کۆچ، چارەسەر یا هەڵهاتن

ئەوانەی ڕۆشتوون هانی کەس نادەن تا یاری بەژیانیان بکەن و بە درۆی قاچاخچییەکان تێکەوون، کەسوکاری ئەوانەی خنکاون خۆیان وەک کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەبینن، کە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئازیزان یان تەرمەکانیان دەکەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کۆچکردن، دەرئەنجامی خراپی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو وڵاتەیە کە کۆچکردن تێیدا زۆرە، دەسەڵات و حکومڕانی ئەرکی خزمەتکردن و پاراستنی هاوڵاتیان لە داگیرکاری و تەنانەت لە شەڕی ناوخۆی وڵات لەسەر شانە.

 

لەم هەرێمەدا، ئاو، کارەبا، خزمەتگوزاری، مووچە و پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیانی هاوڵاتیان لە خراپترین دۆخدان، بەهۆی نەبوونی پلانەوە، ئەو ئاوەی کە هەیە بەفیڕۆ دەچێت، کارەبا بۆ هاوڵاتی دابین ناکرێت، خزمەتگوزاری شەقام و کۆڵانەکان لە خراپترین دۆخدایە، موچە بە چەند مانگ نادرێت، لەکاتێکدا ژێر ئەم خاکە هەمووی سامانی سروشتی و نەوتە کەچی هاوڵاتی لە نەبوونی سوتەمەنیدا ڕەقدەبنەوە.

 

مووچە هەر مانگێک یان درەنگ دابەش دەکرێت یان لێی دەبڕدرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ڕابردوودا بە دوو مانگ جارێک بە ناوی پاشەکەوتەوە مووچەخۆران چارەکە مووچەیان وەرگرتووە.

 

نەبوونی زامنی و ئاسایش لە شارەکاندا، حزبە سیاسییەکان لەم هەرێمە پێنج ملیۆن کەسیەدا یەکدی تاوانباردەکەن، بەرپرسەکان هێزی چەکداریان هەیە، ئەم هەرێمە کراوەتە زۆنی زەرد و سەوز، لە زۆنێک ئازادی ڕادەبڕین خەریکە دەخنکێت، لە زۆرنێکیش هێزە چەکدارەکانی بەرپرس و حزبەکان ئارامییان لە خەڵکی شارەکە هەڵگرتووە.

 

هیچ پارێزگارییەک نییە دژی داگیرکەران، ئێران و تورکیا کەوتوونەتە گیانی ناوچە سنوورییەکان، ئەمە وێڕانی تەعریبی کەرکوک لە عێراقەوە، بەردەوام هەوڵدان بۆ بڵاوەپێکردنی کوردەکان هەیە.

 

دەسەڵاتی ئێستای کوردی نەک ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی جێبەجێنەکردووە، بگرە بووەتە دەستێکی ڕەش و هەر ڕۆژە بە ناوێکی جیاوە باج و سەرانە لە هاوڵاتیان وەردەگرێت.

 

بیئومێد بوونی هاوڵاتیان لەم دەسەڵات و حکومڕانییە کوردییە هاوڵاتیانی کردووەتە چەند بەشێک، بەشێک تەنها دەیانەوێت بژین، بەشێکیش ڕێگای کۆچ هەڵدەبژێرێت، لەپێناو ئایندەی خۆی و منداڵەکانیدا ڕێگای مردن و ژیان هەڵدەبژێرن، کۆچکردن بووەتە خەونی ئەوانەی ناتوانن بڕۆن، بۆ بەشێکیش بووەتە مۆتەکە و ڕۆحی ئازیزەکانی لێبردوون، ئیجە بووەتە گۆڕستانی کوردەکان.

 

ئامارەکانی کۆچکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٥دا ١٨٦ هەزار و ٤٢٢ کەس وڵاتیان جێهێشتووە، ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٧ کەس بێسەروشوێنە، لە ساڵی ٢٠١٦دا ١٦٠ هەزار ٧١٧ کەس ڕۆشتوون، ٧٨ کەس گیانیان لەدەست داوە، ٥٤ کەس بێسەروشوێنن.

لە ٢٠١٧دا ٩٢ هەزار و ٦٩١ کەس ڕۆشتوون، ٢٩ کەس گیانیان لەدەست داوە، ٦٧ کەس بێسەروشوێنن، لە ٢٠١٨دا ٦٩هەزار و ٢٠٣ کەس ڕۆشتوون، ٥٤ کەس گیانیان لەدەست داوە، ١٨ کەس بێ سەروشوێنن.

