هاوڵاتیانی ئاوارە بۆ خەرتوم دەگەڕێنەوە
دوای ماوەیەک لە ئاوارەیی و نائارامی، هاوڵاتیانی سودان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە خەرتومی پایتەخت، ئەمەش هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی ژیانی پایتەخت، بەڵام ژنانی سودان چۆن سەیری ئەم بابەتە دەکەن؟

مەیسا قازی
سودان-دوای ئەوەی سوپای سودان خەرتومی پایتەختی کۆنترۆڵکردەوە، خێزانە سودانییەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریە گەورانەی ڕووبەڕوویان بووەوە، لە ئەنجامی ئەو ململانێیەدا زۆرێک لە ماڵەکان وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و هێشتا هەندێک ناوچە بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و پەیوەندییەکانەوە دەناڵێنن.
سەرەڕای ئەم هەلومەرجانە، زۆر کەس مافی گەڕانەوەیان لە باوەش گرتووە و ئەم هەنگاوەیان وەک گەڕانەوە بۆ ئاسایی و سەرەتای سەقامگیری و هەستکردن بە ئاسایش سەیر دەکەن، لەنێویاندا ئەنوار محەمەد کە چەند مانگێک لەمەوبەر گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی خۆی لە ئوم دورمان هەڵبژارد و چیرۆکێکی خۆڕاگری و ئیرادە لەناو داروپەردوودا نووسی.
گەشتێکی پڕ لە ئازاری ئاوارەبوون لە دڵی سودان
ئەنوار محەمەد دوای گەشتێکی دوورودرێژ و سەختی ئاوارەبوون گەڕایەوە ئوم دورمان، لەو ماوەیەدا خۆی و خێزانەکەی لەنێوان چەند شارێکی ناو سوداندا جوڵەیان کرد و لە بڵێسەی شەڕ هەڵهاتن کە گەڕەکەکانیان گرتبووەوە.
لەسەرەتای ململانێکان، خێزانەکەی سەرەڕای پەرەسەندنی تۆپبارانە قورسەکان، ئامادە نەبوون گەڕەکەکەیان بەجێبهێڵن، کە بووە هۆی لەدەستدانی ژیانی دانیشتوانی گەڕەکەکە و برینداربوونی زۆر، لەگەڵ بەردەوامبوونی مەترسییەکان، بڕیاریان دا هەڵبێن لە ترسی گیانی خۆیان، بەڵام بەهۆی کەمی سەرچاوەی داراییەوە ناچاربوون بە دوو کۆمەڵە بڕۆن، هەروەها ترسی لەدەستدانی ماڵەکەیان وایکرد باوک و براکەی بمێننەوە، لە کاتێکدا ئەو و خێزانەکەی کە مابووەوە بەرەو شاری واد مەدانی بەڕێکەوتن.
وەد مەدەنی ئەو پەناگە ئارامە نەبوو کە چاوەڕێیان دەکرد، ململانێکان لەوێشدا بڵاوەیکردبوو و پەیوەندییەکان پچڕان، کە وایکرد لە تەواوی بنەماڵەکەیان جیاببنەوە کە لە خەرتوم مابوونەوە،لەو قۆناغە سەختەدا، شاهیدی دیمەنی ترسناک بوون، لەوانە دۆزینەوەی تەرم لە شەقامەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کاتێک تەقەیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرد.
دوای سەبر و ئازار، توانیان جارێکی تر بڕۆن، خوێندنگەیەکیان وەک پەناگەیەکی کاتی وەرگرت، پاشان لەنێوان چەند شارێکدا جووڵەیان کرد، لەوانە سنار، فاو، قەزارف، بورت سودان، کەسەلا. لە کۆتاییدا گەڕانەوە بۆ ئوم دورمان، بە هەڵگری ئەزموونێکی تاڵ لە لەدەستدان و ترس و ئاوارەبوون، لەنێوان ڕاستییەکدا کە هێشتا بەدوای تیشکێکی هیوادا دەگەڕا.
سەبارەت بە خۆشحاڵی خۆی لە گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دوای ئاوارەبوونێکی زۆر، وتی: دوای ئازارێکی زۆر گەڕاینەوە ماڵەکەمان لە ئوم دورمان، ئێستا هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی دەکەین، هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام دۆخەکە باشتر بوو لە شوێنەکانی دیکە کە چووین بۆی، ئێستا دۆخەکە باشە.
ئەنوار محەمەد، خوێندکاری زانکۆیە و وتی: بەهۆی ئەوەی توانای دابینکردنی کرێی خوێندنی نەبووە، ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت،سەرەڕای ئەوەش نەبوونی ناوەمدی خوێندن و تاقیکردنەوە لە پایتەختدا بەو واتایە بوو کە دەبوو گەشت بکات بۆ شارێکی دیکە و لەوێ نیشتەجێ بێت، ئەمەش تێچووی زیادەی بەسەردا هات کە توانای دابینکردنی نەبوو.
