دنیا، ژنێکی نمونەیی بۆ منداڵ و کۆمەڵگەکەی

ژنان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بە هەوڵەکانیان دەتوانن بگەنە هیواکانیان، ببنە نمونەی دایکێکی سەرکەتوو بۆ منداڵەکانیان دنیا کەمالیش دەڵێت "پشت بە خۆت ببەستە و بەردەوامبە دەگەیتە هیواکانت".

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنی کورد لە سەرجەم بوارەکانی کارکردن و ژیاندا جێدەستی خۆیان سەلماندووە، هەنگاوەکانیان گەورەتر کردووە بەو ڕادەیەی بەربەستەکانی بەردەمیان بکەنە یەکێک لە هەنگاوەکانیان و پیایدا بەرەو ئامانجەکانیان سەربکەون، بۆ ئەم مەبەستەش تواناکانیان خستووەتە کار، کاتەکانی ژیانیان ڕێکخستووە بەو ئەندازەیەی ببنە نمونەی ژنی پێشەنگ بۆ کۆمەڵگە و خێزانەکانیان.

 

دنیا کەمال، لەدایکبووی شاری سلێمانییە، خاوەنی کۆمپانیانی گەشتوگوزاری "angel wings"ی گەشتیارییە، لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی"fly bagdad"ە و خوێندکاری زانکۆیە، لە ساڵی ٢٠٠٥دا بڕوانامەی پەیوەندییەکانی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەدەستهێناوە، دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە تا ساڵی ٢٠١٩ و لە بواری بازرگانیدا دەستیکردووەتەوە بە خوێندن.

 

دنیا لە ئێستادا ٣٧ ساڵە، لە باسی ژیانی خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد لە سەرەتاکانی تەمەنی گەنجیدا خولیای خوێندنی نەبووە، زیاتر کاتەکانی ژیانی بە خۆشی بەسەربردووە، پێی وابووە خوێندن هیچ سودێکی نییە و تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامەیە، بەڵام کاتێک دەچێتە بواری کارکردنەوە لە تەمەنی ٢٣ساڵیدا و نوسینگەی تایبەتی خۆی دادەمەزرێنێت، درک بە گرنگی خوێندن دەکات و دەست دەکاتەوە بە خوێندن، دەشڵێت: خوێندن گرنی خۆی هەیە و لە ڕێیەوە دەتوانیت زیاتر فێر ببیت، نابێتە ڕێگر لە بەردەم هەنگاوەکانی ژیاندا.

 

"پێم باشبوو تەنها لە یەک هێڵی ئاسمانیدا کار نەکەم"

دەربارەی دامەزراندنی نوسینگە گەشتییارییەکی، دنیا ڕوونیکردەوە، یەکەم دەستپێکی کاری لە ئەزمەر ئێرلاین بووە، ماوەی حەوت ساڵ لەوێ کاری کردووە، دواتر چووەتە چەند کۆمپانیایەکی دیکە، دنیا پێشتر لە بواری گەشتوگوزاریدا بەرفراوانتر کاری کردووە، بۆیە بەو جۆرە کارە نائاسودە بووە، بڕیاریدا نوسینگەیەکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان کار بکات و خۆی نەبەستێتەوە بە یەک هێڵەوە، وتیشی: زۆرکات کەسانی نزیک یاخود هاوڵاتیان سەردانیان دەکردین و تکتی شوێنێکی دیکەیان دەویست و ئێمە نەمانبوو، بۆیە بڕیارمدا نوسینگەکەم هەموو شوێنێک لەخۆبگرێت، نەک تەنها وڵاتێکی وەک تورکیا.

 

"درکم بەوەکرد دەتوانم ئەزموونەکانی کارکردنم بکەمە هەلی کار بۆ گەنجان"

دنیا کەمال، لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا نوسینگەکەی دامەزراندووە، درکی بەوە کردووە ئەزموونێکی کاری هەیە و پێویستە پەرەی پێبدات، هەروەها لە زۆر بواری کارەکەیدا شارەزا بووە و نەیویستووە تەنها لە یەک هێڵدا کار بکات، جگە لەوە بیری لەوە کردووەتەوە بە دامەزرادنی نوسینگەی گەشتوگوزاری دەتوانێت هەلی کار بۆ گەنجانی دیکە بڕەخسێنێت و فێری ئەزموونی ژیانیان بکات.

 

ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری هێڵێکی دیکە بووە، لە نوسینگەکەی خۆیدا زۆر کاری نەکردووە، بەڵکو گەنجانی دیکەی خستووەتە سەر کار و کاریان بۆ کردووە، دەڵێت "هێندە حەزیان بە کارەکە بوو، تەنها لە ڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەکانی منەوە توانیان شارەزای تەواو پەیدا بکەن، من وەک سەرپەرشتیکار لەگەڵیاندام".

