"هەواڵی توندوتیژی دژ بە ژنان دەبێت تەندروستانە بڵاوبکرێتەوە"

هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان دەبێت بە جۆرێک بڵاوبکرێتەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی تاک دروست نەکات و ناوەڕۆکی قێزەونی ڕووداوەکان نیشانی کۆمەڵگە نەدرێت، تا جارێکی دیکە ڕێگەخۆشکەر نەبێت بۆ زیادبوونی توندوتیژی.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە بەرواری ٨ حوزەیران ئاڕاستەی سەرجەم میدیا بینراو و بیستراوەکانی کرد قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی "کوشتن و خۆکوشتن و سوتاندن"ی کرد، ماوەی دوو مانگ زیاترە ئەم بڕیارە دەرکراوە، بەڵام ئەوەی پەی پێدەبرێت ئەوەیە، کە ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەم نێوەندەدا ون دەبێت، وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار هیچ ئامارێکیش بڵاو ناکەنەوە.

 

لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و گرنگی بە تەندروستی دەروونی تاکەکان بدەن، ناوەڕۆک و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکان دەبێت نیشانی کۆمەڵگە نەدرێت بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەکارهێنەران لە هەردوو ڕەگەز، تەمەن و ئاستی ڕۆشنبیری جیاواز دەبنە بینەری ڕووداو و هەواڵەکان، بۆ ئەوەی ئەمەش جارێکی دیکە ڕێگەخۆشکەر نەبێت بۆ زیاتر بوونی توندوتیژییەکان.

 

دەکرێت ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بە ڕێگایەکی تەندروست بڵاوبکرێتەوە

ڤێنا کەمال ڕاگەیاندنکار و چالاکوان، دەربارەی ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ئاماژەی بەوەدا چەندین هۆکار هەیە: "یەکێک لە باشیەکانی بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکانی توندوتیژی ئەوەیە، لە ئێستادا کۆمەڵگەی ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە توندوتیژی هەیە و ماندووە، ئەمەش جارێکی دیکە نەرێنی بوون لەسەر تاک دروست دەکات، یەکێکیش لە خراپیەکانی بڵاونەکردنەوەی هەواڵ و ئامارەکان ئەوەیە کە توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان ڕاستییەکە لەناو کۆمەڵگە بوونی هەیە، بەڵام دەشاردرێتەوە."

 

ڤێنا باسی لەوەشکرد، هەواڵی کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان دەکرێت بڵاوبکرێتەوە، بەڵام باس لە ناوەڕۆکی ڕووداوەکان نەکرێت، "چەندین جۆری توندوتیژی هەیە و هەریەکەیان بەپێی سەختییەکەی کاریگەری لەسەر دەروونی تاک دەبێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئامارەکان کارێکی ڕاگەیاندنییە و دەکرێت بڵاوبکرێتەوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتایبەت کاری لەسەر بکەن، بەڵام بە جۆرێک نەبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جارێکی دیکە کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک دروست بکات و دەروونی کۆمەڵگە ماندوو بکات."

 

ڤێنا کەمال وەک چالاکوانێک جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە گرنگە لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان ناوەڕۆکە قێزەونەکەی نیشان بە تاکەکانی کۆمەڵگە نەدرێت، بۆئەوەی جارێکی دیکە توندوتیژی لە ناخی تاکەکان دروست نەکات.

 

لایەنی پەیوەندیدار دەبێت پلانی هەبێت کە بە چ شێوازێک توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان بڵاوبکرێتەوە

ڤێنا کەمال، ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار پلانێکی تۆکمەیان هەبێت، کار لەسەر ئەوە بکەن بە چ ڕێگایەکی تەندروست هەواڵ و ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاوبکرێتەوە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە نەبێت و لە هەمان کاتیشدا چۆن ئاماری توندوتیژییەکان نەشاردرێتەوە.

 

دەربارەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان ڤێنا وتی: ئەوانەی لە ڕێکخراوەکانی ژنان کاردەکەن دەبێت بە دواداچوونیان بۆ بابەتەکان هەبێت و لەگەڵ کەیسەکاندا بڕۆن و کێشەی هەموو ژنێک بە کێشەی خۆیان بزانن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکەن.