ژنانی ئێزدی: کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دژی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'ە.

ژنانی ئێزدیی شنگال دووەمین کۆمەڵکوژی کوردیان لە پاریس ئیدانە کرد و ڕایانگەیاند، ئەم کۆمەڵکوژییە دژی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'ە و داوای بەرزکردنەوەی خەباتیان کرد.

شیلان شەنگال

 

شەنگال- لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠ەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس کە تێیدا ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز شەهید کران، لە ٢٣ی کانوونی دووەمدا هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا ڕوویدا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە ئامینە کارا، هونەرمەندان میر پەروەر و ئەبورەحمان کزل گیانیان لەدەستدا، کورد و دۆستەکانی لە هەموو شوێنێکی جیهان لە دژی ئەم هێرشە نامرۆڤانە و ترسنۆکانە وەستانەوە.

 

"ئەمە سەدەی ئازادی ژنانە"

کاملا عەمەر، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ ئیدانەی کۆمەڵکوژی پاریسی کرد و وتی: لە کەسایەتی ئەو دۆستانەدا سەری خۆمان لە بەرامبەر هەموو شەهیدان دادەنەوێنین، عەقڵی پیاوی بەهێز و پیاوکوژ لە هەموو شوێنێک ژن دەکاتە ئامانج. ئەمڕۆ با لێی بڕوانین، لە هەر شوێنێک تێکۆشان هەبێت، لەوێ ژنان پێشەنگن، بۆ ئەوەش دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەموو شوێنێک هێرش دەکاتە سەر ژنان.

 

کاملا عەمەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەرچییەک بکەن، وەک ژن، ئێمە ناوەستین، دژی هەموو جۆرە داگیرکاری و گۆشەگیری و کۆمەڵکوژییەک دەوەستینەوە. ئەمە سەدەی ئازادی ژنانە، هەر بۆیە دەڵێین 'ژن، ژیان، ئازادی'، لە هەموو پارچەکانی جیهان کورد و دۆستەکانی هەن و لە خەباتی خۆیان لە دژی گۆشەگیری و داگیرکاری بەردەوام دەبن.

 

"لە هێزی ئێمە دەترسن"

جاکلی حسێن، ئەندامی تاژێ دەڵێت: سەرەتا هەموو هاوڕێ شەهیدەکانمان بەبیر دەهێنینەوە و دەڵێین خوێنیان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین، ئەمڕۆ دەبینین لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان دەکرێنە ئامانج، ئەوان لە هێزی ئێمە دەترسن، هەر بۆیە هێرش دەکەنە سەرمان، ئەم هێرشە کراوەتە سەر فەلسەفە و بیردۆزی 'ژن، ژیان، ئازادی'، وەک ژنی ئێزدی هەمیشە لەسەر پێی خۆمان دەبین، ئێمە جارێکی تر ئەم هێرشە ئیدانە دەکەین و دەڵێین دوژمن هەرگیز ناتوانێت دروشمی 'ژن و ژیان و ئازادی' لەناوببات.