هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییەکانە

جیهادییەکانی هەتەشە بەردەوامن لە هێرشە خێڵەکیەکانیان بۆ سەر پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا و گۆڕستان و مەزارگە ئاینییەکان لە گوندەکانی حومس و کەناراوەکانی سووریاش ڕزگاریان نەبووە.

ئەسما محمد

 

قامیشلۆ- ئەو پێشێلکارییە توندڕەوانەی کە پیرۆزی گۆڕستانەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، تەنها پێشێلکردنی یاسا و نۆرمەکانی ئایینی نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر خودی بناغەی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا، بەرپرسیارێتییەکی بەپەلە دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستن و ڕاگرتنی ئەو جۆرە کردەوانە.

 

جیهادییەکانی هەتەشە لە گوندی حازمیە لە گوندەکانی باکووری حومس، بەردی گۆڕیان لەناو گۆڕستانێکی سەر بە کۆمەڵگەی شیعە تێکشکاند، ئەم هێرشە بۆ سەر پیرۆزی مردووەکانە، ئەم پراکتیزەیانە چەتەکانی تورکیا لە شاری عەفرینی داگیرکراو بیر هێنایەوە کاتێک مەزارگەی شەهیدانیان کردە ئامانج.

 

بە درێژایی شەڕی سووریا، ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕستان و مەزارگە ئایینییەکان لە لایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە پێشێلکارییەکی بەرفراوانیان بۆ کراوە بە هۆکارێک کە ڕەنگە وا دەرکەوێت ژێردەنگی ئایینی و ئایدیۆلۆژییان هەبێت، ئەم پێشێلکاریانە بریتی بوون لە سووتاندن و تێکدان و دزینی ناوەڕۆکەکانیان، تەنانەت درێژبووەوە بۆ سڕینەوەی تەواوەتی گۆڕستانەکان لە ڕێگەی بولدۆزەر و دروستکردنی باڵەخان لەسەریان.

 

"هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان پێشێلکردنی ئاشکرای نۆرم و بەهاکانی مرۆڤە"

نافیە ئەسعەد، ئەندامی ماڵی ژنان لە قامیشلۆ، پیرۆزی مردووەکان دووپات دەکاتەوە، وەک دایکی ڕزگاریخوازێک کە لە کاتی هەڵمەتەکانی ڕزگاریخوازی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەڕی داعشی کرد و لە شەڕەکەدا گیانی لەدەستدا، وتی: ئەوانەی قوربانییان لە پێناو زێدی خۆیاندا، شایەنی ڕێز و یادکردنەوەن، نەک پیسکردن، هەڵکەندن یان سووتاندنی گۆڕەکانیان.

 

پێی وایە ئەو پێشێلکارییە خێڵەکیانەی کە گۆڕ و مەزارگەی هاوڵاتیانی مەدەنی ئێزدییان کردە ئامانج، هیچ نییە جگە لە درێژکراوەی زنجیرەیەک هێرشی پێشوو کە لە شارەکانی عەفرین و مەنبەج بە دەستی چەتەکانی داگیرکەری تورکیا بینراون کە بەردی گۆڕەکانیان تێکشکاندووە و پیرۆزی مردووەکانیان پێشێل کردووە، وتی: پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ نۆرمەکانی ئایینی و بەها مرۆییەکان کە بە یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە هەمان شێوە بەڕێوەدەبرێن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەم کردەوە خێڵەکیانە تەنها پێشێلکردنی پیرۆزی مردووەکان نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی هەڕەشەئامێزن بۆ هەموو کۆمەڵگە، بە ئامانجی هاندانی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی پێکەوەژیانی نێوان گروپە ئاینییە جیاوازەکان، هەروەها چاندنی تیرۆر و ترس لە دڵی هاوڵاتیانی بێتاواندا، ئەم پێشێلکارییانە دەکاتە پرسێکی ئاسایشی و کۆمەڵایەتی لەڕادەبەدەر ڕاستی.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیوامان خواستبوو حکومەتی نوێی سووریا سیستەمێکی دیموکراتیک دابمەزرێنێت کە توانای پاراستنی هەموو گروپە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانی هەبێت، هەرگیز بە خەیاڵماندا نەدەهات بگەینە خاڵێک کە مافی مردوو بۆ ئاشتی و شکۆمەندی پێشێل بکرێت، ئەگەر حکومەت توانای پاراستنی گۆڕ و گۆڕستانەکانی نەبێت، چۆن دەتوانێت کۆمەڵگە بە گشتی بپارێزێت؟

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بێدەنگی فەرمی سەبارەت بەم پێشێلکاریانە ئازاری کەسوکاری قوربانییەکان زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەو دایکانەی کە ئازیزانیان لەدەست داوە، هەروەها ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ جێبەجێنەکردنی ئەرکی حکومەتی نوێ بۆ پاراستنی پیرۆزی گۆڕستان و شوێنە ئایینی و مێژووییەکان.

