"ئەگەر بێدەنگ بیت یان نا، باجی هەر وشەیەک مردنە"

خەدیجە نەزیر کە لە بنەڕەتدا تورکمانە، لە بەشی یەکەمی کامپی هۆل تایبەت بە خێزانە عێراقییەکان لەگەڵ سێ منداڵ و هاوژینەکەیدا دەژی، ئاماژە بەو تاوانانە دەکات کە لایەن داعشەوە ئەنجام دراون.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە - ڕۆژی ٢٥ی ئاب هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان بە هاوکاری یەپەژە و قەسەدە لەناو کامپی هۆل دژی شانەکانی داعش دەستپێکرد و لە ڕۆژی پێنجەمدا بەردەوامە.

 

دوێنێ، ١٢ کەس دەستگیرکران کە پێنجیان داعشن، ٣٧ چادر کە لەلایەن داعشەوە بۆ پەروەردە بەکار دەهێنرێن وەک دادگا و شوێنی ئەشکەنجە ئاشکرا کران و لەناوبران.

 

"دەیانکوژن و فڕێیان دەدەنە ناو زبڵدان یان چاڵەوە"

خەدیجە نەزیری ٢٥ ساڵ، دایکی سێ منداڵە، پەنابەرێکی تورکمانە، خەڵکی شاری تەلەعفەرە لە عێراق، ماوەی ٦ ساڵە لە کەمپەکەدا دەژی، دەربارەی ژیانیان لەناو کامپەکەدا بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی:  بە نیەتی چوونمان بۆ تورکیا هاتینە کامپەکە، بەڵام تێیدا ماینەوە و هاوسەرگیریم لەگەڵ کەسێکی تورکماندا کرد، سێ ساڵە کوشتن و سەربڕین و ئەشکەنجە و هەموو تاوانێک لە کامپەکەدا هەیە، دەبێت بێدەنگ بیت و هیچ نەڵێیت، هەرچییەک بوترێت نرخەکەی ژیانتە، خەڵک دەکوژن و تەرمەکانیان فڕێدەدەنە ناو زبڵدانەوە، یان دەیانکەنە چاڵەوە، یان دەیانکەنە ناو ئاوەڕۆوە، ئێمە کەسانێکین کە دڵ و ویژدانمان هەیە و کاتێک ئێمە و منداڵەکانمان شتی وا دەبینین زۆر دەترسین".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو چەتانە نابینن و نایانناسنەوە کە تاوان دەکەن و وتی: "نازانیت لە کوێوە دێن و لە کوێوە دەڕۆن، پێشتر لە عێراقەوە کەسوکارەکانمان دەهاتن سەردانیان دەکردین بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، هەرکەسێک شتێک بڵێت و بیکات ئێمە دەبێت باجەکەی بدەین، جاری وایە شەڕ و پێکدادان ڕوودەدات و چادرەکانمان دەسوتێنن، ئەگەر بیبیستن کەسێک جگەرە دەکێشێت ئەوا دێن دەیبەن و چارەنوسیشیان دیارە کە چییان لێدەکەن".

 

"ڕۆژ نییە چاومان بە کوشتنی کەسێک نەکەینەوە"

خەدیجە نەزیر وتیشی: "ئێمە بووینە قوربانی، پێویستە وڵاتەکەمان کەیسەکەمان بکاتەوە، لێرە ماندووین و کەس نایەوێت لێرە بمێنینەوە، ئەو کەلوپەلانەی کە کوشتنی پێ ئەنجام دەدەن هەمووی تیژن، وەک چەقۆ هەروەها بەن بۆ خنکانی ژن و پیاو بەکاردێت، هەموو بەیانیەک کە بەخەبەر دێین گوێبیستی ئەوە دەبین کە کەسێک کوژراوە و هەموو ڕۆژێک ئەمە دۆخی ئێمەیە، هیچ ڕۆژێک بەبێ ڕووداوێکی دڕندانە تێپەڕ نابێت، ئەمە زۆر مەترسیدارە".

 

باسی لەوەشکرد کە ناتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە و باخچەی ساوایان چونکە ڕفاندنی منداڵ لە کامپەکەدا هەیە، دواتر دەیانکوژن، "جارێک منداڵێک لێرە دزرا، کوژرا و پاشان هەموو ئەندامانی لاشەی دزران و فڕێدران، ئێستا ناتوانم منداڵەکانم بنێرم بۆ باخچەی ساوایان، بۆیە لە ماڵەوە بەجێیان دەهێڵم".

 

"منداڵی ئەو ژنانە دەسوتێندرێت کە هاوژینەکانیان کوژراون"

خەدیجە نەزیر ئەوەشی خستەڕوو لە هەموو بەشەکان و تەنانەت لە بازاڕیش کوشتن هەیە، ئەوانەی دەیانەوێت بیکوژن چاودێری دەکرێن و تا کۆتایی لەناو بازاڕدا دەیانکوژن، گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان کوژراون منداڵەکانیان لەناو کامپەکەدا دەسوتێنن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەنەوە، ئەمە ڕاستی کامپی هۆلە، لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەوە ناتوانین بچینە لای پزیشکەکان، تەنانەت ئەگەر لەناو چادرەکانمان بمرین".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا خەدیجە نەزیر خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی دەربڕی.