"هەموواری یاسای باری کەسێتی پرسێکی جیهانییە و دەنگدانەوەی فراوانی پێویستە"

بەسمە حەبیب، سەرۆکی ئەکادیمای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق سەبارەت بە هاوسەرگیری پیاوان و هەموواری یاسای باری کەسێتی دەڵێت: پیاوان سەردانی خوارووی عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختە، هاوشێوەی ئەنجامدانی فرە ژنی.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقدا کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ سەر کۆمەڵگە و بەڕێوەچوونی ڕێکاری یاسایی دادگاکان دەبێت و لێکەوتەکانی دەبێتە توندوتیژی بۆ سەر ژنان و منداڵان، چالاکوانان و یاساناسان جەخت دەکەنەوە کە هەموارکردنەوەی یاساکە دابەشکردنی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا پێشنیاری بۆ کرا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە.

 

یاساکە لە پەرلەماندا لە بەردەم دەرچوون و دەرنەچووندایە، خوێندنەوەی سێیەم، کە بەهۆی ناکۆکی ناو پەرلەمانەوە لە دانیشتنی فەرمیدا دواخرا، پێدەچێت بە ڕێککەوتن لە نێوان شیعە و سوننەکاندا پەسەند بکرێت، لە بەرامبەر ئەوەی سوننەکان دەنگ بدەن بە پەسەندکردنی هەموواری یاسای باری کەسێتی و شیعەکانیش دەنگ دەدەن بە هەردوو یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە زەوتکراوەکانی کورد و تورکمانەکان و یاسای لێبوردنی گشتی بۆ سووننەکان تا پەسەند بکرێن.

 

"هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی پرسێکی جیهانییە پێویستە ژنانی جیهان هەڵوێستەیان هەبێت"

بەسمە حەبیب، سەرۆکی ئەکادیمای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، لە بارەی هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی باسی لەوە کرد، هەمووارکردنەوەی یاساکە مەترسیدار و ترسناکە کە بەرامبەر ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا زیان بە ژنان و منداڵان دەگەیەنێت، ئێمەی ژنان لە باشووری کوردستان لە ڕێگەی کار و چالاکیەکانمانەوە دژی هەمووارکردنەوەی یاساکان دەوەستینەوە، هەبوونی یاساکان لە ناوبردنی مافی ژنان و منداڵانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لە ئاکامدا پرسە سیاسییەکان دەگەنە ئامانجەکەیان، هەمووارکردنەوەی یاساکان بەردەوام ڕێگری لە گەشەکردنی تواناکانی ژنان دەکات.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، هەمووارکردنەوەکە گلەی و گازندەی زۆرێک لە هاوڵاتیانی باشووری کوردستانی لێ کەوتووەتەوە، ژنانی سیاسەتمەدار و زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و چالاکوانان و هاوڵاتیانیش مشتومڕ لەسەر یاساکە دەکەن، وتیشی: پرسی ژنان و منداڵان پرسێکی جیهانییە ئێمەی ژنان لە هەر جێگایەکدا ژیان بکەین، پێویستە هەڵوێستمان دژ بە هەمووارکردنەوەی یاساکان هەبێت، هەمووارکردنەوەی یاساکان لە پەرلەمانی عێراقدا گرێدراوە بە هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر یاسایەک و بریارێک لە عێراقدا دژ بە ژنان بدرێت، ئێمەی ژنان لە هەرێمی کوردسیاندا هەڵوێستی خۆمان دەبێت.

 

"ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختە دەبێتە دیاردەیەک لە باشووری کوردستاندا"

بەسمە حەبیب، باسی لەوەکرد، هەمووارکردنەوەی یاساکان لە عێراقدا بەهۆی گرێدانی بە هەرێمی کوردستانەوە زیانی بۆ سەر ژنان دەبێت، بەردەوام وەک یاساکانی دیکە کێشە بۆ ژنان و منداڵان لە باشووری کوردستان دروست دەکات، دەشڵێت: دەزانین لە هەرێمی کوردستاندا فرەژنی چەندین مەرجی خۆی هەیە بۆ ئەنجامدانی، بەڵام پیاوانی باشووری کوردستان بە ئاسانی دەتوانن لە خوارووی عێراق فرە ژنی ئەنجام بدەن، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە هاوسەرگیری پێشوەختەش دەبێتە دیاردەیەک هاوشێوەی دیاردەی فرەژنی لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها خراپی گوزەرانی ژیانکردن لە خوارووی عێراق، هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ بەشوودانی منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا، ئەمەش دەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستاندا کچان لە تەمەنی کەمدا بە زۆر هاوسەرگیریان پێ ئەنجام بدەن.

 

لە کۆتاییدا وتی: هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق جەنگێکی مەترسیدارە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، یاساکان دژ بە مافی منداڵان و ژنان لەسەر بنەمای مەزهەبەکان کار دەکات، پێویستە تەواوی ژنان لە هەر جێگایەکدا بن کار لەسەر کپکردن و نەهێشتنی یاساکە بکەن، لە ئەنجامی پاراستنی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان.