هەبوونی کامێرای ئۆنڵاین، پێداویستییە یاخود مەترسی؟

هەبوونی کامێرا بۆ چاودێریکردنی کاری کارمەند و بەڕێوەبەر یاخود لایەنی ئەمنی لەناو ناوەندەکانی خوێندن و فێربوون گرنگە، بەڵام بە مەرجێک ئۆنڵاین نەبێت چونکە دەبێتە هۆی دروستکردنی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە ئێستادا کامێرای چاودێری لەناو ناوەندەکانی خوێندنی وەک خوێندنگا، دایەنگا و ڕەوزەکاندا بوونیان هەیە بە حکومی و ناحکومیەوە، زۆرینەی کامێراکان ئۆنڵاین نین و لە پێناو پاراستنی لایەنی ئەمنی و سەلامەتیدا دادەنرێن، ناوەندە ناحکومیەکاندا هەنێکیان کامێرای ئۆنڵاینیان هەیە، ئەمەش کێشەوگرفتی بۆ هەندێک لە خێزانەکان دروست کردووە.

بەڕێوەبەری یەکێک لە باخچەی منداڵانە ناحکومیەکانیش داوا دەکات چیتر سیستمی کامێرای ئۆنڵاین ڕێگەی پێنەدرێت چونکە بەهۆیەوە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دروستدەبێت.

"هەبوونی سیستمی کامێرا گرنگە، بەڵام بە ئۆنڵاین نەبێت"

ئاهەنگ جەواد، بەڕێوەبەری ناوەندی هەنی بۆ پەروەردە و فێرکردن، دەربارەی هەبوونی کامێرای ئۆنڵاین بە ژنهای ڕاگەیاند، "هەبوونی سیستمی کامێرا لە هەموو دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکان گرنگە، بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک، یاخود بۆ هەڵسەنگاندنی کاری کارمەندەکان و بەڕێوەبەر، جیا لەمەش بۆ پاراستنی لایەنی ئەمنی ئەو دەزگایە گرنگە".

 

ئەو بەڕێوەبەرە هەبوونی سیستمی کامێرا بە ئۆنڵاین ڕەتدەکاتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ لایەنی ئەمنی و دەڵێت: "لەڕێی کامێراکانەوە خێزانەکان ئاگاداری هەموو جموجۆڵێکی ناو هۆڵەکان و ڕەفتاری منداڵەکانن" ئاماژە بەوەشدەکات، سیستمی کامێرای ئۆنڵاین لە هیچ وڵاتێکدا بوونی نییە.

 

"هەبوونی کامێرای ئۆنڵاین کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات"

ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەکرد کە ئاگادارن چەندین کێشە بەهۆی هەبوونی کامێرای ئۆنڵاینەوە دروستبووە لە نێوان ئەو خێزانانەی یەکتر دەناسن و کێشەی خێزانیان هەیە، یاخود ئەو دایک و باوکانەی جیابوونەوەتەوە لە یەکتر، چونکە ئاگاداری هاتن و ڕۆشتنی منداڵەکە بوون بە وردی.

 

یەکێک لەو کەیسانەی هەبوون دایک و باوکێک بوون دوای جیابوونەوە دادگا مافی بەخێوکردنی داوەتە دایکەکە، بەڵام دواتر باوکی منداڵەکە لە ڕێی کامێرای ئۆنڵاینەوە ئاگاداری منداڵەکە بووە و لەکاتی دەرچووینی لە باخچە بێئاگاداری دایکی بردوویەتی، ئەم کێشەیە چووتە لای پۆلیس و دادگا.

 

دەربارەی کاری مامۆستا و دادەکان لەژێر چاودێری کامێرای ئۆنڵایندا وتی: "مامۆستا و دادەکان دەکەونە ژێر فشارێکی دەروونی زۆرەوە لەکاتێکدا ئەو هەموو خێزانە لە ماڵەوە بە ئۆنڵاین دانیشتوون سەیریان دەکەن، چونکە ئەوانیش هەڵسوکەوت دەکەن و یاری و تێکەڵیان لەگەڵ منداڵەکاندا دەبێت و ناکرێت بەردەوام چاودێری بکرێن".

 

"دانانی کامێرەی ئۆنڵاین دەبێت بە یاسا بێت"

ئاهەنگ جەواد باسی لەوەشکرد خێزانەکان داوای هەبوونی کامێرای ئۆنڵاین دەکەن، بەڵام پاش تێگەشتنیان لە مەترسییەکان، بەباشی دەزانن کە کامێراکان بۆ هەموو دایک و باوکان نەبێت، دەشڵێت: دەبێت ڕێگریکردن لە دانانی کامێرای ئۆنڵاین ببێتە یاسا، لە بەرنامەماندایە ئەم پێشنیارە پێشکەشی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەین، چونکە کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە بە جۆرێک لە شاری هەولێر دوو حاڵەتی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی بەهۆی کامێرای ئۆنڵاینەوە هەیە.

 

جیا لەمە ئەو بەڕێوەبەرە پێی باشە نەک تەنها سیستمی ئۆنڵاین بەڵکو دەموچاوی منداڵەکان بەکارنەهێنرێت بۆ کاری ڕیکلامی ناو باخچە و دایەنگەکان یاخود خوێندنگاکان تەنها لەبەر ئەوەی چالاکی ڕۆژانەیان نیشان بدرێت، داواش لە بەڕێوەبەرەکان دەکات منداڵان بەکارنەهێنن لەپێناو نیشاندانی چالاکی و دەرخستنی توانایان، بەڵکو ڕێگای دیکە بۆ ئەو مەبەستە بدۆزنەوە.

 

"لە نەبوونی کامێرای ئۆنڵاین دەبێت دایک و باوک چاودێری ئاستی فێربوونی مداڵەکانیان بکەن"

پەیمان عومەر وەک دایکێک کە منداڵەکەی لە باخچەیەکی ناحکومیە، پێی وایە هەبوونی کامێرای ئۆنڵاین کاریگەری باش و خراپی هەیە، بۆ نمونە لەوکاتەی دایکێک منداڵەکەی دەباتە یەکێک لە باخچەکان پێویستە بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەیدا دەکرێت یاخود منداڵەکەی ڕۆژانە تا چەند هەوڵی لەگەڵ دەدرێت بۆ ئەوەی فێری زانیاری نوێ ببێت.

 

لایەنە خراپەکەشی بریتیە لەوکاتەی خێزانێک پەروەردەی منداڵەکەیان باش نییە و زۆر سەرکێشە، دادەکە یاخود مامۆستاکەی ناتوانێت ڕێگایەکی قورس دابنێت بۆ ڕێککردنەوەی ئەو منداڵە، چونکە بەردەوام لە خەیاڵیدایە کامێرای لەسەرە و دایکەکە تەماشای دەکات هەر بۆیە منداڵەکە نابیتە خاوەنی پەروەردەیەکی باش.

 

ئەو دایکە بوونی کامێرەی چاودێری لە هەبوونی کێشەی خیزانی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت نێوان دایک و باوکێک کە جیابووبێتنەوە بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت: "ئەگەر کامێرای ئۆنڵاین نەبێت دەبێت دایک و باوک تەواو چاودێری ئاستی فێربوونی منداڵەکەیان بکەن، کە بەداخەوە ئێستا دایکان و باوکان کاتێکی وایان نییە بۆ منداڵەکانیان".

 

ت.پ