فاتمە حسێن: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزێت و گەل ڕێکدەخات

فاتمە حسێن، ئەندامی کۆمیتەی ژنانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕایگەیاند، کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ئەو دەستکەوتانە دەپارێزێت کە بە هەوڵ و قوربانیدانی شەهیدان بەدەستهاتوون.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- بە ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش کە لە ڕێگەی ڕەنجی هەزاران شەهیدەوە بەدیهاتوون، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بنیادنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بە گرنگ زانی، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆرێک لە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی، کلدان، چاچان و ئێزدی دەژین، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیش بۆ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان چووەتە قۆناغی سێیەمەوە و لەلایەن دەزگا، کۆمیتە، ئەنجومەن و عەشیرەتەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بەپێی بۆچوونەکان هەموار دەکرێتەوە.

 

فاتمە حسێن، ئەندامی کۆمیتەی ژنانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ئاماژەی بەوەدا کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ڕێکخستن لەناو کۆمەڵگەدا دروستدەکات، "ڕێکخستنی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لەلایەن دامەزراوەکانەوە زۆر گرنگە، ئەمەش لە ڕێی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییە پێکدێت، چونکە ئەگەر ڕێکخستنەکانمان بەهێز نەکەین ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبینەوە، خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکرێنە ئامانج و هێرش دەکرێتە سەریان و کۆمەڵکوژ دەکرێن، بۆیە ئەگەر خۆمان ڕێکنەخەین ناتوانین بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببینەوە، ئێمە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی وەک چەکێک دەبینین بۆ پاراستنی خۆمان و کۆمەڵگاکەمان لە دژی داگیرکاری و هێرشەکان".

 

فاتمە حسێن لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە کاتێک گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەنگاوێک بنێن دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی چڕتر دەکاتەوە، "ئەو هێرشانەی ئێستا دەکرێتە سەر گەل بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییە، هەروەها گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ زیاد دەکەن و هێرش دەکەنە سەر خاکی کوردستان ه بۆ داگیرکردنی هەرێمەکەمان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشە".

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا کە سووریا کەس نییە بیپارێزێت بەڵکوو هەرکەس دێت و لە بەرژەوەندی خۆی دۆخی وڵاتەکە دەقۆزێتەوە، "ئێمە داوا لە حکومەتی شام دەکەین پشتیوانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و پاراستنی مافی نەتەوەکان پەسەند بکات و پێکەوە ڕێگری لە هێرشەکان بکەین، چونکە چارەسەرکردنی کێشەی سووریا لە سووریایە نەک جێیەکی دیکە".