گیا بەهارییەکان، سەرچاوەیەکی چارەسەری نەخۆشییەکانن

نەخۆشییەکان زۆرن بەرۆکی مرۆڤ دەگرن، بەڵام وەرزی بەهار و وەرزی گیای سروشتی بووە بە هۆکار بۆ چارەسەری بەشێک لەو نەخۆشیانە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-لەگەڵ هاتنی بەهار لە زۆربەی ناوچە کوێستانی و شاخاوییەکانی کوردستان جۆرەها گژوگیای خۆراکیی خۆڕسک دەڕوێت، کە لە ڕووی خۆراکی و دەرمانیشەوە سودێکی زۆریان هەیە، هاوڵاتیانی کوردستانیش بە تایبەتی گوندنشینەکان لەگەڵ کۆتای هاتن بە وەرزی زستان و هاتنی بەهاردا ڕوو لە چیا و گردەکان دەکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئەو گیا بەهاریانە و دواتر لە بازارەکاندا دەیفرۆش.

 

بە شێوەیەکی باش هەلی کار بۆ چەندین کەس دەڕەخسێنێت و خەڵکیش خواستێکی زۆری لەسەر ئەو گیا بەهارییانە هەیە، چونکە لە ڕووی تەندروستییەوە سودێکی زۆریان هەیە و لە هەمان کاتیشدا خاوەن تام و چێژێکی تایبەتن، لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان زیاتر لە ٢٠ جۆر لە گژوگیا بەهارییەکان دەڕوێت وەک، کنگر، لووشە، گۆڵمزە، ڕێواس، تۆڵەکە، کوزەڵە، پەڵپینە، بەیبوون و پونگەڵە.

 

سودی بەشێک لە گیا بەهارییەکان؛

کنگر، گیایەکی بەهارییە و بایەخێکی زۆری پێدەدرێت لەلایەن دانیشتوانی هەرێمی کوردستانەوە و بە چەندین شێوە ئامادە دەکرێت و دەخورێت، بەشێک لە سودەکانی کنگر ئەوەیە، ئارەزووی خواردن زیاد دەکات، دڵ بەهێز دەکات، ڕێگری دەکات لە توشبوون بە شێرپەنجە، بۆ ئەو کەسانە بەسودە کە نەخۆشی شەکرەیان لەگەڵدایە.

 

لووشە، گیایەکی کوێستانییە و لە بەهاردا دەڕوێت، تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، ڕیشکەکەی سوورە و زیاتر بۆ دۆخەوا بەکاردێت، لەبەر ئەوەی بە کەمی دەست دەکەوێت نرخەکەشی گرانە.

 

ڕێواس، چەندین ناوی هەیە وەک، تۆڵەترش، ڕیس، ڕمێز، گیایەکی بەهاری سروشتی خۆڕسکە، لە سەرەتای بەهار تا هاوین لە ناوچە کوێستانییەکان و لەسەر بەرزی چیاکان و بەتایبەت شوێنە بەفراوییەکاندا هەیە، بەرزیەکەی تاکو یەک مەتر دەڕوات، گەڵایەکی پانی هەیە و لە ناوەڕستی گەڵاکاندا نێرکێکی هەیە، لە سەرەکەیەوە گوڵێکی سەوزی مەیلەو زەرد و سوور دەکات و تامێکی ترشی هەیە، چەندین سودی هەیە وەک، پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە، بۆ نەخۆشیەکانی جگەر بەسودە، سەرچاوەیەکی باشی کالسیۆمە بۆ جەستە، زۆر جار وەکو دەرمانی کوردەواری بەکاردێت.

 

کوزەڵە، یەکێکی ترە لە گیا بەهاریەکان کە لە ناو ئاودا دەڕوێت و ڕیشکێکی سپی وردی هەیە، بڕێکی باش لە ڤیتامینەکانی تێدایە، بە چارەسەرێکی باش دادەنرێت بۆ کەم خوێنی، بۆ نەخۆشی سییەکان و چارەسەری پێست بەکاردێت.

 

تۆڵەکە، ئەمەش گیایەکی بەهارییە بە چەن جۆرێک ئامادە دەکرێت بۆ خواردن و خەڵکی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕایان لەسەرە، چونکە هەم خواردنێکی بەتامە و لە هەمان کاتیشدا چەند سودێکی هەیە وەک، چارەسکردنی هەوکردنی گورچیلە، بۆ زیادکردنی شیری دایک، بۆ پاک کردنەوەی برین و هەوکردن بەکاردێت.

 

بەیبوون، یەکێکە لە گوڵە بەهارییەکان، وەک چا ئامادە دەکرێت و دەخورێتەوە بۆ چەندین نەخۆشی وەکو هەڵامەت، وەک ئازار شکێن بەکاردێت و بۆ کێشەکانی پێست و جوانکاریش سودی هەیە، بۆ بەهێزبوونی قژ بەسودە، دژە هەوکردنە و بەرگری لەش بەهێز دەکات.

 

پونگەڵە، گیایەکی بەهاری بۆندارە، زۆر جار وشک دەکرێتەوە بۆ زستان، لەبەر خۆشی بۆنەکەی وەک گوڵاو بەکاردێت، جگە لەوەی سودی زۆری هەیە بۆ جەستە وەک چارەسەرکردنی لەرز و تا، بۆ هێمن بوونەوەی مێشک باشە.

 

پەڵپینە، یەکێکە لەو گیایانەی لە کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دەڕوێت لە وەرزی بەهار و زستاندا و  خواردنێکی بەتامی کوردەوارییە، سودی هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش، لەبەر ئەوەی ترشی ئۆمێگا ٣ی تێدایە چەوری لەش بە شێوەیەکی بەرچاو دەتوێنێتەوە، چاو بەهێز دەکات و چارەسەری بەردی گورچیلە دەکات.