 

لە ٢٠١٩دا ٥٣ هەزار و ٢٤٠ کەس ڕۆشتوون، ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٠ کەس بێ سەروشوێنن، لە ٢٠٢٠دا ٣٤ هەزار کەس ڕۆشتوون ١٨ کەس گیانی لەدەستداوە، ١٧ کەس بێسەروشوێنن، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥٣ هەزار کەس ڕۆشتوون، ٣٦ کەس گیانی لەدەستداوە، ١٧ کەسیش  بێسەروشوێنن.

 

کۆی گشتی لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا ٦٤٩ و ٢٧٣ کەس ڕۆشتوون، ئامارەکان پێمان دەڵێن لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێژەی کۆچکردن کەمی کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ کۆچکردن بە ڕێژەی٪٥٥.٨ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ زیادی کردووە، گیانلەدەستدانیش دووهێندە زیادیکردووە، ئەمەش سەختی ڕێگای کۆچکردن نیشاندەدات.

 

سەختی ڕێگای کۆچکردن

بۆ کۆچکردن لە هەرێمەوە هاوڵاتیان ڕێگای ئاوی دەریای ئیجە هەڵدەبژێرن یاخود لە ڕێگا وشکانی بیلاڕوسیاوە دەڕۆن، ئێستا لە بیلاڕوسیاوە پۆڵەندا ڕێگا بە تێپەڕبوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا نادات، ڕێگای ئیجەش چەندین کاژمێر مانەوەیە لە ئاودا، کە زۆرینەی جار یەخت و بەلەمەکان بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەر و شەپۆلی بەهێزی دەریا ناگرن، بەهۆیەوە سەدان کۆچبەر ئیجە بووەتە گۆڕیان.

 

ئاماری قوربانیانی ڕێگای کۆچ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا

لە ڕێگای کۆچکردندا لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ٢٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٩٠ کەس بێسەروشوێنن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی جار هەفتانە هەواڵی نقومبوونی یەختێک بڵاودەبێتەوە، کە کوردی تێدابووە.

 

لە شەوی ٢١ بۆ ٢٢ مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بەلەمێک بە ٧٠ سەرنشینەوە کە زۆرینەیان کورد بوون لە دەریای ئیجە نقوم بوو، تەنها ١٢ کەسیان ڕزگارکراون.

 

لە شەوی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ یەختێکی دیکە لە دەریای ئیجە لە سنوری یۆنان بە ٩٠ کۆچبەرەوە بەر دورگەیەکی بەردەڵان دەکەوێت، ١١ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.

 

لە شەوی ٢٤ مانگدا تەختێکی دیکە بە ٨٠ کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوتووە، ١٦ تەرم دۆزراونەتەوە، کەسیان کورد نین، لە شەوی ٢٩ مانگیشدا یەختێکی دیکە ژێر ئاو کەوتووە، بەو هۆیەوە دوو کۆچبەر خنکاون.

 

بۆچی کۆچ دەکەن؟

کۆچکردن دەرئەنجامی خراپی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابورییە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان کۆچکردن هەڵدەبژێرن، بەڵام وەک دەڵێن نالەباری دۆخی هەرێمی کوردستان ناچاری کردوون بە دوای ژیانێکی جێگیر و داهاتوویەک بۆ منداڵەکانیان بگەڕێن، بەڵام قاچاخچی چەندین "درۆی شاخداری" بۆ کردوون.

 

لانە عومەر تەمەنی ٣٣ ساڵە، لە کامپێکی وڵاتی یۆنانە، نزیکی نیو کاتژمێر لە ئەسیناوە دوورە، لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە،  لە ٢٢ مانگی ڕابردوودا لە سەر یەختێک لە کەنارەوەکانی دەریای ئیجە لە تورکیا لە کاتژمێر دووی شەو بەڕێکەوتوون، دوای دوو ڕۆژ و شەوێک گەیشتوونەتە دورگەیەک، دواتر هێندراون بۆ کامپەکە.

 

لانە پێشتر لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەر بووە، لەگەڵ دوو منداڵەکەی و هاوژینەکەی ڕێگای کۆچکردنیان هەڵبژاردووە، لەبارەی هۆکاری کۆچکردنیانەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، نالەباری دۆخی هەرێمی کوردستان، نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون وایکردووە، بێ هیواببن و بەدوای ژیانێکی جێگر بۆ خۆیان و داهاتوویەک بۆ منداڵەکانیان بگەڕێن.

