی دیکەوە هەبوونی سۆشیاڵ میدیا و خراپ بە کارهێنانی بە شێوازێک تەواوی گەنجانی دوورخستەوە لە خوێندن و خوێندنەوە و وایکرد بەهای خوێندنەوە لاواز بێت، بەڵام سەرەڕای ئەو هۆکارانە چەندین گەنج هەن هەوڵی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە دەدەن.

 

"دەمانەوێت بۆشایی نێوان هاوڵاتیان و کتێب پڕبکەینەوە"

دڵپاک عوسمان، مامۆستا و بەڕێوەبەری پڕۆژەی کتێب لقی سلێمانی، باس لە پڕۆژەی کتێب دەکات، ڕوونیکردەوە ئەم پڕۆژەیە لە بەرواری ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن چەند گەنجێکی خۆبەخشەوە دامەزراوە، ئەم گروپ و ڕێکخراوە بە شێوازی خۆبەخشانە کار دەکەن، لە سێ شار و شارۆچکەی کوردستان وەک کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، سۆران و چەمچەماڵ بە نزیکەیی ١٠٠ ئەندامیان هەیە، بەڵام لە شاری سلێمانی تەنها ١٠ ئەندامی فەرمیان هەیە، کاری ئەم گروپە و ئامانجیان بە کولتوورکردنی خوێندنەوەیە بۆ ئەو مەبەستەش چەندین چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، دەشڵێت: هەمیشە هەوڵمانداوە خوێندنەوە بکەین بە کولتوور، جگە لەوەش خوێنەران ئاشنا بکەیەنەوە بە کتێب.

 

بۆچوونی دامەزراندنی ئەم پڕۆژەیە لەوەوە هاتووە کە ئەم گەنجانە هەستیان بەوە کردووە بۆشایی زۆر هەیە لە بواری خوێندنەوەدا، بۆشایی کەتووەتە نێوان کتێب و خوێنەران بۆیە بە پێویستیان زانیوە بە گشتی خوێندنەوە بکەنە کولتوور بۆ کۆمەڵگە، هەروەها پەیوەندییەکی تۆکمە دروست بکەن لە نێوان کتێب و خوێنەراندا، توانیویشیانە تا ئاستێکی باش ئامانجەکەیان بپێکن بەو چالاکیانەی ئەنجامی دەدەن.

 

"لە ڕێی چالاکییەکانمانەوە هەوڵ دەدەین خوێندنەوە بکەینە کولتوور"

چالاکی گروپی خووێنەران زۆرن، وەک مامۆستا دڵپاک باسی لێوە دەکات چوارچێوەی چالاکییەکانیان دەچێتە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە، ئەویش بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز لەوانە، ڕێکخستنی چەندین کۆڕ و سیمینار، بەشداریکردن لە پێشانگای نێودەوڵەتییەکان، ناساندنی نووسەر و کتێبخانەکان بە خوێنەران، جگە لەوەش بەخشینی کتێب، دامەزراندنی پڕۆژەی خێرخوازی ئەویش بە کۆکردنەوەی چەندین کتێب و دابەشکردنەوەی لە ڕۆژی منداڵان و گەنجان بەسەر گەنجان و منداڵاندا.

 

ئەندامانی گروپەکە مانگانە پێکەوە کتێب دەخوێننەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، هەر ئەندامە و کتێبێک دەخوێنێتەوە دواتر لە شوێنێک گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، یاخود پێکەوە تەنها یەک کتێب دەخوێننەوە دواتر گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، ئەم شێوازانە وادەکەن زیاترین نووسەر و کتێب بناسن و بتوانن کتێبی جیاواز بخوێننەوە و ئاشنای نووسەری ناوچە جیاوازەکان ببن.

 

زۆرینەی ئەندامانی گروپەکە ژنن

دڵپاک عوسمان ئاماژەی بەوەدا، ئەندامانی گروپی هاوڕێیانی خوێنەر تەنها ٣ پیاویان تێدایە و بەشی زۆریان ژنن، دەڵێت: نەک تەنها ئەندامەکانی خۆمان بەڵکو بە شێوەیەکی گشتی ژنان زیاتر خولیای خوێندنەوەیان هەیە و هۆشیار بوونەتەوە لە ئێستادا، گرنگە ژن ئەو خولیایەی لا دروست ببێت بۆ ئەوەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبێت.

 

"پێویستە هەمووان بزانن خوێندەوە هۆکاری بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیە"

لە باسی گرنگی خوێندنەوەدا، دڵپاک باسی لەوەکرد، خوێندنەوە کۆمەڵگە بەرەو پێش دەبات لە ڕووی ئەدەب، ئاین، شارستانیەت و مێژوەوە، بەتایبەت ئەگەر ژنان خوێنەر بن، چونکە کاتێک ژنێک خوێنەر دەبێت کۆمەڵگە و خێزانێک خوێنەر دەبن، کاتێک ژنێک خولیای خوێندنەوەی هەیە خێزان و ماڵەکەشی پڕ دەکات لە کتێب، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی لەگەڵیدا دەژین حەزیان بۆ خوێندەوە بجوڵێت.

 

دڵپاک هەبوونی گروپی لەم شێوەیە کە کار دەکەن بۆ بە کولتوورکردنی خوێندوەی بە گرنگ زانی، لە کۆتاییدا وتی: پێویستە ئەو ئەقڵیەتە بگۆڕین کە تا ئێستاش بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان وایە خوێنەران بێ کارن بۆیە دەخوێننەوە، بەڵکو پێویستە لە گرنگی خوێندەوە و چێژەکەی تێبگەن.