عائیشە ئاغاگوڵ: دەبێت تاڵیبان لەبیری بێت کە ئێمە لەوە ئازاترین خەیاڵی دەکەن

"نەوەی پێش ئێمە ژنی ئازا و بوێرن کە بۆ خەبات لەپێناو مافەکانیان چوونەتە دەرەوە لەسەر ڕێگای پارێزگا جیاوازەکان تێکۆشاون".

بەهاران لاهیب

 

کابول- پارێزگای پەروان دەکەوێتە باکووری کابول بە دووری ٦٤ کم، ناوەندەکەی شاری چاریکارە و یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە بە درێژایی مێژوو وەک بەشەکانی تری ئەفغانستان لە هەوراز و نشێودا بووە، بەڵام لە سەردەمی کودەتاکانی خاڵق و پەرهامەوە (دوو کوتلەی دروستکراوی حکومەتی سۆڤیەت کە لە ساڵی ١٣٥٧ لە کاتی کودەتایەکدا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و لە ماوەی ١٤ ساڵەی حوکمڕانیدا تاوانی بێشوماریان لە دژی گەل ئەنجامدا) تا ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و شۆڕشگێڕان لەم ناوچەیەدا کوژران، زۆربەی خەڵکی ئەم پارێزگایە خاوەن زەوی و باخەوانن و بە خواردن و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، ئەم پارێزگایە وەک پارێزگاکانی تری ئەفغانستان لە ڕووی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و قوتابخانە و نەخۆشخانەکانەوە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، کە ملیۆنان دۆلار ڕژاوەتە ئەفغانستانەوە، بەڵام لە دۆخێکی خراپدایە.

 

عائیشە ئاغاگوڵ، ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵە، کاتێک تاڵیبان ئەفغانستانی داگیرکرد تازە چووبووە پۆلی ٩، لەگەڵ دوو خوشکەکەی و دوو برازاکەی و کچانی دیکەی ئەم گەڕەکە خوێندنیان وەستاند و لەگەڵ دایک و باوکیان خەریکی کاری کێڵگەکانیانن.

 

عائیشە دەڵێت: ڕاستە تاڵیبان ڕێگریان کردووە لە ئێمەی کچان بچینە قوتابخانە، بەڵام من لە ماڵەکەمدا خولێکم بۆ خوشکەزا و برازاکانم دروستکرد، کە لە من بچووکترن و هەموویان فێری زانست دەکەم، برازاکەشـم ئینگلیزی دەزانیێت و فێری ئێمە دەکات.

 

عائیشە بە ڕووخساری پێکەنیناوییەوە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: نەوەی پێش ئێمە ژنانی ئازان کە بۆ خەبات بۆ مافەکانیان چوونەتە دەرەوە، لە شاری چەریکار چەندین خۆپیشاندان لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدراوە و تەنانەت تاڵیبانیش سەرکوتیان کردووە، پێویستە تاڵیبان لەبیری بێت کە ئێمە لەوە ئازاترین کە ئەوان خەیاڵی دەکەن، لە ژنە شەڕکەرەکانی وڵاتەکەم و خوشکە ئێرانییەکانمەوە فێربووم کە نابێت دەستبەردار ببم، ئەمەش وای لێکردم ئەم خولە ڕێکبخەم.