 

ئەو ئامۆژگاری هیچ کەس ناکات تا ڕێگای کۆچکردن هەڵبژێرێت، باس لە کاتی ڕۆشتنیان دەکات، کە قاچاخچییەکە چەندین بەڵێنی پێداون بەڵام بەو جۆرە نەبووە، هەروەها زیاتر لە ١٠٥ کەس خراونەتە ناو یەختێکی ١٤ مەتری و هیچ بوارێکی جوڵە نەبووە، هەناسەدانیان سەخت بووە، کاپتنی شارەزایان لەگەڵ نەبووە، "درۆی قاچاخچی لەوێ بوەستێت کە چەندین درۆی شاخداری بە ئێمە وت، دەنا بەڕاستی یاریکردنە بە ژیانی خۆت و ڕۆشنتە بەرەو مەرگ".

 

"ئێمە خۆمان زووتر سەر یەختەکە کەوتنین، بەڵام وەکو باسی دەکەن ئەوانەی لە ئاخیردا سەرکەوتن، بە شەق و پێلەقە سەریان خستوون دەڵێن بڕۆن جێگای خۆتان بکەنەوە، گەڕانەوە نییە، چونکە ئەو شوێنەی سەردەکەون مەترسیدارە، ناچاردەبیت هەر سەربکەویت، هیچ ڕێگا چارەیەکی دیکەت نییە".

 

ئەوان ئێستا ماوەی ١٠ ڕۆژ دەبێت کە کامپێکن کە نیو کاتژمێر لە ئەسیناوە دوورە، کامپەکەیان زۆر کۆن و پیسە، "بە سەلامەتی هاتین، بەڵام پێم وانییە بە تەندروستییەوە لێی دەربچین"، هەروەها بەشێکی ئەو کەسانەی لە کامپەکەن پێداویستی گەرمکەرەوەیان لا نییە و ژیانیان سەختە.

هێشتا ئەو وڵاتەیان دیارینەکردووە کە بۆی دەچن، بەڵام دەیانەوێت بچنە شوێنێک کە ژیانی خۆیان جێگیرببێت و داهاتوویەک بۆ منداڵەکانیان هەبێت، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە جارێ پلانیان نییە کە کامپەکە بەجێبهێڵن.

 

تریفە ئیبراهیم لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینەکەیدا لە شەوی ٢٠ بۆ ٢١ی تشرینی دووەم سەر یەختێک دەکەون بەرەو یۆنان، پێشتر بە خێزانەکانیان وتووە دەچن بۆ گەشت، بەڵام خێزانەکانیان لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەواڵی مەرگیان دەبیستن، دەشڵێن "کۆچکرن هیچ کات ڕێگاچارە نییە".

 

تریفە ژنی ماڵە، منداڵەکانی لاوی پێنج ساڵان و لیندای چوار ساڵانە، لەگەڵ هاوژینەکەیدا پورزای یەکترن، ماڵیان لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی بوو، بنەماڵەکەی لە سەیدسادقە، ماوەی زیاتر لە مانگێک لە تورکیا بوون، هیچ کەسیان لەوە ئاگادار نەکردووە کە دەیانەوێت کۆچبکەن.

 

سۆزان ئیبراهیم، خوشكی تریفە دەڵێت: "کە زانیمان وایان لێهاتووە ئەو کاتەبوو لە تەلەفزیۆن بڵاوەوە، ئێمە هەر باوەڕمان نەدەکرد، چونکە ئێمە چاوەڕێمان نەدەکرد خوشکەکەمان بچێت بۆ ئەوێ، دوای یەک دوو ڕۆژ ئێمە هەر چاوەڕێمان دەکردن، خوشکەکەم شەبەکەی نەبوو، دوای ئەوە هەواڵمان بۆ هات ئەو یەختەی کە نقومبووە، خوشکەکەی من و دوو مناڵەکە و زاواکەشمانی تێدا بووە".

 

 

وەک کەسوکاری ئەنفالەکانین

ئەو دەڵێت کە کۆچکردن هیچ کات ڕێگا چارە نییە، لە کاتی گەشتەکەشیدا بەردەوام بە خوشکەکەیان وتووە مەچنە لای ئاو و زوو بگەڕێنەوە، بەڵام خەڵکیش لە حکومەت بێ ئومێد بووە "قەت کۆچکردن شتێکی باش نییە، بەخوا بۆ خێزان لەم کاتەی ئەوانیشدا بەم سارد و سەرمایە هەر بەکەڵکی گەشت نایەت".

 

سۆزان دەڵێت ئێستا ئیتر دەبێت هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی خوشک و منداڵەکانیان بدەن، داوا دەکات هەر چۆنێک بێت تەرمەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، "وەک کەسوکاری ئەنفالەکانمان لێهاتووە، چی مردوو زیندوو بگەڕێتەوە دەپرسین ئەڵێن بزانین منداڵەکانی ئێمەی تێدا نییە".

 

ت.پ