میهرەبان عەلی: ژنانی زیندانی سیاسی دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن

میهرەبان عەلی کە خۆی زیندانی سیاسییە، بەشداری کۆنفرانسی ژنانی زیندانی لە ئامەدی باکووری کوردستان کردووە و ئاماژەی بەوەدا، ژنانی زیندانی هێز لە دایکانی لەچک سپییەوە وەردەگرن و دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئە لە ئامەدی باکووری کوردستان بە بەشداری نوێنەرایەتی وڵاتان، کۆنفرانسێکیان لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی کانوونی دووەم بە دروشمی "زنجیری بێدەنگی: شکاندنی دیوارەکانی دەوری مافە سیاسییەکانی ژنان" بەڕێوە برد و ژنان لە چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان کرد.

 

لە بەشێکی کۆنفرانسەکەدا پێشەنگای وێنەی زیندانییەکان کرایەوە و ئەو ژنانەی زیندانی سیاسین لە پانێڵەکاندا ئەزموونی خۆیان لە زیندان و شێوازەکانی ئەشکەنجە و بەرخۆدانی ژنانیان باسکرد، جەختیان لەوە کردەوە کە دایکانی لەچک سپی لە چوار پارچەی کوردستان و ئیرادەیان پاڵنەری بەرخۆدانی ژنانە لە زیندانەکانەوە.

 

لە باشووری کوردستانەوە میهرەبان عەلی، زیندانی سیاسی بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد و لە دیمانەیەکدا باسی لە بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا کرد و گرنگی کۆنفرانسەکە و ڕۆڵی ژنانی زیندانی لە بەرخۆدانیدا خستەڕوو.

 

میهرەبان عەلی کێیە؟

میهرەبان عەلی، خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێیە لە هەرێمی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨دا بەشداری لە ڕێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کردووە و کاری ڕێکخستنی سیاسی و ژنانی کردووە، لە ساڵی ١٩٨٩ کاتێک ڕاگواستنەکانی ڕژێمی بەعس دەستیپێکردووە، بەرەو ناوچەی بازیان ڕاگوێزراون، لەو کاتەدا یەکەم ساڵی پەیمانگای بووە و بەهۆی نەمانی حزبەکانی باشووری کوردستان، بەشداری لە ڕەوتە چەپە کۆمۆنیستییەکان کردووە و سەرەڕای توندڕەوی حزبی بەعس، بووەتە ئەندامی دەستەی پێشڕەوانی پڕۆتاریا.

 

میهرەبان بەهۆی بەکرێگیراوێکی ڕژێمی بەعس ناو دەستەکەیان، ناویان دەدرێت بە ڕژێمی بەعس و میهرەبان دەبێتە یەکێک لەو کەسانەی کە دەخرێتە زیندان، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ڕزگار دەکرێن و لەو کاتەوە تا ئێستا وەک چالاکوان بەشدارە لە چالاکی و کاری بواری ژناندا.

 

"فاشیزم هەمیشە دەست بۆ ژنان دەبات"

میهرەبان عەلی بەشداری لە کۆنفرانسی ژنانی زیندانی لە ئامەدی باکووری کوردستان کردووە، باسی لەوەکرد، کە ژنانی زیندانی لە چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی دیکەوە بەشدارییان کردووە و لە گفتوگۆکاندا ئەوە دەرکەوت کە فاشیزم هەمیشە دەست بۆ ژنان دەبات، وتیشی: فاشیزم ژنان بە ئامانج دەکات، بەو پێیەی ژنان لە کۆمەڵگەدا پێگەیان هەیە، بۆیە ژنان دەستگیر دەکەن و لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە بە تایبەت کار لەسەر ژنان دەکەن، تا کۆمەڵگە دەستەمۆ بکەن، ئەو ژنانەی لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون زۆربەیان لەلایەن دەوڵەتەکەیانەوە زیندانی کرابوون، دەوڵەتان ژنان دەستگیر دەکەن وەک شکاندنی ئەو نەتەوەیە و پەرچەم شکاندنی ژنان و ئەو کەسانەی بەشداری سیاسەت دەکەن، تا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەو کەسە بشکێنن بە زیندانی کرد، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنانی کورد هیچ کاتێک بە زیندانی نەتراوە بشکێنرێن، من وەکو خۆم شانازی دەکەن بە خێزانەکەمەوە، هەرچەندە زۆر لەسەریان کەوت کە کچێکم زیندانی کراون، بەڵام ئەوان هەمیشە پشتیوانی من بوون وەک زیندانییەکی سیاسی.

 

دایکانی لەچک سپی بەشداری کۆنفرانسەکە بوون

دایکانی لەچک سپی، ئەو دایکانەن کە بە درێژایی مێژووی کورد ڕۆڵ و پێگەیان هەبووە، پشتیوانی ڕۆڵەکانیان بوون و بۆ چارەنووس و دۆزی ڕەوای گەلەکەیان لە پێشەوەی سەنگەری بەرخۆدانیدا بوون، لە کۆنفرانسی ژنانی زیندانی بە دروشمی "زنجیری بێدەنگی: شکاندنی دیوارەکانی دەوری مافە سیاسییەکانی ژنان" بەشداربوون و وەک میهرەبان باسی دەکات، "هەتا ئێستاش کە حکومەتی فاشیستی ئەردۆغان، کە چەندە بەربەستە لەبەردەم تێکۆشانی کورددا، دایکانی لەچک سپی وازناهێنن و ڕۆژانی شەممان دەچنە مەیدان و کۆدەبنەوە بۆ ڕۆڵەکانیان کە ڕێگەیان پێنادرێت کاری سیاسی بکەن".

 

ئەو زیندانییە سیاسییە باسی لە ئەشکەنجە کرد، و وتی: فاشیزم لە هەر جێیەک بێت، هاوتایە، بەتایبەت لە بەرامبەردا ژناندا، بۆ شکاندنی سایکۆلۆژیای گەل دەست بۆ ژنان دەبات، چونکە پێیان وایە ئەگەر ژنان دەستگیر بکات ئیدی تێکۆشان ناکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ژن دەبێت زیاتر لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بە تایبەت لە بیرکردنەوە و هۆشی ئازاددا دەبێت بەرجەستەی فکری ئازاد بکرێت.

 

لە کۆتاییدا میهرەبان عەلی پەیامی بۆ ژنانی زیندانی نارد و وتی: هەرچییەکتان کردووە دانەبڕین لەو فکر و هۆشیارییەی هەیانە، کار بکەن لەسەر هزری ئازاد و ژنی ئازاد، بیر لەوە بکرێتەوە کە پەروەردەی خۆی بکات و بە زیندانی نەشکێت، نابێت لە ئاستی گوشارەکاندا دانەوێت.