هەڵەبجە، ماڵێک بۆ داڵدەدانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان

ڕێکخراوی "کەمئەندامانى هەڵەبجە" خولێکی هاوینەى بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستى تایبەت کردووەتەوە و تێیدا سەرجەم وانەکانى خوێندن و وانە دەرونى و کۆمەڵایەتیەکانیان دەوترێتەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ڕێکخراوی "کەمئەندامانی هەڵەبجە" خولێکی وانەی دەرونی و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردووەتەوە، نیان عزیز، توێژەر لە ڕێکخراوی "کەمئەندامانى هەڵەبجە"، تایبەت بە ئاژانسی ژنها دوا و وتى: ڕێکخراوی کەمئەندامان لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و سەرەتا لە ژێر ناوی کۆمەڵەی رۆژ کارییان دەکرد، پاشان لە ٢٠١٣ چووەتە ڕیزى ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە هەرێمى کوردستان.

 

پەروەردەى تەندروست و دابینکردنى هەلی کار لە دروشمەکانمانن

نیان عەزیز، توێژەر، باس لەوە دەکات کە کۆمەڵێک دروشمیان هەیە و ئامانجیانە کاری لەسەر بکەن، سێکتەرەکانى پەروەردەى گشتگیر، تەندروستى، هۆشیارکردنەوە، ناساندنی کۆمەڵگا بە مافەکانیان و کۆمەڵگاش بە مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەروەها دابینکردنى هەلی خوێندن  بۆ خاوەن پێداویستییەکان کە ئەم پرۆژەیە ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا وانە سەبارەت بە چۆنیەتی بنیادنانی ئامانجی گەورە لە سەرەتای کارکردنەوە دەوترێتەوە.

لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستمان پێکرد و سەرکەوتنی باشمان بەدەستهێنا

ئەم توێژەرە ئاماژەی بەوەدا، ئێمە لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستمان پێکرد، چونکە پێمان وایە قۆناغی سەرەتایی دەبێت متمانەیان بە خۆیان هەبێت و بۆ خوێندن بەردەوام بێت، بۆ ئەوەى قۆناغەکانى ژیانى بە سەرکەوتووی ببرێت، چونکە لە ماوەى ئەم هەشت ساڵەدا قوتابی هەیە لە ناوەندی و ئامادەییە و ئامانجیانە بیانگەیەننە زانکۆ و پەیمانگاکان.

 

ساڵانە ٥٠٠ قوتابی لە خولەکانمان بەشدارن لەناوەوە و دەرەوەى هەڵەبجە

ڕێکخراوەکە ساڵانە زیاتر لە ٥٥٠ خوێندکاریان هەیە و لە ناوەوە و دەرەوەی شاری هەڵەبجەدا مندالانى خاوەن پێداویستى تایبەت وەردەگرن، لە خولە سەرەتاییەکانی هاویندا ١٥٠ خوێندکار و منداڵی خاوەن پێداویستی و لە خولی ناوەندی و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.

 

توانیومانە لە ڕێگەى سیمینار و کۆرسەکانمانەوە هۆشیاری بڵاوبکەینەوە

نیان عەزیز بە گرنگیەوە باس لەوە دەکات سەرەتا لە نێوان منداڵانی خاوەن پێداویستى تایبەت و منداڵانی ئاساییدا گرفت دروستدەبوو، نەیاندەزانى چۆن هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ یەکتردا، بەڵام لە ڕێگەى سیمینارەوە ئێستا هۆشیاربوونەتەوە و بە خۆشحاڵیەوە لەلایەن ستافی خوێندنگەوە گۆڕانکاری دروستبووە.

 

ت.پ