"دابونەریتی کۆن ڕێگری لە ژنان دەکات بە دڵی خۆیان ژیانی هاوبەشی پێکبهێنن"

ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریت و پشتگیری نەکردنی خێزانەکان ڕێگەی خۆشکردووە بۆ زۆر بوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان، چالاکوانێکیش دەڵێت:دەبێت خێزانەکان پشتگیری ژنان بکەن لە کێشەکاندا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- توندوتیژیەکان لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە ژنان بە چەندین شێوە دەکرێت، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، دابونەریت، بەزۆربەشودان و ڕێگری خێزانەکان لە ژنان بۆ کارکردن و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیان، کە مافی هەموو تاکێکە، بە ڕەزامەندی خۆی ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەو مافەش لە زۆربەی ژنە گەنجەکان سەندراوەتەوە.

 

دیاری فەرەیدون، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی مرۆڤ، باسی لەو کێشەوگرفتانە کرد کە دێتە ئاراوە بەهۆی بەشوودانی بەزۆر و پشتگیری نەکردنی خێزانەکان بۆ ژنان لە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی.

 

"مەرج دانانی خێزانەکان بۆ هاوسەرگیری ژنە گەنجەکان گەورەترین تاوانە"

دیاری فەرەیدون ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی هەر کەسێک لەلایەن تاکەکانەوە بۆ ژیانی هاوبەشی کەوتووەتەوە سەر پەروەردەی ئەو خێزانەی تیایدا دەژی، هەرچەندە کۆمەڵگە بەرەو پێشدەچێت، بەڵام هێشتا ئەو هزرە داخراوە هەر ماوە، کاتێک ژنێکی گەنج دەیەوێت ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنێت ڕەزامەندی خۆی لەسەر نابێت، یان هەندێک جار کاتێک دوو کەس خوازیاری یەکن و دەیانەوێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنن بەهۆی بیر داخراوی خێزانەکان و ئەو دابونەریتەی هەیانە، ئەگەر بزانن ئەو دوو کەسە پەیوەندیان هەبووە ڕێگر دەبن لە بەردەم هاوسەرگیریەکەیاندا، ئەگەر ڕازیش ببن بەو هاوسەرگیریە خێزانەکە چەندین مەرج بۆ کەسی بەرامبەر دادەنێن، قورسترین مەرجیش ئەوەیە کە بە ژنەکە دەوترێت "ئەگەر تووشی هەر کێشەیەک ببی بیر لەوە نەکەیتەوە ماڵە باوانت هەیە"، ئەمە خۆی گەورەترین کارەساتە بەسەر ئەو ژنەی دەیهێنن، لێرەوە کارەساتەکانی ناو کۆمەڵگە و خێزانەکان دەست پێدەکات.

 

" گەورەترین توندوتیژی دەروونی خێزانەکان بەرامبەر ژنان، وەرنەگرتنەوەی منداڵەکانیانە"

دیاری فەرەیدون ئەوەشی خستەڕوو، چەندین کەیسی ژنان لە دادگاکاندان تەنها لەبەر ئەوەی ماڵە باوانی وازیان لێهێناوە کاتێک هاوسەرگیری کردووە و ئێستا پشتی ناگرن و خێزانەکەی بە ژنەکەیان وتووە، مادام ئەو کەسەت هەڵبژاردووە بۆ هاوسەرگیری جارێکیتر بیر لە ئێمە مەکەرەوە پشتت بگرین، لەلایەکی ترەوە ئەگەر ژنەکە لەگەڵ هاوژینەکەی نەگونجا ماڵە باوان ڕازی نین بەوەی کە جیابێتەوە بە تایبەتی ئەگەر منداڵی هەبێت، وە ئەگەر ڕازیش بوون دیسان مەرج بۆ ژنەکە دادەنێن، کە ئەگەر جیاشبێتەوە نابێت منداڵەکانی لەگەڵ خۆی بهێنێت، چونکە منداڵی پیاوێک بە خێو ناکەن، لەکاتێکدا منداڵ هی هەردوو لایەنە، ئەمە قورسترین مەرجە، کە تەنها دایک لێی تێدەگات، ئەمەش خۆی توندوتیژی دەروونیە بەرامبەر بە ژن.

 

وتیشی: دانانی ئەم مەرجانە بۆ ژنان ڕێگە خۆشدەکات بۆ پیاوان توندوتیژی بکەن و پشتگیری نەکردنی ماڵە باوان ژنان وا لێدەکات ئەو توندوتیژیانە قبوڵ بکەن، بەمەش هەردوو ماڵە باوانی ژن و پیاو توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکە دەکەن، ئەمانەش ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ژنان پەنا ببەنەبەر لەدەستدانی ژیانی خۆیان.

 

"بەزۆر بەشوودان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەر ماوە"

دیاری فەرەیدون ڕوونی کردەوە، بەشێک لە کەیسەکانی تریش ماڵە باوان خۆیان ڕازین کە ژنە گەنجەکە بە زۆر بدەن بە کەسێک، لە کاتێکدا تاکە شت کە بە زۆر نابێت هاوسەرگیریە، بەڵام بەداخەوە ئێستاش بەزۆر بەشوودان لە کۆمەڵگەکەماندا هەر ماوە بە هۆی ئەو بیرکردنەوە و هزرەی کە ڕێگری دەکەن لە ژنان لە هەڵبژاردنی هەر شتێک خۆیان دەیانەوێت، لە ئەنجامیشدا کۆمەڵێک کارەساتی لێ دەکەوێتەوە وەک جیابوونەوە و هێنانی ژنی تر و دروستکردنی پەیوەندی لە دەرەوەی خێزان، ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریەی هەیە لە کۆمەڵگەکەماندا، زۆر کەسی ڕۆشنبیرمان هەیە، بەڵام لەو بوارەدا هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ کەسانی تردا، چونکە بەو فکرە پەروەردە کراوە و ناتوانێت ئەو بەربەستە بشکێنێت.

 

"بۆ کەمبونەوەی توندوتیژیەکان دەبێت ڕێگری نەکەین لە ژنان بۆ هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیان"

دیاری فەرەیدون ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە تاکەکان ئەقڵیەتی پیاوسالاریان تیادا چەسپیووە و هەر لە دابونەریتە کۆنەکەدا ماوە، بۆیە دەبینین کارەساتەکان ئێستا زیاتر بووە، لەکاتێکدا دەبوو بەرەو کەمبوونەوە بڕۆشتایە، هیوادارم دایکان و باوکان لە کاتی هاوسەرگیریکردنی کچ و کورەکانیان ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆن پشتگوێ بخەن بەزۆر هاوسەرگیریان پێ نەکەن، ئەگەریش ژنەکە بە دڵی خۆی هاوسەرگیری کرد دەرگای لێ دانەخات، بۆ ئەوەی توندوتیژیەکان زیاتر نەبێت.