ژنان هیواخوازن ٢٠٢٣ ساڵێکی باشتر بێت بۆ ژنان و گەنجان

ژنان باس لە دۆخی ساڵی ٢٠٢٢ دەکەن، کە پڕ بووە لە قەیران و ململانێی سیاسی و بەتایبەت کاریگەری لەسەر ژنان و گەنجان بەجێهێشتووە، هیواخوازیشن ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە ساڵی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و قەیرانەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ٢٠٢٢ لە باشووری کوردستان ساڵێکی پڕ لە قەیران و ململانێی دۆخی سیاسی بوو، هاوڵاتیان ڕووبەڕووی نەبوونی موچە، گرانی نرخی بازار، زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، دۆخی سەختی مامۆستایانی وانەبێژ و نەبوونی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ململانێ و ناکۆکی نێو حزبە سیاسییەکان بوونەوە، دۆخەکە بەتایبەت بۆ ژنان ئاڵۆزترە، چونکە لەگەڵ کۆمەڵگەدا بەشیان لە قەیران و ملمانێکاندا هەیە و وەکو ڕەگەزیش ڕووبەڕووی توندوتیژی، جیاوازی ڕەگەزی، دوورخستنەوەیان لە ناوەندە باڵاکان و تانەدان لەلایەن کۆمەڵگە و دەرکردنی بڕیار و یاسا و وتاری دژە ژنان دەبنەوە.

 

هێرشە داگیرکارییەکانیش پشکی شێریان لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی باشووری کوردستان هەبوو، داگیرکاری لە ڕێگەی میدیا و دراما تورکی و بیانییەکانەوە زەبری لە کولتوور و هونەری کوردی داوە، لە ڕووی ژینگەییەوە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا زیانی بە ژینگە گەیاند و چەندین دانیشووی گوندەکان بەرکەوتەی لێکەوتەکانی ئەو چەکە بوون و ١٧ گەریلای ئازادی، کە گەنجی باشووری کوردستانیشی تێدابوو شەهید بوون، جگە لە بەردەوامی هێرشە داگیرکارییەکان و بۆردومانەکان.

 

ژنانی شاری سلێمانی باس لە ساڵی ٢٠٢٢ و گرفتەکانیان دەکەن و هیواخوازن ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە مایەی دەستکەوتی زیاتری ژنان و چارەسەربوونی قەیران و ململانێکان.

 

"هیواخوازم ٢٠٢٣ ژنان بگەنە ئامانج و ئازادییەکانیان"

پەروین تەیفور، دەربارەی ساڵی ٢٠٢٢ ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی هەبوونی ڕێژەی کوشتنی زۆر و توندوتیژییەکانی سەر ژنان ساڵێکی هیچ باش نەبووە، وتی: ساڵ بە ساڵ هیوامان بە باشبوونی دۆخی ژنان هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنان لە هەرێمی ئێمەدا بە کەم تەماشا دەکرێن، چەندین کێشەی خێزانی هەن کە تیایدا پیاو بە ناوی برا و هاوسەرەوە ژنەکانیان دەکوژن و توندوتیژی بەرامبەر بە خوشکەکانیان دەکەن.

 

باسی لەوەکرد، ئومێدیان بە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە نەماوە و پێیوایە. بۆیە بەرەوپێش ناچین چونکە خاوەن ئەقڵێکی ژەنگاوین، وتیشی: بەهۆی ئەم دواکەوتوویەوە نەک تەنها ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بەڵکو ڕێگە لە سەرەکەوتنەکانیان دەگیرێت، ناهێڵن کار بکەن و بە ئامانجەکانیان بگەن، خاوەنی کۆمەڵگایەکین ئامانجی سەرەکیان ئازادنەبوونی ژنانە، بەڵام هیواخوازم لە ٢٠٢٣ ژنان بژین و بە ئازادانە بگەن بە ئامانجەکانیان".

