"هەوڵدراوە لە ڕێگەی میدیاوە توانای ژنان بشاردرێتەوە"

بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵدەدەن کە توانای ژنان بشارنەوە و سەرنجی بینەر بە قسەکردن لەسەر جەستەی ژن ڕابکێشن، چالاکوانێکیش دەڵێت: کۆمەڵگە ناوەڕۆکی ژن تەماشا ناکات

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- میدیا وەک هێزی چوارەم کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بەجۆرێک هەر بابەت و بەرنامەیەک لە میدیاکانەوە بڵاوببێتەوە بینەر بە سوود و زیانەکانییەوە پێی دەگات و هەندێکیان دەبنە شوێن هەڵگرەوە، میدیا لە باشووری کوردستان نەیتوانیوە تا ئاستێکی باش کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات دەسەڵاتی حزب و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریدا زاڵە و بەم پێیەش نەتوانراوە پێگەی ژنان چ لە ئاستی بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی میدیا و چ لە ئاستی پیشاندانی لەسەر شاشەکانی میدیاوە، وەک خۆی ڕۆڵی پێبدرێت و نیشان بدرێت.

 

"ژنان دەکەن بە مانشێتی هەواڵەکان بۆ سەرنج ڕاکێشانی بینەر"

ڕوناک محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان باسی لە ڕۆڵی میدیاکان کرد لە کۆمەڵگەدا و وتی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر سەیری شێوازی ژن دەکەن نەک ناوەڕۆکی ژن، بۆیە بەشێک لە میدیاکانیش ئەمە وەک هەلێک دەزانن بۆ سەرج ڕاکێشانی بینەر.

 

"ڕۆڵی لاواز دەدەن بە ژنان"

ڕوناک محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، کە بەشێک لە میدیاکان هەمیشە هەوڵیانداوە کام ڕۆڵ لاواز و ناشیرینە بیدەن بە ژن لە میدیا و دراماکاندا بۆ ئەوەی لاوازی ژن دەربخەن، "ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستراتیژیەی کە هەنێک لە بەڕێوبەری میدیاکان و دەرهێنەری دراماکان پەیڕەوی دەکەن، لەبەرئەوی خۆیان پیاون و دەیانەوێت ڕۆڵی ژنان کەم بکەنەوە لە ڕاگەیاندندا".

 

ڕوناک محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنی زۆر بەتوانا و لێهاتوومان هەیە لە بواری ڕاگەیاندندا، کاتێک ژنان سەرکەوتوو دەبن لە بوارێکدا دەیشارنەوە و باس ناکرێت، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە میدیاکاندا، ئەمەش وایکردووە کە ژنی میدیاکارمان کەم بێت.

 

"ماف نادرێت بەڵکو بەدەست دەهێنرێت"

ڕوناک محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە شێوازێکی ناشیرین باس دەکرێن، بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵیانداوە کە توانای ژنان دەربخەن وڕۆڵیان هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی ژنان، هەرچەندە بەرەوپێشچونێک هەیە، بەڵام خەباتی بەردەوامی ژنانی ئەوێت و ئێمە نابێت لەو خەباتە کۆڵ بدەین، چونکە ماف نادرێت بەڵکو دەبێت بەدەستیبهێنین، ئێستە لەچاو پێشتردا بەرەوپێشچونێک دەبینین کە ژنان بەشداری پۆستەکانی حکومەت دەکەن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی ڕێکخراوەکانی ژنان.

 

ڕوناک محەمەد لە کۆتای قسەکانیدا وتی: هەوڵدەدەین لە دا‌هاتوودا ئەو وێنا ناشیرینەی ژنان کە خراوەتەڕوو نەیهێڵین، پێویستە ژنان هۆشیار بکرێنەوە لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە، ژنانیش دەبێت خۆیان هەوڵبدەن و لاواز خۆیان دەرنەخەن، ژنان و پیاوان لە ئەرکدا یەکسانن، بۆیە دەبێت لە مافیشدا یەکسان بن، بۆ ئەمەش پێویسمان بە خەباتێکی دورودریژ هەیە و ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی ژنانە."