هەڵەبجە؛ ناوی پایتەختی ئاشتییە، بەڵام توندوتیژیەکانی ڕوو لە زیادبوونە

هەڵەبجە ناوی پایتەختی ئاشتی لێنراوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە توندوتیژی و کوشتنی ژنان زیادی کردووە و بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە دەڵێت: لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس هیچ ژنێک نییە کەیسەکان وەربگرێت و لێکۆڵەری ژن نییە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەراورد بە ساڵی ڕابردوو توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەڵەبجە زیادی کردووە، ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە هەڵسەنگاندن بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان بکەن، بەڵام ئەوەی لە هەڵەبجەدا دەبینرێت، بێ کاری، قەیرانی ئابووری، ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی و ئاینگەرایی باڵی بەسەر هەڵەبجەدا کێشاوە و وەک بناغەی زیادبوونی توندوتیژییەکان سەیر دەکرێت، توێژەران و چالاکوانان داوا دەکەن ڕێگەچارەیەکی جدی بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

 

"نەبوونی گفتوگۆی خێزانی هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانە"

شەهین عومەر، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی و خۆکوشتن لە شاری هەڵەبجە دا و یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ نەبوونی ماڵی داڵدەدانی ژنان، نەخۆشخانەی دەروونی و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان گەڕاندەوە، وتیشی: لە بەڕێوەبەرایەتیەکانماندا تاوەکو ئێستا هیچ توێژەرێک نییە و ژنان ناتوانن بە ئاسانی دەستیان بگاتە توێژەرەکان، زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی ناجێگیری دەروونیان هەبووە.

 

شەهێن عومەر باسی لەوەشکرد، پێویستە ڕێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کوشتن بگیرێتەبەر، دەڵێت: هۆکاری ئابووری و نەبوونی گفتوگۆ و ڕاگەیاندنەکان هۆکاری زیادبوونی کوشتن و توندوتیژییە.

 

"پێویستە لێکۆڵینەوە لە دۆخی هەڵەبجە بکرێت"

گوڵستان محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە نایشارێتەوە کە پێویستە لە هەڵەبجەدا چارەسەر بگیریتەبەر و لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت، وتیشی: لە هەڵەبجە نووسینگەی بەدواداچوونی توندوتیژی نییە، سەرەڕای توندوتیژی و کوشتن، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە هیچ ژنێک نییە کەیسەکان وەربگرێت و لێکۆڵەری ژن نییە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی ژناندا بکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا گوڵستان محەمەد، باسی لەوەکرد، هەڵەبجە ناوی پایتەختی ئاشتییە، بەڵام توندوتیژی ڕوو لە زیادبوونە ئەمەش ئاسایی نییە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پێویستە دەرفەتی کرانەوە و هەلی کار زیاتر بکرێت، حکومەت پێویستە بێتە سەر خەت، چونکە کەمتەرخەم بووە لە ڕووی ئاوەدانی و ئاوڕدانەوە لە تاک و خێزان گەنجانی هەڵەبجە، پێویستە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەرفەتی جدی بڕەخسێرێت بۆ گەنجانی هەڵەبجە و خەڵکەکەی.