"ئێمە کۆبانێ بە ڕۆح و گیان دەپارێزین"

ژنانی کۆبانێ تووڕەیی و کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی و وتیان: "ئێمە باوەڕمان بە سەرکەوتنمان هەیە، بەتایبەتی وەک ژنان، ئێمە دەستکەوتەکانمان و وڵاتەکەمان دەپارێزین و پێشەنگایەتیی سەرکەوتن دەکەین".

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دوای ماوەیەکی زۆر لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی نوێ بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شەوی ١٩ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و تانک و تۆپەوە هێرشی ئەنجامدا و سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکان، دانیشتوانی هەرێمەکە لە ماڵ و حاڵی خۆیاندان و پارێزگاری لە خاکی خۆیان دەکەن.

 

زەینەب زێدان، کە ماڵەکەی لە نزیک گردی مشتەنورە و بە بەردەوامی لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانەوە بۆردوومان کراوە، وتی: دەوڵەتی تورک دوژمنێکی ستەمکارە و ڕاستیەکەی دەزانین، بۆیە ئێمە ئەم زستانە ماڵ و حاڵی خۆمان جێناهێڵین، مردن یەکجار دێت و با ئەمجارە لە خاکەکەمان بێت، من چوار منداڵم هەیە، ئایا من منداڵەکانم بەتەنیا جێدێڵم بۆ ئەوەی دژی ئەم داگیرکەرانە شەڕ بکەن؟ ئەگەر منداڵەکانیشم نەبن ماڵ و خاک و وڵاتەکەم جێناهێڵم و پشتمان بەهێزە، هەزاران شەڕڤان و هێزمان هەیە کە دەتوانن گیانی خۆیان بۆ ئێمە بکەنە قوربانی، ئێمە لە مردن گەورەترین، با ئەردۆغان بێ فڕۆکەی جەنگی هێرش بکات، ئەو دەزانێت کە ناتوانێت دژی ئێمە شەڕ بکات بۆیە لەو هێرشانەدا شێوازی پیس بەکاردێنێت.

 

"ئێمە خاکەکەمان دەپارێزین"

ڕابیعە حسێن، تیشکی خستە سەر ئەو بیانووانەی کە دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا بەکاریان دەهێنێت و وتی: ئێمە ناپرسین تورکەکان چییان لێمان دەوێت، چونکە دەزانین دەیانەوێت وڵاتەکەمان داگیربکەن و قڕمان بکەن، دەبینین دەوڵەتی تورکیا بەتایبەتی هەڕەشە لە کۆبانێ دەکات و ئەردۆغان سەدان چەتەی ڕەوانەی کۆبانێ کرد بۆ داگیرکردنی ئەو شارە، بەڵام نەیانتوانی، بۆیە ئێستا لەگەڵ سوپاکەی خۆی هێرش دەکات، ئێمە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە هۆشیارین، ئێمە بە خاکەکەمانەوە گرێدراوین، ئەم خاکە بە خوێنی سەدان کچ و کوڕمان ڕزگارکراوە بۆیە هەرگیز کۆڵ نادەین، ئەردۆغان دەڵێت تیرۆریستەکان دەکاتە ئامانج، ئەو کەسانە کێن؟ ئەوان ڕۆڵەکانمان و شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و قەسەدەن کە گەل و وڵاتەکانیان دەپارێزن، ئەردۆغان تیرۆریستێکی گەورەیە ئەمڕۆ بە پاساوی جۆراوجۆر بۆردومانمان دەکات، ئێمە لە بەرخۆدانی خۆماندا بەردەوامین و بە ڕۆح و گیان ئەم خاکە دەپارێزین.

 

"ئێمە پیشەنگایەتی سەرکەوتن دەکەین"

ئەڤین بەرەواد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئەوان وەک ژنان دەسکەوتەکانیان دەپارێزن و وتی: ئێمە وەک ژنانی کۆبانێ سڵاو لە بەرخۆدانی شەڕڤانان و گەلەکەمان دەکەین، کاردانەوەکانی ئێمە بۆ هێرشەکان ڕوونە و لە ئێستاوە هیچ هەنگاوێک ناگرینەبەر، بۆشاییەک لەنێوان دەوڵەتی تورک و شکستدا هەیە، بۆیە دەیەوێت بەم هێرشانە خۆی بەهێز بکات، هەڵوێستی ئێمەی ژنان جیاوازە و هەرگیز قبوڵ ناکەین کە هیچ کەسێک دەست بەسەر دەستکەوتەکانماندا بگرێت، ئێمە پێشەنگایەتی شۆڕشمان کرد و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەمان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا بینی و بووینە هیوای سەرکەوتن و ئازادی بۆ هەموو ژنان و گەلانی جیهان، ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە بوون و نەبوونە و ئێمە بەپێی ئەم گرنگییە هەڵسوکەوت دەکەین، وەک خەڵکی کۆبانێ لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا خۆڕاگری دەکەین و هەرگیز دەستبەرداری خاکەکەمان نابین، چارەنووسی دەوڵەتی تورک وەک داعش دەبێت.