ئایسەل دۆغان، پەپولەی ئاشتی کوردستان

ئایسەل دۆغانی سیاسەتمەدار بۆ هێنانەدی ئاشتی لە جوگرافیای میزۆپۆتامیادا خەباتێکی بێوچانی کردووە، لە دوای توشبوونیشی بە نەخۆشی شێرپەنجە بەردەوام بوو لە تێکۆشانەکەی، تا دوێنێ، ١١ی ئایار، بەهۆی سەختی نەخۆشییەکەیەوە ژیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایسێل دۆغان، ئەندامی گروپی ئاشتی دووەم و سیاسەتمەداری کورد لە ساڵی ١٩٥٣ لە دەرسیمی باکوری کوردستان لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی کۆلێژی وەرزش لە زانکۆی غازیی ئەنقەرە لە وڵاتی تورکیا، دەبێتە مامۆستای وانەی وەرزش. بەهۆی خەبات و چالاکییەکانییەوە لە بواری مافی مرۆڤ و ژینگەدا، لە کاتی کودەتای سەربازی ساڵی١٩٨٠دا دەستگیردەکرێت، دوای سەربەستکردنی دەستدەکاتەوە بە خەبات دژی سوتاندنی دارستان، ڕاوکردنی ئاژەڵ لە هەرێمەکان و چەندین جار هەڵمەتی دژ بە پرۆژەکانی دروستکردنی بەنداو دەستپێکردووە، لەو پێناوەشدا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجە بووەتەوە.

 

لە هەڵبژاردنی گشتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١دا شەڕ لە کوردستاندا گەرم بوو، ئایسەل دۆغان دەبێتە کاندیدی سەربەخۆ لە دەرسیم، ئەگەرچی لە شاری دەرسیم زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکانی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی نادیموکراتییەوە ڕێگەنەدرا ببێتە ئەندامی ئەنجومەن، هەروەها کار و خەباتەکانی لەلایەن دەزگای سیخوری ژیتەم-ەوە چاودێری دەکرا و چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەڵام ئایسەل کۆڵی نەدا، بەڵکو کۆچیکرد بۆ ئەڵمانیا و لەوێ بەشداری تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردی کرد و لە خەباتی سیاسی بەردەوام بوو.

 

بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ئەوروپاوە بۆ تورکیا گەڕایەوە

لە ساڵی ١٩٩٩دا لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی، بووە ئەندامی گروپی ئاشتی کە لە ئەوروپاوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن، کاتێکیش گەشتنە وڵاتی تورکیا هەموو ئەندامانی گروپەکە دەستگیرکران و ئایسەل دۆغان سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و لە زیندانەکانی مەلاتیا و ئەلبستان مایەوە.

 

کەمپەینی بۆ پاراستی ژینگە دەستپێکرد

دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرا، ئایسەل دۆغان ڕووی لە شاری دەرسیم کردەوە، زۆر هەوڵیدا تا گروپی سێیەمی ئاشتی لە ئەوروپاوە بنیادبنێت، بەڵام کاتێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەڵوەشێنرایەوە هەوڵەکان سەرینەگرت، ئەویش لە دەرسیم مایەوە و بەشداری دامەزراندنی کۆمەڵەی چاند و باوەڕیی عەلەوییەکانی لە دەرسیم کرد و لەو پێناوەدا خەباتی کرد و بووە سەرۆک.

 

ئایسەل دۆغان بەردوام لە چالاکیدا بووە، بێوچان خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری و ژینگەیی بەڕێوەبردووە، کاتێک لە دەرسیم نیشتەجێ بوو، دەستدەکات بە هەڵمەتی جیاواز لەپێناو ژینگەدا، لەوانە، ڕێکخستنی گروپ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان کە بەهۆی شەڕەوە هەڵدەگیرسا، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ڕاوکردن بەهۆی لەناوچوونی ئاژەڵەوە، دروستکردنی فشار دژی دروستکردنی بەنداو.

 

لە بوارەکانی چارەسەرکردنی ناکۆییە تاکەکەسییەکان، سیمینار لەسەر مافەکانی ژنان و لەناوچوونی کلتور، ڕێکخستنی مەراسیم لە ڕۆژە مێژووی و پیرۆزەکاندا، دروستکردنی کتێبخانەی هەرەوەزی، پاراستنی شوێنەوارە مێژووی و پیرۆزەکان کار و خەباتی بەڕێوەبردووە، لەپێناو کۆتایی هاتن بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی بێوچان لە چالاکیدا بوو، بۆیە لەلایەن خەڵکەوە بە پەپولەی ئاشتی ناسراوە.

 

١٨ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا

لە هێرشی قڕکردنی سیاسی بە ناوی کەجەکە، کە حکومەتی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٧ دوای هەڵبژاردنی گشتییەوە دەستیپێکردبوو، ئایسەل دۆغان لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١١ وەک سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمەڵەی ئەکادیمی چاند و باوەڕی عەلەوی بە تۆمەتی "ئەنجامدانی چالاکی بەدەر لە چوارچێوەی ڕێكخراوەکە" لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان و بەتایبەت دەسەڵاتدارانی مەلاتیاوە دەستگیرکرا و دوای ساڵێک بەردەوامی دانیشتنەکان سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

 

لە ساڵی ٢٠١٤دا دووبارە لە دادگای باڵا دانیشتن بۆ کەیسی ئایسەل دۆغان کرایەوە، ئەمجارە تۆمەتی ئەندامێتی ڕیکخستنیشی خرایە پاڵ، دادگاش بڕیاری ١٨ ساڵ زیندانییەکەی پەسەند کردەوە و بە سزایەکی دادپەروەرانە لە قەڵەمیدا.

 

ئایسەل دۆغان لە زیندایشدا وازی لە خەبات و تێکۆشان نەهێنا، لە ئەیلولی ٢٠١٢دا، بەشداری گروپی دووەمی چالاکییەکانی ڕۆژووی مردن بوو، کە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن زیندانیانی پەکەکە و پاژکەوە دەستپێکرابوو.

 

کاتێک لە زیندانی ئامەد دەبێت، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت و نەشتەرگەری بۆ دەکەن، بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەیەوە لە ساڵی ٢٠١٥دا سەربەست دەکرێت و لە دەرسیم نیشتەجێ دەبێت، بە نەخۆشیشەوە بەردەوام دەبێت لە خەبات، بەهۆی نەخۆشییەکەوە ناچاردەبێت کۆچ بکات بۆ ئەڵمانیا و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت، دوای بەرخۆدانییەکی گەورە دژی نەخۆشی شێرپەنجە، دوێنێ ١١ی ئایار، لە ئەڵمانیا کۆچیی دواییکرد.