ژن کوشتن بەستراوەتەوە بە پاراستنی شەرەفەوە

کولتووری هەر نەتەوەیەک پێکهاتووە لە بیرکردنەوە، باوەڕەکان و دابوونەریت، کۆی ئەمانە چۆنیەتی ژیانکردن نیشاندەدات لە ڕابردووەوە تا ئێستا و مانەوەی ئەو کۆمەڵگەیەش دیاریدەکات، ژن کوشتن وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی شەرەف بووەتە بەشێک لە کولتووری نەتەوەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

بیانوی ژن کوشتن لای تاک و عەقڵیەتی زۆرینەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت کورد، پاراستنی شەرەفە، بەو واتایەی کوشتن شەرەف بەرز ڕادەگرێت و تەنانەت لە هەندێک بارودۆخدا بکوژ وەک پاڵەوان سەیر دەکرێت، وەک ئەوەی کارێکی گرنگ و تەواو دروستی بە ئەنجام گەیاندبێت.

 

توندوتیژی و کوشتنی ژنان، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم و زۆرەملێ و ژن بەژن و فرە ژنی و هتد... کە مامەڵە کردنن بە ژیانی ژنەوە، بنەچەکەی بۆ ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی، پیاوسالاری و موڵکایەتی دەگەڕێتەوە، لەو ئەقڵییەتەدا ژن کاڵای مامەڵە کردنە و پێویستە لەکاتی سەودا پێوەکردندا بێ لەکە بێت و کەسی بەرامبەر نوختەی لەسەر ئەو ژنە نەبێت، ئەم پرسە چۆنە؟

 

لە بچوکترین حاڵەتدا، قسەکردنی ژن لەناو کۆمەڵە کەسێک، چوونە دەرەوەی ژن لە ماڵ بێ پرسی پیاوی ماڵ، لەبەرکردنی هەندێک جل دوور لە ئەرێکردنی خێزانەکە، قبوڵنەکردنی سەپاندنەکانی پیاو لەلایەن ژنانە، ئەمانە و چەندانی دیکە کە خودی ژن تیایدا وەلا دەنرێت، دەبێتەوە هۆی توندوتیژی، جگە لەمانە، هەر هەنگاوێکی ژنان کە بە ئەقڵیەتی ڕەگەزگەرای کۆمەڵگە بە هەڵە دادەنرێت دەبێتەوە هۆی کوشتنی ژنەکە و پاک کردنەوەی شەرەفی پیاوەکە، وەک ئەوەی ژن شەرەفی پیاو بێت و خۆی شەرەفی نەبێت.

 

عەقڵیەتی بە پاڵەوان کردن

هەر ئەو عەقڵیەتی بە پاڵەوان کردنە لای زۆرینە وای لە تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەکات لەهەر بارودۆخێکدا ببن، لەسەر حسابی ژن ببن بە کەسی پاڵەوان، نێر-پیاو وەها ڕێکخراوە کە فلتەری هەڵەی ژن بێت، جا ئەو نێرە هەرچی بکات بۆی ڕەوایەتی دەبینرێت و باجێکی واها نادات دەرهەق بە هەڵەکەی بێت، کە چەند بار لە هەڵەی ژن زەقتر و ناشرینتر بێت، کاتێک هەردوو ڕەگەز لە هەڵەیەک پشکدارن، تیایدا رەگەزی نێر وەک تەرەفی پاڵەوان تەماشا بکرێت و ژنەکەش بێ هیچ شتێک دەبێت بە کەسی کوژراو، لەکاتێکدا لەگەڵ نێرسالارێکدا پشکدار بووە.

 

هاتنی نامەیەک بۆ مۆبایلەکەت ڕەنگە تۆی ژن بکات بە کوژراو، یان سڵاوکردن لە هاوپۆلەکەت یان هاوپیشەکەت دەتخاتە بازنەی بوختان کردن بەوەی کە تۆ خاوەن مەرامی لەو سڵاوکردنە، بەڵام ئەم کارانە بۆ ڕەگەزی نێر ئاساییە و بگرە زۆرجار شانازیشی پێوە دەکرێت و پیاهەڵدانی بۆ دەکەن.

 

ئاماری ژن کوشتن لە بەرزبوونەوەدایە

ژمارەی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنەکانی ژن بۆ هەرێمێکی بچوکی وەک باشووری کوردستان بەرزە و مەترسیدارە، تا ڕادەیەکی زۆر خەریکە تێکەڵاو بە کولتووری کوردی دەبێت، ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت دەبێت بە پێناسێکی گەلی کورد.

 

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسی نوژنها لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون.

 

لەلایەکی دیکەوە بە پێی ئاماری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە شەش  مانگی ئەمساڵدا ٨٢ ژن کوژراون، لەو ژمارەیە، ٢٢ ژن کوژراون، ٣١ ژن ناچار بە خۆکوشتن کراون، ٢٩ ژن خۆیان سووتاندوە.