سەرەڕای کۆنترۆڵکردنەوەی پایتەخت لە دەستی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و گەڕانەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان، بەڵام بەهۆی نیگەرانی لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، پەیوەندییەکان، زۆرێک لە گەڕانەوەیان دوودڵن، ئامارەکانی حکومەتی سودان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەرتی کارەبا و ئاو لەنێو ئەو کەرتانەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ململانێکانەوە، زیاتر لە دە وێستگەی گەورە لە خەرتوم کە ئاویان بۆ نزیکەی ٦٠%ی دانیشتووان دابین دەکرد، داخران.
نیگەرانییە ئاسایشییەکان
جگە لەم ئاڵەنگاریانە نیگەرانییە ئاسایشییەکان هۆکارێکن کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری گەڕانەوە هەیە هەندێک ترسیان هەیە بەرەو ناوچە نائارامەکان بڕۆن، لەوانە دالیا محەمەد کە دڵخۆشی خۆی دەربڕی سەبارەت بە باشتربوونی ئەم دواییەی دۆخی پایتەخت، بەڵام ئەو کچە پێی باشتر بوو کە کاتەکەی لەگەڵ بڕیارەکەی بۆ گەڕانەوەی تەرخان بکات، وتی: دەمانەوێت ناوچەکە بە تەواوی پاک بکرێتەوە، دەنگۆی نیگەرانکەر دەبیستین سەبارەت بە دزەکان و بڵاوبوونەوەی چەک و ئەمەش ترسم لێ دروست دەکات، چاوەڕێ دەکەم تا هێزە ئاسایشییەکان ناوچەکە سەلامەت دەکەن و دراوسێکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی دڵنیامان بکەنەوە لە دۆخەکە.
دالیا محەمەد ڕوونیکردەوە، خێزانەکەی هۆکاری تایبەتیان هەیە بۆ دواخستنی بڕیاری گەڕانەوەیان، پلانیان هەیە بچنە ئوم دورمان، لەوێ خاوەنی پارچە زەوییەکن و بەنیازن ماڵێک دروست بکەن و نیشتەجێ بن، هۆکاری ئەمەش سەقامگیری شارەکە و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانە، هەروەها زوو گەڕانەوەی هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، برایەکیان هەیە کە لە قۆناغی ئامادەییدایە و خۆی بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە دەکات، ئەمەش وای لێکردوون بۆ ماوەیەکی کاتی بمێننەوە تاوەکو تەواو دەبێت، هەرچەندە خوێندنگەکان لە ئوم دورمان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا مامۆستایان و خوێندکاران بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە.
باسی لە راستی خزمەتگوزارییەکان کرد لە ناوچەکەی خۆی لە خەرتووم، ئاماژەی بەوەدا کە کارەبا و ئاو بەڕاستی گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەم چاکسازییە هەموو ناوچەکان ناگرێتەوە، چونکە بەپێی ئەو شتانەی بڵاو دەکرێتەوە، ناوچەکەی بە "تاڕادەیەک باش" دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ئەو شوێنە دواکەوتووە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تر کە هاوڵاتیان زوو گەڕاونەتەوە.
هیوای بەرز
ڕۆجینا ئادەم، خوێندکاری زانکۆ نیازی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوە بۆ خەرتوم بەڵام پێی باشترە چاوەڕێ بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێشتا خوێندنی زانکۆ دەستی پێنەکردووەتەوە، ئەوە زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە کە ژیان وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ خەرتوم، دۆخەکەش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشتر دەچێت، بەڵام پەلە ناکەم لە گەڕانەوەم، بەو پێیەی هێشتا زانکۆکان دەستیان پێنەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری گەڕانەوە لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازە، بەو پێیەی هەر کەسێک بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێک خێزان منداڵیان لە خوێندگەکاندا دەخوێنن، هەندێکی دیکەشیان لە زانکۆکانی ناوچە جیاوازەکاندا دەخوێنن، ئەمەش وایکردووە گەڕانەوە ببێتە شتێک کە پەیوەستە بە هۆکاری تاکەکەسی و فرەیی.
سەرەڕای ئاڵەنگاریەکان، سودانییەکان هیوایەکی زۆریان بە داهاتوو هەیە، بەو هیوایەی ژیان و کۆمەڵگەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و سەقامگیری و ئارامی بگەڕێننەوە، ئەوان داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و گەڕانەوەیان بۆ خەرتوم بە هەلێک دەبینن بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سودان.