کامپەکان بۆ ژنانی ئێزدی وەک زیندان وایە و هەناسەی لێبڕیون

ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە کامپی پەنابەرانی ئێزدییەکاندا لە باشوری کوردستان ڕوو لە زیادبوونە. ڕەفا حسێن، چالاکوانی مافی مرۆڤ، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات بە جدییەوە لەگەڵ دۆخەکەدا هەڵسوکەوت بکەن.

 

غوفران ئەلڕازی

بەغدا- کاتێک داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی ئێزدی ئەنجامدا، بە سەدان ژن و منداڵ ڕفێندران و ژنانی ئێزدی لە بازاڕەکانی کۆیلەدا فرۆشران، ڕەفا حسێن، چالاکوان، کە خۆی ئێزدییە و خەڵکی ناوچەی بەعشیقەی نزیک موسڵە، لەوکاتەدا لەگەڵ خێزانەکەی لە دەستی چەتەکانی داعش هەڵهاتوون، ڕەفا دوای ئازادکردنی شەنگال لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٥دا لەگەڵ ڕێکخراوێکی مرۆیی و ئەرکی دابینکردنی هاوکاری بۆ ژنانی ئێزدی لە ئەستۆ گرتووە، بەشداری چەندین کۆنفرانسی لە بەغدای پایتەختی عێراق و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی باشتر دەنگی ژنانی ئێزدی بگەیەنێت و ڕاستی ئازاری ژنانی ئێزدی دەربخەن، هەوڵیش دەدات کۆمەڵگەی عێراق و جیهان لە چارەسەرکردنی قەیرانی کامپەکاندا خێراتر هەنگاوبنێن.

 

ڕەفا حسێن، پەیوەندی بە ژنانی ئێزدیەوە دەکات و گوێ لە چیرۆکە پڕ لە ئێش و ئازارەکانیان دەگرێت، لەبارەی دۆخیان لە کامپەکاندا دەڵێت: دۆخی ژنانی ئێزدی لە کامپەکان زۆر قورسە و پێویستییەکی بنەڕەتی ژیان لە کامپەکاندا نییە.

 

سێڤێ نموونەی ئازاری ژنانە

ڕەفا باسی لە ژنێکی ئێزدی کرد بە ناوی سێڤێ، کە بە پەرجویەک لە دەستی داعش هەڵهاتووە و وتی: سێڤێ بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕی دوای ئەو هەموو بارودۆخە سەختەی لەگەڵ منداڵەکانیدا ڕووبەڕووی بووەوە، کاتێک خۆی و منداڵەکانی لە دەستی داعشدا بوون، هەموو جۆرە ئەشکەنجە و زوڵمێکی زۆری لێ کرابوو، بەڵام هەوڵی پاراستنی منداڵەکانیدا.

 

سێڤێ داعش لە عێراقەوە بۆ سوریای گواستەوە، دواتر لەلایەن خێزانەکەیەوە کڕدرا و گەڕێندرایەوە بۆ عێراق، سێڤێ و ژنانی دیکەی ئێزدی کامپەکان وەک زیندانێکی گەورە دەبینن و بە مردنێکی بێدەنگ و لەسەرخۆ بۆ داهاتووی منداڵەکانیانی دادەنێن.

 

دۆخی دەروونیان هۆکارە بۆ خۆکوشتنیان

ڕەفا ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ١٠ ژنی گەنجی ئێزدی بەهۆی ئەو دۆخە دەروونییەی لە کامپەکاندا دروست بووە خۆیان کوشتووە، وتیشی: ژنانی ئێزدیی دانیشتووی کامپەکان وەک ئەوەیە لە زینداندا بن و بارودۆخیان هەناسەیان لێبڕیون، بۆ ئەوەشە کە پەنا بۆ مردن دەبەن، پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری ژنانی ئێزدیی دانیشتووی کامپەکانی باشوری کوردستان بکەن، ئاسانکاریی بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و ناوچەکانیان، هەروەها بایەخ بە لایەنی ئابوریان بدەن، گرنگی بە دۆخی دەروونی ژنان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی تیرۆری داعش بدەن.

 

"خێزانەکەم منیان ڕەتکردەوە"

ژنێکی گەنجی ئێزدی تەمەن ٣٢ ساڵ بەناوی ش.ن.، دانیشتووی کامپی شاریا لە پارێزگای دهۆک، کە لەلایەن پیاوێکی خەڵکی گوندەکەیان بە دیل گیرابوو، بە ژنهای ڕاگەیاند: دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم، منی فرۆشت بە پیاوێکی دیکە، کاتێک ئەویش دەستدرێژی کردەسەرم، خستمیە ژوورێکەوە و هاوڕێکەشی بە زۆرەملێ دەستدرێژی سێکسی دەکردە سەرم،  دواتریش فرۆشرامەوە بە پیاوێکی دیکە و بردمی بۆ بەغدا بە ئامانجی بەکارهێنانی من بۆ کاری لەشفرۆشی، پاشان لەدەستیان ڕامکرد و گەڕامەوە بۆ لای خێزانەکەم کە زانیم لە کامپدان، بەڵام قبوڵیان نەکردم و ڕێگەیان نەدا لەگەڵیاندا بژیم، وەک ئەوەی تاوانبار بم، هەرچەندە قوربانیش بووم، هەروەها زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەوەی خێزانەکانیان قبوڵیان نەکردوون، خۆیان کوشتووە.

 

ش.ن ڕایگەیاند: "پێویستە ژیانێکی نوێ دەستپێبکەین بە ئامانجی جیاوازەوە، ئەمە پێویستی  بە هەوڵی گەورەی ڕێکخراوەکان و حکومەتەکان هەیە" لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو ژنێکی ئێزدی کرد، کە دوای ئەو زەحمەتییانە بەهێز بن و ژیانی خۆیان سەرلەنوێ دروست بکەنەوە.

 

لە هەرێمی کوردستان ٢٧ کامپی ئاوارەکان هەیە، کە ٧٣٧ هەزار و ٣٦٥  کۆچبەری تێدا دەژین، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەشێکی زۆریان لەو پارێزگایانەی هێرشی داعشی کرایەسەر هاتوونەتە کامپەکان، سەرەڕای ئازادکردنی شارەکانیان لە ساڵی ٢٠١٧دا، هێشتا بەشێکیان بەهۆی وێرانبوونی ماڵ و حاڵیان و ناسەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکانیاندایە، لە کامپەکاندا ماونەتەوە.

 

ت.پ