گۆڕی ژنێک لە قەڵای کەرکوک بووەتە نزارگە
گۆڕی ژنێک و چیرۆکی مردنێکی شاراوە لەسەر قەڵای کەرکوک، بووە بە نزارگەی عاشقان لە شارەکە و مێژووی ئەو گۆڕە بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
تارا عەزیز
کەرکوک- بۆ چەندین سەدەیە، گۆڕی ژنێک لە سەر قەڵای شاری کەرکوک، بووە بە شوێنی ئەو عاشقانەی هیچ پەنایەک شک نابەن بۆ نزاکانیان، بێ ئەوەی چیرۆکی پشت ئەم گۆڕە بە ڕوونی بزانرێت، خەڵکی کەرکوک بە بڕوایەکی پتەوەوە ڕوودەکەنە گۆڕی ئەم ژنە و ڕاز و نهێنییەکانی خۆیانی لا باس دەکەن.
مەزارگەی "بودا خاتوون"، کە بە قەڵای بوغداش ناودەبرێت. جیاواز لە هەموو مەزارگەکانی تر، گۆڕی ژنێکە و عاشقان زیاتر ڕووی تێدەکەن، لە دەوروبەری گۆڕەکەی مۆم هەڵدەکەن و نزا دەکەن کە چارەنووسیان وەکو چارەنووسی بودا نەبێت، ئەم شوێنە بۆ بەشێک لە خەڵک بووە بە نەریت و سروتی ئاینی کە دەبێت هەفتانە ڕووی تێبکەن تا دوعاکانیان گیرا دەبێت.
گومەتە شینەکەی قەڵای کەرکوک نزارگەیە
شوێنی گۆڕەکەی بودا خاتوون، لە ناو قەڵای کەرکوک دایە و گۆڕەپانێکە بە ڕووبەری ٥٠٠ مەتر، بەرزاییەکەی بەسەر هەموو شاردا دەڕوانێت، منارەیەکی نەخشێندراو و گومەتێکی شین لە ناوەڕاستی گۆرەپانەکەی دایە کە پانییەکەی ٥ مەتر و بەرزییەکەی ٩ مەتر دەبێت.
ئەم گومەتە لە دوو نهۆم پێكهاتووە و ژێر زەمینەكەشی سێ پەنجەرەی لە خۆ گرتووە بۆ ڕووناکی، دەرگایەکی بچووکی بازنەییەش بۆ چوونە ناو منارەکە و سەردانی کردنی هەیە، بە باڵای گومەتەکەدا نەخشێکی ورد و هونەرێکی دێرینی تەلارسازی بەکارهاتووە کە ساڵانێکی زۆرە بووە بە سیمبولی شارەکە.
خەڵک هێندەی بیریان مابێت، گۆڕەکەی بودا لەگەڵ بوونیان لە کەرکوک هەر هەبووە، یەکێکە لە مۆرکەکانی قەڵاکە و لە زۆر کۆنیشدا دانیستوانی ئەم شارەش بە مەبەستی نزاکردن بۆ عاشقەکانیان پەنایان بۆ ئەم گۆڕە بردووە.
بودا خاتوون کێیە و چیرۆکە شاراوەکەی چییە؟
بودا خاتوون لە ڕاستیدا ناوی بوغدا خاتوونـە و لەگەڵ تێپەڕینی سەردەمەکاندا ناوی گۆڕاوە بۆ بودا، واتای ناوی بوغدا بە واتای گەنم دێت. سەرچاوەکان لە بارەی چیرۆکە شاراوەکەی بوداوە جۆراوجۆران، بە جۆرێک کە خاوەنی چەندین چیرۆکی جیاواز و دوور لە یەکە، چەند جارێکیش لە سەردەمە جیاوازەكاندا گومەتی شین لە لایەن خەڵكەوە ڕووبەڕووی تاڵانكردن بووەتەوە، چونكە وازانراوە هاوشێوەی گۆڕە دێرینەكان خشڵ و زێڕێكی زۆری تێدایە.
بودا لە ڕێگەدا کۆچی دوایی کردووە
بە پێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شوێنەواری شاری کەرکوک کە بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە، دەڵێن كچی پاشایەک، کە مەزەندە دەکرێت کچی یەکێک لە پاشاکانی سەردەمی ئیلخانی و جەلائیریەکان بوو بێت، لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بە تایبەتـتریش لە بوخارەوە لەگەڵ كەسوكارەكەیدا هاتووە بۆ حەجكردن، لە رێگەدا نەخۆش كەوتووە، كاتێك نزیك كەركوك بونەتەوە كۆچی دوایی كردووە، بە هۆی دووری كەركوك لە زێدی خۆیان بڕیاریانداوە بودا هەر لەو زەویەدا بنێژن كە تێیدا گیانی لەدەستداوە.
بودا لەو شارەدا دەنێژرێت کە ئێستا بووەتە قەڵای کەرکوک، بە دەستووری خۆشیان گومەتێكی بۆ دروست دەکەن، ئێستاش پێی دەوترێت گومەتی شین.
بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر گومەتەکە کراوە مێژووەکەی بۆ 762ی كۆچی دەگەڕێتەوە كە بەرامبەر ساڵی 1361ی زاینییە.
بودا کچی بازرگانێک بووە
بە پێی ئەو سەرگوزەشتەیەی لە ناو خەڵکدا بڵاوە، دەڵێن بودا کچی بازرگانێکی دەوڵەمەندی شار بووە، بە هۆی ئەوەی باوکی ڕازی نابێت کچەکەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا بکات، بودا خۆی دەکوژێت، دواتر بە هۆی خۆشەویستییە گەورەکەی باوکی بۆ کچەکەی، گۆڕێکی بەو شێوەیەی بۆ دروست دەکات
خەڵکیش هەر بە هیوای ئەوەی چارەنووسیان وەکو چارەنووسی بودا نەبێت، سەردانی مەزارگەکەی دەکەن و نزا دەکەن و دەپاڕێنەوە، هەندێکی تریش دەڵێن کە بودا خوشکی هاروون ڕەشید بووە.
ئەگەرچی پشتگوێ خراوە بەڵام جوانییەکەی ون نەکردووە
دوای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر بەسەر دروستکردنیدا، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ خزمەتێک ناکرێت و پشتگوێ خراوە لە لایەن شوێنەواری کەرکوک و دەسەڵاتدارانەوە، بەڵام گۆڕەکەی بودا هێشتا بە شکۆ و بەرزی خۆیەوە لە ناو قەڵادا ماوەتەوە و بووەتە سیمایەکی ڕەنگین بۆ کەرکوک و قەڵا.
ت.پ