 

"ئازادی ژنان دەیانگەیەنێتە سەرکەوتن"

نیعمەت داود، ڕوونیکردەوە هەموو ساڵێک بەشی خۆی خۆشی و ناخۆشی تێدایە، بەڵام ژیان لەبری ئەوەی بەرەوپێش بچێت، هەنگاو بەرەو دواوە دەنێت، بەتایبەت لە پرسی ژناندا، بەهۆی ئەو هەموو توندوتیژی و کوشتنەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: یەکێک لە ڕێگاکانی کەمبوونەوەی توندوتیژی بۆ سەر ژنان کارکردنیانە بە شێوەیەکی ئازادانە و بوون بە خاوەنکاری خۆیانە، چونکە لەو ڕێیەوە دەتوانن بگەن بە ئازادی و ئامانجەکانیان.

 

بە پێویستی دەزانێت لە ساڵی نوێدا جیهان لەوە تێبگەن کە جیاوازی نییە لە نێوان ژنان و پیاواندا، دەشڵێت: "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەسەر ئەو پرسانە کار بکەن کە دەبیتە هۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە لە ڕێی ژنانەوە، نەک کار بۆ ئەوە بکەن، ژنان لە ماڵەکانیاندا بچەوسێندرێنەوە بە بڕیارە هەڵەکانیان"، لە کۆتایدا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ هیوا دەخوازێت حکومەتی هەرێم و عێراق بە بڕیارەکانیاندا بچنەوە و یاساکانیان لە بەرژەوەندی ژناندا بێت.

 

"گەنجان نابێت چیتر پشت بە حکومەت ببەستن و دەبێت خۆیان پلانی ژیانیان دیاری بکەن"

پەیام مەولود، وەک گەنجێک دەربارەی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ باسی لەوەکرد کە، نە گەنجان توانیویانە باشترین پێشکەشی خۆیان بکەن، نە حکومەت و کۆمەڵگە توانیویەتی، بەهۆی ئەوەی بابەتی گرنگی زانکۆیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بووە دژی پێشێلکردنی مافەکانیان و نەدانی دەرماڵە، جگە لەمەش گەنج و خوێندکار وەک جاران هیوای بە خوێندن نەماوە، چونکە هەلی کار نییە و ئەمەش وایکردووە هێندەی گرنگی بە بابەتی لاوەکی و سۆشیاڵ میدیا بدەن، هێندە گرنگی بە بەرەوپێشچوونی خۆیان نەدەن.

 

وتیشی: هەرچەند دۆخەکە لەبار نەبێت بۆ گەیشتن بە پلانەکانت و ئامانجەکانت نابێت بوەستیت لە پلانەکانی ژیان و ساڵەکەت، دواجار گەنج دەبێت خۆی پلانی ساڵەکەی دیاری بکات و هەوڵ بدات زۆرترین پەرتووک بخوێنێتەوە، بەرەوپێش بچێت نەک تەنها پشت بە حکومەت ببەستێت.

 

دەربارەی توندوتیژییەکانی ژنان ڕوونیکردەوە چیتر نابێت ژنان بوەستن و توندوتیژییەکان قبوڵ بکەن، بەڵکو دەبێت لە ڕوویاندا بووەستنەوە، دەستبکەن بە کار و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

 

"لە کوردستاندا گەنج بێهوا بووە ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار دەخوازێت"

شەرمین عومەر، وەک خوێندکارێک ئاماژەی بەوەوەدا ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی باش نەبووە بۆ خوێندکاران، چونکە تەواوی ساڵەکە کەموکورتی تێدابوو، بەهۆی ئەوەی خوێندکار باری داراییان خراپ بوو و دەرماڵە و پێداویستییەکانیان بۆ پڕ نەکرایەوە، تا خوێندکاران وانەکانیان نەفەوتا دەرماڵە نەدرا.

 

وتیشی: لە هەرێمی کوردستاندا هیچ ساڵێک لە ساڵێکی دیکە باشتر نییە، هەمیشە بەرەو دواوە دەڕۆین و بەرەو باشتر ناچین، هەموومان بێ هیوا بووین لە حکومەت و ژیان، ئێمە هیوا دەخوازین ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی باش بێت، هەرچەند گەنجان خراپی حکومڕانی دەسەڵاتدارانیش ببینن، نابێت بێهیوا بن، بەڵکو دەبێت هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن و ڕوو بکەنە کەرتی تایبەت لەپێناو گەیشتن بە کار و ئامانجەکانیان.