شەهبا، گەرمای هاوین ئازاری ژنانی ئاوارەبووی عەفرین زیاد دەکات

ژنانی ئاوارە لە کەمپەکانی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئامرازەکانی ساردکردنەوە بەدەست پلەی گەرمی بەرزەوە دەناڵێنن، کە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مێرووی ژەهراوی.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- زۆرێک لە وڵاتانی جیهان شاهیدی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمان و بەپێی کەشناسی جیهانیش پێشبینی دەکرێت، پلەکانی گەرما لە هەندێک وڵاتدا بگاتە زیاتر لە ٥٠ پلەی سەدی و دیاردەی "قوبەی گەرمی" پێکدێت، کە دیاردەیەکە ماوەی ١٢٠ ساڵە ڕووی نەداوە.

 

ئاوارەکان، بەتایبەت ژنان، لەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە لەناو ئەو چادرە لە قوماش و نایلۆن دروستکراوانەدا دەژین، کە نایانپارێزێت لە گەرمای هاوین، ئەمەش وایکردووە زیاتر تووشی نەخۆشیەکان ببنەوە.

 

جیهان ئەسلان لە شاری عەفرینەوە ئاوارە بووە بۆ کەمپەکانی شەهبا، ئاماژە بەوە دەکات، لەناو نەبوونی کارەبا و ئامرازەکانی ساردکردنەوەدا بەدەست پلەی گەرمی بەرزەوە دەناڵێنێت و دەشڵێت: تەنانەت ناتوانین دەست لە کەلوپەلەکانی ناو چادرەکەوە بدەین بەهۆی گەرمای زۆرەوە، چونکە خۆر لە هەموو لایەکەوە دەیگرێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان کاتژمێر ١١ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە.

 

لە کاتژمێرە گەرمەکانی پاشنیوەڕۆدا زۆربەی ئاوارەکانی ناو کەمپەکان پەنا بۆ مانەوە لەناو چادرەکان یان لە ژێر سێبەری نەمامێک کە لەبەردەم چادرەکانیان چاندوویانە، نادیە عەلی، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت: هاوین وەک دۆزەخە لە کەمپەکانی ئاوارەکانی عەفرین، بەهۆی ئەو نەخۆشی و ئاستەنگ و سەختییانەی بۆ خەڵک، بەتایبەتی بەساڵاچووان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵ دروستدەبێت، هەروەها ژنان ناچارن لەسەر زۆپای نەوت لەبەر گەرمادا چێشت لێبنێن، چونکە بەهۆی گەمارۆکەوە ناتوانن غازیان بەدەست بگات، جگە لەوەش بۆ ئەنجامدانی کارەکانی تریان لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردان، ئەمەش مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی وەک تا زیاد دەکات.

 

سەکینە عەرەبۆ، ئەندامی مانگی سووری کورد لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا، ئاماژەی بەوەدا کە هاوینی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی پێشوو بەهۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی پلەکانی گەرماوە، کە ئەمەش ئازاری ئاوارەکانی شەهبای زیاتر کردووە، کەمپەکانی شەهبا بەهۆی گەمارۆی حکومەتی دیمەشقەوە ڕووبەڕووی نەبوونی ساردکەرەوە و کارەبا دەبنەوە، لە ئێستادا شارەکە بەرزترین پلەی گەرمی تۆمار کردووە، کە گەیشتووەتە ٤٤ پلەی سەدی، کە زۆربەی ئاوارەکان تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون، بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی کاریگەرییان لەسەر بووە، هەندێکیان تووشی تا و نەخۆشی هاوینە بوون کە مەترسیدارترە لە سەرما لە وەرزی زستاندا، ئەمەش جگە لە سەرئێشەی توند و سکچوون و نەخۆشی تر.

 

سەکینە عەرەبۆ دووپاتی کردەوە، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکانی عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری شاری شەهبا، جگە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و ڕێنمایی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان و پاراستنیان، لەو نەخۆشیانەی دوای بەرکەوتنیان پێوەی دەناڵێنن.