"تاڵیبان ناتوانێت ڕێگری لە خوێندنمان بکات"

تاڵیبان جارێکی تر قوتابخانەی کچانی داخست و دوو لە قوتابیانی ئەو قوتابخانانە دەڵێن: تاڵیبان ناتوانێت ڕێگری لە خوێندنمان بکات، لە ماڵەوە دەخوێنین و بەردەوامین لە خوێندن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- ماوەیەک لەمەوبەر ناوەندە پەروەردەییەکان لە ئەفغانستان بەتایبەتی لە کابول، پۆلەکانی کچانیان چالاک کردبووەوە و سەرجەم مامۆستایانی ژنیان دامەزراندبوو بەبێ ئەوەی نامەیەکی فەرمی لە تاڵیبانەوە بێت، بەڵام دوای سێ هەفتە لە وانە خوێندن، بەشی ئەمنی تاڵیبان یان ئەندامانی تری سەربازی هێرشیان کردە سەر ئەو قوتابخانانە و پۆلەکانی کچانیان داخست و ئەو ناوەندانەی کە گرنگییان بە قسەکانی تاڵیبان نەدا، ڕۆژی دواتر مۆر کران تا دابخرێن.

 

مەروە محەمەدی خوێندکاری پۆلی ١٠ی ئامادەیی بوو کاتێک تاڵیبان هاتە ناو کابول و وەک ملیۆنان کچی دیکە ڕێگەی پێنەدرا درێژە بە خوێندن بدات، وتی: دوای ئەوەی چوار مانگ لەمەوبەر بە فەرمانی تاڵیبان ناوەندەکانی خوێندن داخران، لەم ڕۆژانەدا جارێکی دیکە خولەکانمان کرایەوە، بەڵام دیسان تاڵیبان هات و زۆر دەمارگیر بوون و گوتیان کچە گەورەکان بۆ دێنە کۆرسەکەوە.

 

مەروە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: ساڵێک لەمەوبەر کاتێک تاڵیبان ڕایگەیاند کە کچانی سەرووی پۆلی شەشەم دەتوانن بچنە قوتابخانە، من و هەموو کچەکان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چووینە قوتابخانە، زۆری نەخایاند تاڵیبان هاتنە قوتابخانەکەمان، دیسانەوە ناچاریان کردین قوتابخانەکە بەجێبهێڵین، بەڵام تاڵیبان ناتوانێت ڕێگری لە پەروەردەمان بکات، لە ماڵەوە دەخوێنین و بەردەوامین لە خوێندن، بێ ئومێد نابم، دڵنیام ڕۆژێک ئەم دەسەڵاتە دەڕووخێنرێت و دووبارە دەچینە قوتابخانە.

 

نیلاب ح، خوێندکاری یەکێک لە ناوەندەکانی تری پەروەردەییە، سەبارەت بە هێرشی تاڵیبان و داخستنی قوتابخانەکەیان دەڵێت: تاڵیبان پێیان گوتین ئێوە کۆمەڵێک کچن و مافی ئەوەتان نییە بێنە پۆلەوە، هەرچەندە مامۆستاکەمان ژن بوو، بەڵام ڕێگەیان پێنەداین بەردەوام بین لە خوێندن.

 

کاتێک تاڵیبان هاتە ناو کابولەوە و دەستی بە داگیرکاری کرد، نیلاب لە پۆلی شەشەم بوو، کاتێک پۆلی شەشەمی کۆتایی هات، ڕێگەی پێنەدرا درێژە بە خوێندن بدات، ئەو دەیەوێت لە داهاتوودا ببێتە مامۆستا و دەشڵێت: لە کۆتاییدا بە خەونەکەم دەگەم و حکومەتی تاڵیبان تا کۆتایی بە سەقامگیری نامێنێتەوە.