 

"ڕێکخستنی کاتەکانت دەتگەیەنێتە ئامانجەکەت"

دنیا کەمال ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی خوێندنەکەی کرد و باسی لەوەکرد، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩ دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و پەیوەندی بە زانکۆی ئەمریکی کردووە لە سلێمانی، هەستی بەوەکرد ئەو بەشەی دەیخوێنێت کە بازرگانییە دەتوانێت سودی پێبگەیەنێت لە کارەکانیدا، دنیا جگە لە خوێندنەکەی چەندین کۆرسی لە ناوخۆی هەرێم و وڵاتانی دەرەوەش وەرگرتووە، کۆرسەکانی لە بواری جیاوازدان وەک بواری کارەکەی خۆی، چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ و چەندینی دیکە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، ڕاستە کارکردن و خوێندن و بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵ ئەرکێکی قورسە، بەڵام کەسێک بتوانێت کاتەکانی بە شێوەیەکی باش ڕێکبخات دەتوانێت سەرجەمیان بە سەرکەوتووی ئەنجام بدات، ڕۆژانە سەردانی زانکۆ و شوێنی کارەکانی دەکات و خێزانەکەشی بەڕێوەدەبات.

 

"گرنگە کاتەکانت بەفیڕۆ نەدەیت و بە شتانێکی سودبەخش بەسەریان ببەیت"

دنیا کەمال بە پێی ئەزموونەکانی ژیانی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی مرۆڤ هەرچیەکی بوێت دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، دەڵێت: "من کەسێک بووم خولیای خوێندنم نەبوو، بەڵام ئێستا پێچەوانە بوومەتەوە، هۆکاری ئەمەش خوشکەکانمە کە هەموویان بڕوانامەیان هەیە و کاری پێدەکەن"، باسی لەوەکرد چەندین جار حەزی بە کڕینی کتێبخانە هەبووە لە ماڵەکەیدا دایبنێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی کتێبەوە نەیکڕیوە، بە پێچەوانەوە ئێستا شەو نییە دنیا کتێب نەخوێنێتەوە.

 

کاتێک دەستی کرد بە خوێندنەوەی کتێب دڵنیا بووەوە لەوەی کتێب بیر و هۆشی مرۆڤەکان دەگۆڕێت و دەتوانێت بەرەو پێشەوەیان ببات، هەربۆیە بڕیاریدا بخوێنێتەوە و هیچ شەوێکی ژیانی بە بێ کتێب خوێندنەوە بەڕێ نەکات، دەڵێت: ئەو کتێبانەی دەیانخوێنمەوە زیاتر باس لە گونجاندن و گەشبینی ژیان دەکەن، چونکە لە ڕێیەوە دەتوانیت داهاتوویەکی باش بونیاد بنێی.

 

"ژیانی هاوژینی نابێت ببێتە بەربەستێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت"

لە هەر هەنگاوێکی ئەو ژنەدا چەندین ڕێگری هەبوون هەر لە دۆخی سیاسی هەرێم،  هەبوونی کۆرۆنا و دووگیانبوونی بە کچە بچووکەکەی بیگرە، تا دەگاتە قسەی کۆمەڵگە، لە بەرامبەردا دایک و خوشکەکانی ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی دنیادا بە جۆرێک دایکی بە ئێستەشەوە ئاگاداری منداڵەکانییەتی.

 

وتی: خەڵکی بەردەوام لەسەر هەموو شتێک قسە دەکەن، بۆیە کەوتووەتە سەر خۆت تا چەند پەیوەستی بە قسەی کۆمەڵگەوە، دەتوانیت گوێیان لێبگریت، بەڵام نەیکەیتە بەربەست بۆ خۆت، ئەمەش وایکردووە خەڵکی لە کارەکانم ڕازی بن و دڵخۆشبن بە سەردانیکردن.

 

"دایک بیت پێویستە زیاتر شوێن ئامانجەکانت بکەویت بۆ ئەوەی ببیتە نمونە بۆ منداڵەکانت"

دەربارەی کارکردنی ژنان باسی لەوەکرد، لە کۆمەڵگەی کوردیدا کاتێک ژنێک دەچێتە ژیانی هاوژینییەوە پێیان سەیر دەبێت ئەگەر کاربکات و بخوێنێتەوە، پێیانوایە ژیان بۆ ئەو ژنە کۆتای هاتووە، بە پێچەوانەوە دنیا لە پاش ژیانی هاوژینی و منداڵبوونی دەستی کردووە بە گەیشتن بە ئامانجەکانی.

 

دەڵێت: ژن بە توانایە دەتوانێت خاوەن بەرهەم بێت، بۆیە ناکرێت لە ماڵەکانیان بن و تەنها بەدیار منداڵەوە دابنیشن، بەڵکو دەبێت هەوڵبدات و ببێتە نمونەی ژنێکی سەرکەتوو بۆ منداڵەکانی، چونکە منداڵ هەمیشە تەماشای ژیانی دەکات ئەگەر ژێردەستە و بێ توانا بێت کاریگەری لەسەر ژیانی منداڵەکەشی دروست دەکات.