کاروانی پێنجەم بە ٣٨٢ خێزانەوە بەرەو گوندەکانی سەرێکانی بەڕێکەوتن

دوای حەو ساڵ کۆچبەریی، ئەو ژنانەی گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان، دڵخۆشیی خۆیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە دەیانەوێت ئاسایش بۆ ئەوان و منداڵەکانیان دابین بکرێت.

حەسەکە 

 

ئەمڕۆ کاروانی پێنجەم، کە لە ٣٨٢ خێزانی کۆچبەری سەرێکانی پێکدێت، بەرەو گوندەکانی سەر بە سەرێکانی ڕۆیشت، ئەم کاروانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ زێدی خۆیاندا دێت. دوای ساڵانێکی درێژی کۆچبەریی، خەڵک دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. ئەو ژنانەی دەگەڕێنەوە، دەڵێن سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ماڵەکانیان وێران کراون، ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی خەونێکە کە ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی بوون.

 

کار بۆ بەتاڵکردنەوەی ناوەندی شارەکە دەکرێت

زەهرا سەمو، ئەندامی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، جەختی کردەوە کە هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی پارێزراوی کۆچبەران بەردەوامە. زەهرا سەمو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کار بۆ بەتاڵکردنەوەی ناوەندی شارەکە دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی شارەکە خۆش بکرێت. ئەو ڕوونی کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە هەموو کۆچبەرێک بگەڕێتەوە ماڵ و شارەکەی خۆی و کۆتایی بە ئازاری  کۆچبەریی بهێندرێت کە ساڵانێکی زۆری خایاندووە.

 

گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان دوای ساڵانێک چاوەڕوانی

 مەریەم عەلی دڵخۆشیی خۆی بەهۆی گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ماڵەکەیان ماوەی حەوت ساڵە لە ژێر ئازار و سەختییەکانی کۆچبەرییدا دەژین و بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەت خەباتیان کردووە.

 

مەریەم عەلی ڕوونی کردەوە کە ئەمڕۆ بەهۆی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان زۆر دڵخۆشن. جەختی کردەوە کە داواکاریی سەرەکییان دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەوان و منداڵەکانیانە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارامی لەسەر خاکی خۆیان بژین. مەریەم عەلی هیوا و چاوەڕوانییەکانی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: هیوامان ئەوەیە هەموو کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان کۆچبەریی کۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی هەر کۆچبەرێک بتوانێت بگەڕێتەوە شار یان گوندی خۆی و ژیانی خۆی لە نوێوە بنیاد بنێتەوە.

 

ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بووم

 شێخە ئیسماعیل گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی ناوبرد و گوتی ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بووە. شێخە ئیسماعیل ڕایگەیاند کە ماڵەکەی وێران کراوە و ناچار دەبێت لەسەر خاکی خۆی چادرێک هەڵبدات. بەڵام جەختی کردەوە کە گرنگترین شت گەڕانەوەیانە بۆ زێدی خۆیان و داوای کرد گەڕانەوەکەیان بە سەلامەتی بێت.

 

خێزانەکان هیواخوازن گەڕانەوەکەیان ببێتە دەستپێکی ژیانێکی نوێ لەسەر خاکی خۆیان و مەرجەکانی ئاسایش بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەت و ئارام بۆ هەموو کۆچبەرەکان دابین بکرێت. لە کۆی ١٤ هەزار خێزانی کۆچبەر، تا ئێستا دوو هەزار خێزان گەڕاونەتەوە گوند و ماڵەکانیان.