"خانەی بێ باوکانی دار ڕەحمە" پەناگەی هیوا بۆ منداڵانی بێ ماڵ و حاڵە

گرنگیدان بە منداڵانی بێ باوک تەنها ئەرکێکی مرۆیی نییە، پەیامێکی هیوایە کە ڕووناکی داهاتوو لە دڵی ئەو منداڵانەدا دەگڕێنێتەوە کە ژیانیان لەگەڵ خێزانەکانیان لەدەستداوە.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- بەهۆی شەڕی سووریاوە هەزاران منداڵ خێزانەکانیان لەدەستداوە، بۆ جێگیرکردنیان چەندین ناوەندی چاودێریکردنی بێ باوکان وەک چرای هیوا دامەزراون، ڕێگاکەیان بۆ ژیانێکی باشتر ڕۆشن دەکەنەوە.

 

یەکێک لەو ناوەندانە دار ڕەحمەیە کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢١ لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراوە، هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ دابینکردنی چاودێری هەمەلایەنە بۆ ئەو منداڵانە، ماڵێکی سەلامەت و پاڵپشتیان بۆ دابین دەکات لە هەوڵێکدا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە گەورەیەی کە توشی دەبن، دار ڕەحمە لە قامیشلۆ، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زیاتر لە ٥٠ منداڵی بێ باوکی تێدایە، کە چاودێری هەمەلایەنەیان بۆ دابین دەکات، لەوانەش شوێنی حەوانەوە، پەروەردە و چاودێری تەندروستی، هەروەها هەوڵدەدات ژینگەیەکی سەلامەت و هاندەری دابین بکات کە مسۆگەری داهاتویەکی گەش و ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندیان بۆ بکات.

 

ئەو پشتگیریەی ناوەند پێشکەشی دەکات تەنها لە لایەنە داراییەکانەوە سنووردار نییە، هەروەها پەروەردە و پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، کە بەشداری کردوە لە بونیادنانی کەسایەتییان و پێدانی هیوایان بۆ داهاتویەکی گەشاوەتر.

 

"پەناگەیەکی ئارام کە ژیانێکی سەقامگیریان بۆ دابین دەکات"

ئینتیسار عەلی، کارگێڕی لە دار ەحمە بۆ چاودێری منداڵان، ڕایگەیاند کە کۆمەڵەکە مۆڵەتی هەیە و تا ئەمڕۆ چاودێری ٥٠ منداڵی شاری قامیشلۆ دەکات، کە هەندێکیان دایک یان باوک یان هەردوو دایک و باوکیان لەدەستداوە، ئەوان لە دار ڕەحمە پەناگەیەکی گەرم و خەمخۆر دەبیننەوە کە ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ دابین دەکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، بیرۆکەی دامەزراندنی دار ڕەحمە دوای ئەوە هات کە پێنج منداڵی بێ باوکمان دۆزیەوە کە خێزانێکیان نەبوو بۆ چاودێریکردنیان، پێویست بوو پەناگەیەکی سەلامەت دابین بکرێت کە ژیانێکی سەقامگیریان بۆ دابین بکات لە هەموو لایەنە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان و دەروونییەکاندا، بۆ گەیشتن بەم کارە، دار ڕەحمە ١٥ کەسی دامەزراندوە کە تایبەتمەندن لە فێرکردنی منداڵان بۆ خوێندنەوە و نووسین، پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی گشتگیر، لەوانەش خۆراکی تەندروست، جل و بەرگ و پاکوخاوێنی کەسی.

 

منداڵەکان بەسەر دوو بەشدا دابەشبوون: کچان لە ژوورێک و کوڕان لە ژوورێکی تردا، بەشی کچان سێ ژووری نوستن و ژووری گۆڕین و بەشێکی پەروەردەی لەخۆدەگرێت، هەروەها هەوڵ دەدەین بەهرەی منداڵان لە ڕێگەی چالاکی وەک وێنەکێشان و سەماکردن پەروەردە بکەین و ژیانیان پڕ بێت لە داهێنان و خۆشی، ئێمە بە کۆردینناسیۆنی بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆجێی کار دەکەین، بەڵام بەداخەوە دار ڕەحمە پشتگیری پێویست لە ڕێکخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان وەرناگرێت، هیوادارین ئەو پشتگیرییە زیاتر بێت بۆ ئەوەی بتوانین ناوەندەکە فراوانتر بکەین و پێشوازی لە منداڵانی بێ ماڵ بکەین.

 

"هەوڵەکان سەرەڕای ئاڵەنگارییەکان بەردەوامن"

سەبارەت بە ڕۆڵیان لە دار ڕەحمە ئینتیسار عەلی ئاماژەی بەوەدا: کە هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەی منداڵان بەردەوامن، منداڵان لە خوێندنگەکان تۆمار دەکرێن و خوێندنیان لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای پسپۆڕی هەردوو بەشی کچ و کوڕەوە چاودێری دەکرێت، هەروەها لە ڕێگەی ڕاوێژکارانی پسپۆڕی پاڵپشتی دەروونییان بۆ دابین دەکەین بۆ ئەوەی بەسەر ئازارەکانیاندا زاڵ بن و بە دڵێکی پڕ لە هیواوە تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببن.

 

کارەکە بێ ئاڵەنگاری نییە، وەک ئینتیسار عەلی ڕونیکردەوە، سەرەڕای ئاڵەنگاریە بەردەوامەکان، بەتایبەتی لە دەستەبەرکردنی موچە و پێداویستیە سەرەتایەکانی وەک خواردن و جلوبەرگ، ئێمە پابەندین بە هیوا و بەردەوامین لە کارکردن بە سۆزەوە بۆ داهاتویەکی باشتر بۆ ئەم منداڵانە، خۆبەڕێوبەری پاڵپشتی دارای لە شێوەی سووتەمەنی و پێداویستیە سەرەتایەکاندا پێشکەشی ئێمە کردوە، هەروەها دەسەڵاتی کاروباری کۆمەڵایەتیش پشتگیری دار ڕەحمە دەکات بە دابینکردنی هەندێک پێداویستی لۆژیسکی کە پێویستن بۆ ژیانی ڕۆژانە.

 

ئینتیسار عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە، لەسەر پێویستی یەکگرتوی کۆمەڵگەی ناوخۆی بۆ چاودێریکردنی منداڵانی قوربانی شەڕ و دەستەبەرکردنی داهاتویەکی باشتر بۆیان، داوا لە کۆمەڵگەی ناوخۆی و ڕێکخراوە مرۆیەکان دەکەین کە پاڵپشتییەکی بەردەوام پێشکەش بکەن، کە وامان لێبکات چاودێری منداڵەکان بکەین تا دەگەنە تەمەنی گەورەی و ببنە خاوەنی خۆبژێوی، هەروەها هەموو ئەو شتانەیان بۆ دابین بکەین کە پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی ژیانێکی شکۆمەندانە و سەقامگیر بژین، دار ڕەحمە تەنها شوێنێک نییە، ماڵێکی هیوایە کە خەونەکانی ئەو منداڵانە لە باوەش دەگرێت و ڕێچکەیان بۆ ئایندەیەکی جوانتر ڕووناک دەکاتەوە.