"پشتگوێخستنی تواناکانی گەنجان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دەسەڵات"

کار پێنەکردنی بڕوانامە و نەڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان، گەنجانی بێ هیوا کردووە و ڕاهێنەرێکی پەروەردەیش دەڵێت: ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دەسەڵات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەنجان داینەمۆی کۆمەڵگەن و دەتوانن ببنە هۆی پێشکەوتنی فەرهەنگ و کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە، ئەگەر گرنگی بە تواناو لێهاتوویان بدرێت. لە هەرێمی کوردستاندا دوای چەندین ساڵ خوێندن، گەنجان بڕوانامەیەک بەدەست دەهێنن، لە دوارۆژیشدا بە ئەستەم دەتوانن بەو بڕوانامەیان کارێکیان دەستبکەوێت، ئەمانەش بەهۆی بێ پلانی دەسەڵاتەوە خوڵقاوە.

 

"گەنجان لە بری هەوڵدان بۆ خوێندن بەدوای کاردا دەگەڕێن"

تریفە جەلال، ڕاهێنەری پەروەردەیی ئاماژەی بەوەرد، گەنجان ئەو چینە بەشخوراوەی کۆمەڵگەن کە نەدەتوانن کارێک بکەن بەو بڕوانامەی بەدەستیان هێناوە، نە ئەوەیە بە ئاسانی هەلێکی کاریان دەستبکەوێت، وای لێ هاتووە ئێستا گەنجان لە جیاتی ئەوەی بیر لە گەڕان بەدوای زانیاری و توێژینەوەدا بکەنەوە لە خوێندنەکەیاندا، دەبێت لەگەڵ خوێندنەکەیاندا بە دوای کاریشدا بگەڕێن، ئەمە کارەساتە گەنج هەر بیری لای کارکردن بێت، بەڵام ناچارن، چونکە بەشێک لە گەنجان دابینکردنی بژێوی خێزانەکەشی لەسەرە، بۆیە ئەم بارودۆخە سیاسی و ئابورییە بارگرانی بۆ گەنجان دروستکردووە، لە کاتێکدا دەبێت گرنگی بە گەنجەکانمان بدرێت بۆئەوەی داهێنان بکەن.

 

"بڕوانامە تاکە هۆکار نییە بۆ دەستکەوتنی کار"

تریفە جەلال ڕوونی کردەوە، ئەو بارودۆخەی دەرچووانی دانەمەزراو هەیانە لە ئێستادا و کاریان دەست ناکەوێت، وای کردووە کاریگەری لەسەر چینی تازە پێشگەیشتوو دروستبکات و ئەو پرسیارەی لا دروست ببێت کە بڵێت من بۆ بخوێنم، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت کە چینی گەنجی پەراوێز خستووە، لە ئێستاشدا وای لێ هاتووە کار کردن تەنها بە بڕوانامە زۆر سەختە، بۆیە دەبێت گەنجان پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و خۆیان دروستبکەن، چونکە لە ئێستادا جگە لە بڕوانامە دەبێت گەنج شارەزایی لە چەند کارێک و زمانێکدا هەبێت، تا بتوانن کارێکیان دەست بکەوێت.

 

وتیشی: هەر گەنجێک ئامانجێکی هەبێت دەتوانێت خۆی پێبگەیەنێت و وردە وردە کار لەسەر خاڵە بەهێزەکانی بکات، بۆیە ئەم گەنجانە هەلی کاریان باشتر دەست دەکەوێت، گەنجان دەبێت بیر لە تواناکانی خۆیان بکەنەوە بەو پێیە خۆیان بەرەوپێشەوە ببەن، گەنجان دەبێت سەیری تواناکانی خۆیان بکەن، جێگەی خۆشحاڵییە ئێستا بەشێک لە گەنجان خۆیان بەشداری ئەو خولانە دەکەن تا بەهێز بن، بەشێکی دیکەی کارنەکردنی گەنجان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، بەشێکیان خوێندووە کە ئارەزووی خۆیان نەبووە، بۆیە دوای خوێندن ناتوانن لەو بوارەدا کار بکەن.

 

"بێ هیوابوونی گەنجان زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت"

تریفە جەلال ئەوەشی خستەڕوو، گەنجان دەبێت پاڵنەریان هەبێت بۆ کارکردن، یەکێک لەو پاڵنەرانەش حەز و خولیایە، بۆیە بەشێک لە گەنجان زیاتر هەلی کاریان لەو بوارەدا دەست دەکەوێت کە حەزی خۆیانە، بێگومان توانای گەنجان بۆ بەرەوپێشبردنی هەر کۆمەڵگەیەک پێویستە، چونکە گەنجان بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەکانن و هەر بە گەنجان دەتوانین داهێنان بکەین و هەنگاوەکان ببڕین، گەنجان وزەیەکی باشیان پێیە و دەبێت پلانێک هەبێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانیان تێدا بکەین، ئێمە سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەمان هەیە، بەو سەرمایەش دەتوانین سوود لە ئەزموونی گەنجان ببینین، بەڵام دەبینین گەنجان ڕوو لە دەرەوە دەکەن و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دەسەڵات.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: هەر گەنجێک پەراوێز بخرێت زەرەرێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەکەمان، بێ هیوا بوونی هەر گەنجێک زەرەرێک لە کۆمەڵگە دەدات، لە هەرێمی کوردستاندا وای لێ هاتووە کاتێک هەلێکی کار ڕادەگەیەنرێت، بە دەیان ژنی گەنج ناویان تۆمار دەکەن بە بێ ئەوەی بزانن چی کارێکە، چونکە توانایەکیان هەیە دەیانەوێت بیبەخشن بە چواردەوریان، بۆیە دەبێت گەنج سەرقاڵ بکرێن و بخرێنە ناو کارەوە و وایان لێ بکرێت خۆیان ببن بە خاوەن کار.