ڕزگاربوویەکی ئێزیدی پێشێلکارییەکان لە عەفرینی داگیرکراودا دەگێڕێتەوە

ژنێکی ئێزیدی ڕزگاربووی شاری عەفرین ئەو پێشێلکاری و ئەشکەنجەیەی ژنان دەگێڕێتەوە کە داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بەرامبەر بە ژنان دەیکەن.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەست پێشێلکاری و سیاسەتی سیستماتیکەوە دەناڵێنێت لەلایەن داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خێزان بۆ پاراستنی ژنەکان ئاوارە ببن و بە دوای ئازادیدا بگەڕێن.

 

ر.ج، ڕزگاربوویەکی ئێزیدییە و خەڵکی گوندی باسوفان لە ناحیەی شیراوای سەر بە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو، دوای ئەوەی لەلایەن بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکرا، بەرەو کانتۆنی شەهبا هەڵهات و بەدوای ئاسایش و سەقامگیریدا دەگەڕا.

 

"داگیرکەر و بەکرێگیراوان کوشتنی ئێزیدییەکان بە حەڵاڵ دەزانن"

ر.ج ئاماژەی بەوەکرد، "لە یەکەم ڕۆژی داگیرکردنی ناوچەی عەفرین لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە، هەموو جۆرە پێشێلکارییەکیان دژی خەڵک ئەنجامدەدا، لەوانە کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی، بڕینی دارەکان و وێرانکردنی مەزارگەی ئێزیدییەکان، هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی خاکەکەمان بە جێبهێڵین، ئەو گوندانەی کە پێکهاتەکەی ئێزیدی تێیدا نیشتەجێیە، زیاتر ڕووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە دەبنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان بوونی ئێمە لە عەفرین قبوڵ ناکەن و بە کافر لە قەڵەممان دەدەن و کوشتنمان بە حەڵال دەزانن".

 

وتیشی: لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی تورکیا عەفرینی داگیر کردووە، ئێمە سەلامەتی و سەقامگیری و ئارامیمان لەسەر خاکەکەمان نەدۆزیەوە، شارەکەش هەموو پێداویستیەکانی ژیانی لەدەستداوە و ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی، هەروەک چۆن داگیرکەر هەوڵیدەدا ناوچەیەکی نوێ دروستبکات و تێیدا سیاسەت و ئایدۆلۆژیای عوسمانی خۆی بەرجەستە بکات، بۆیە دەستی کرد بە لەناوبردنی زۆربەی ئەو شوێنەوارانەی کە ئاماژە بوون بە جوگرافیا و مێژووی عەفرین.

 

"ژنانی عەفرین تووشی هەمان ئەو پێشێلکاریانە دەبن کە ژنانی شەنگال تووشی بوون"

ر.ج جەختیشی کردەوە، ژنانی عەفرین بەهۆی پێشێلکارییەکانی داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانییەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی کچانی منداڵ، "من بینیم ئەندامانی بەکرێگیراوانی داگیرکەر دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێک تەمەنی نزیکەی ٨ ساڵە، هەروەها دەستدرێژییان کردە سەر ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ ئەم تاوان و پێشێلکاریانە پشتڕاستی دەکەنەوە، داگیرکاری و ئەو کوتلانەی پشتیوانی دەکەن جیاوازییەکی زۆریان نییە لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دژی ژنان لە شەنگال ئەنجامی دەدات، منداڵانیش لە عەفرینی داگیرکراودا لە نادادپەروەری و پێشێلکارییەکان ڕزگاریان نەبووە و لە هەموو مافەکانیان زەوت دەکرێن، تووشی کوشتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان دەبن، وەک چۆن بەکرێگیراوان منداڵ لەگەڵ دایکیان دەڕفێنن، بۆ ئەوەی منداڵەکانیش تاڵیی ئەم پێشێلکارییانە لەگەڵ دایکیاندا بچێژن.

 

"پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پەردە لەسەر ئەم پێشێلکاریانە لا ببەن"

ر.ج ئەوەشی خستەڕوو، لە عەفرین حاڵەتی تاڵان و دزی زۆر هەیە، بەکرێگیراوانی داگیرکەر بە بیانووی درۆ هەرچیەکیان بوێت شەرعیەتی پێدەدەن، دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی ئێمەدا گرتووە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و خانوو و دوکانەکان، بۆیە زۆربەی خەڵکەکە لە دەرەوەی ماڵەکانیان دەژین، پێشێلکارییەکان زۆرن و خەڵکیش بەدەست نادادپەروەرییەکی گەورەوە دەناڵێنن، هەرچەندە زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بانگەوازە جەماوەرییەکان ئەو پێشێلکارییانەیان ئاشکرا کرد، بەڵام مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان پابەند نەبوون بە ڕۆڵی خۆیان لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، بەڵکو زیاتر بێدەنگییان پێ باشتر بووە و ئەم بێدەنگییەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات.

 

"دووجار لەلایەن بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیاوە دەستگیر کرام"

ر.ج  ڕوونی کردەوە، لەناو ئەو پێشێلکاریانەدا دووجار لەلایەن بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیاوە دەستگیر کرام و نەمدەزانی بۆ کوێ بردراوم و تەنانەت شوێنی ئەو زیندانەش کە زیاتر لە ٦٠ ژنی پێکهاتەی کوردی تێدابوو، جگە لە ژمارەیەک منداڵی دەستبەسەرکراو، بەرگەی ئەو پێشێلکاری و سیاسەتانەم نەگرت کە داگیرکەری تورکیا لە عەفرین ئەنجامی دەدا، بۆیە بڕیارمدا هەڵبێم، کاتێکیش گەیشتمە کانتۆنی شەهبا، ئەو سەلامەتی و سەقامگیرییەم دۆزیەوە کە هەموو ژنێک خەونی پێوە دەبینێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی کانتۆنەکە یارمەتیان دام، پێویستیەکانیان بۆ دابین کردین و هەروەها ماڵێک بۆ ئەوەی داڵدەمان بدات.