 

هەروەها باسی لەو پێشێلکارییە بەربڵاوانەی کرد کە دانیشتوانی کەناراوەکانی سووریا تووشی بوون و ڕایگەیاند، کە هێرشە خێلەکی و تەندڕەوەکانی ئێستا بۆ سەر گۆڕستان و شوێنە ئاینییەکان ڕەنگدانەوەی بەردەوامی نادادپەروەری و ستەمکارییە، سەرەڕای کۆتایی سەردەمی پێشووی ڕژێمی دیسپۆتی و ستەمکار، وتیشی: چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد حکومەتی نوێ هەنگاو بنێت بەرەو دادپەروەری، دەستکەوتەکانی هاوڵاتیان بپارێزێت و هەموو مەزهەبێک مافی ژیان و شکۆمەندی خۆی مسۆگەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێرشە تەندڕەوییانەی ئەمڕۆ شاهیدی دەدەبین بۆ سەر گۆڕستان و گروپە ئاینییەکان، ئەوە نیشان دەدات کە ڕێگای پاراستنی ماف و کۆمەڵگە درێژ و ئاڵۆزە.

 

"هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری"

نافیە ئەسعەد جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی گۆڕستان و شوێنە مێژوویی و ئایینییەکان تەنها ئەرکێکی ئاماژەی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵایەتی، وتی: گەلی سووریا ساڵانێکی زۆرە پێکەوە دەژین و هێرشەکانی ئێستاش دابەشبوون و خێڵەکی و دەستدرێژی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دروست دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەل لەسەر خێڵەکی بونیاد نادرێت، بەڵکو لەسەر یەکگرتوویی گەلەکەی بونیاد دەنرێت، وتی: دایکانی شەهیدان، شەرمەزاری ئەو هێرشانە دەکەین و ئێمەش شەرمەزاری دەکەین کە هەموو پێکهاتەکان دەکەنە ئامانج و پیرۆزی گۆڕستانەکان پێشێل دەکەن، ئەم قوربانی و شەهیدانە گیانیان بەخشی لە پێناو بونیادنانەوە و گەشەپێدانی ئەم گەلە، قبوڵی ناکەین خوێنیان بێهودە بێت، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت کەوێرانکردنی گۆڕستانەکانی شیعەکانە یان هەر مەزهەبێکی تر بێت قبوڵ ناکرێت، ئێمە یەکگرتووین و هەموومان کوڕەکانمان کردە قوربانی بۆ ئەم گەلە.

 

نافیە ئەسعەد، ئەندامی ماڵی ژنان لە قامیشلۆ، پەیامێکی ئاراستەی دایکانی شەهیدان کرد و وتی: پێویستە بە یەکگرتوویی لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەری و دەستدرێژییە بەردەوامەدا بوەستین، پێویستە یەکگرتوو بین بۆ پاراستنی خۆمان، بە تایبەت ئەگەر حکومەت نەتوانێت بمانپارێزێت، پاراستنی پیرۆزی گۆڕستان و مەزارگە مێژوویی و ئایینییەکان کارێکە، هەروەها بەشێکی دانەبڕاوە لە هەوڵەکان بۆ بونیادنانی دادپەروەری، پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین یان پەیوەندی خێڵەکی.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پێشێلکاریانە تەنها سەرپێچییەک نین دژی پیرۆزی مردووەکان، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری کۆمەڵگە ئامانجیان تێکدانی پێکەوەژیانی نێوان گروپە ئایینییە جیاوازەکانە و ڕەنگدانەوەی ئاستی مەترسیداری پراکتیزە خێڵەکیەکانە کە هەڕەشە لە هەموو کۆمەڵگە دەکەن، داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و کۆتایی بەم کارانە بهێنن و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکەن بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیان و پاراستنی بەها مرۆیی و ئایینییەکان لە سووریا.