هاوڵاتیان ئاگاداری یاسای توندوتیژی خێزانی نین

هەر زەبرێک ببێتە هۆی ئازاری جەستەی و دەروونی بە توندوتیژی دادەنرێت، پارێزەرێکیش دەڵێت لە پێشتردا توندوتیژی جەستەیی زۆرتر بوو، بەڵام لە ئێستادا توندوتیژییەکان گۆڕاون و توندوتیژی دەروونی زیادی کردووە، هاوڵاتیش سەبارەت بە یاساکان هۆشیارییان نییە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

سلێمانی- ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی خێزانی لە کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، هەواڵەکانی کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و منداڵان لە میدیاکانەوە دەبیسترێن، منداڵان دەبنە قوربانی دەستی خێزان و کۆمەڵگا، تاوەکو ئیستاش ڕێکخراوەکان نەیانتوانیوە یاسای توندوتیژی خێزانی بەتەواوی بگەیەننە کۆمەڵگا.

 

شاد ڕزگار، پارێزەر، یاسای توندوتیژی خێزانی لە ژنهاوە ڕوون دەکاتەوە، "بەشێوەیەکی گشتی هەر زەبرێک یاخود ئازارێکی دەرەکی کە ببێتە هۆی کاریگەری جەستەی و دەروونی و لەلایەن پلەیەک و دوو واتە دایک و باوک، خوشک و برا، مام وئامۆزا ئەنجام بدرێت بە توندوتیژی خێزانی ناودەبرێت".

 

شاد هۆکاری نائاگاداری هاوڵاتی دەربارەی یاساکانی توندوتیژی خێزانی بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە، ئەوانیش خودی تاک و ڕێکخراوەکانە، وتیشی: "زۆرجار خول و سیمیناری یاسای و هۆشیاری دەکرێتەوە بەڵام تاک ئامادە نین بەشداری ئەو خەلانە ببن و زانیاری لەسەر یاساکان وەربگرن، بەتایبەت ژنان هەوڵ نادەن شارەزای یاساکە ببن، هەندێک لەو ژنانەش حەز دەکەن ئامادەی کۆڕ و سیمینارەکان ببن بەڵام لەلایەن خێزانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت، بەشێک لە یاساکانیش مافی ژن و منداڵان دەدەن، بەڵام ئامڕازەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە وەک پێویست نیە تا بیگەیەنینە کۆمەڵگا".

 

ڕێکخراوەکان دەبێت ڕۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی

سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی ئەو پارێزەرە باس لەوە دەکات توندوتیژی بوونی هەیە و زۆرە، ئێستا شێوازەکانی گۆڕاوە، جاران ئازارەکان بەسترابوونەوە بە ئازاری جەستەییەوە، بەڵام لە ئیستادا بووە بە توندوتیژی دەروونی .

 

شاد کە لێپرسراوی ناوەندی ژنان لقی هەڵەبجەیە، باسی لە چالاکی ڕێکخراوەکەیان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام سیمینار دەکەن و لە ماوەی ١٦ ڕۆژ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سنورەکەیان کە هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامانە هەوڵیان داوە بە سیمینار یاساکان بە هاوڵاتی بگەیەنن و زیاتریش پیاوان بانگهێشت دەکەنە سیمینارەکان تاوەکو ئەوانیش هۆشیار ببنەوە.

ت.پ