گەنجانی ڕانیە: ئێمە لە خاکی خۆمانداین و تورکیا هێرش دەکاتە سەرمان
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەردەوامە و ژنانی گەنجی ڕانیە ئاماژە بەوەدەکەن کە بۆردومانەکان زیان بە گوندەکان دەگەیەنێت و دەشڵێن: ئەمە خاکی ئێمەیە پێویستە حکومەتی هەرێم بێتە دەنگ.
تەوار پێنجوێنی
ڕاپەڕین- دەوڵەتی تورکیا بەردەوام ئۆپەراسیۆن بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان دەستپێدەکات و بۆردومانی ناوچە سنورییەکان و گوندەکان دەکات، زیاتر لە ٨ مانگیشە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی بادینان، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین چڕکردووەتەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە هێزی پاراستی گەل بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی بەکارهاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تیمی ئاشتیپارێزی کرستیان-سی پی تی لە هەرێمی کوردستان کە مانگی تەمموز/٧ بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی پێنج ساڵدا ١٠٣ هاوڵاتی شەهید بوون و ١٤٨ گوند چۆڵکراون و ٥٠٠ گوندیش هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەربووە.
ژنانی گەنجی ڕانیە دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئاژانسی نوژنها دوان و باسیان لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا خاکی کوردان بۆردومان دەکات و داگیرکاری دەکات، ئەوەشی زیانی بەردەکەوێت گوند و هاوڵاتیانی مەدەنین.
"دەسەڵاتداران باکیان بە هاوڵاتی نییە و بێدەنگن لە ئاست بۆردومانەکان"
هاوژین محەمەد، دانیشتووی شاری ڕانیەیە، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت: ناخۆشە کاتێک سنور و خاکێکت هەیە، بەڵام دەوڵەتێکی دیکە تۆپبارانت دەکات، بەمەش خەڵکی هەژار و گەل دەبنە قوربانی، بەڵام ئەوانەی لە سەرەوەن و دەسەڵاتدارن باکیان بە گەل نییە و بیدەنگن، ئەگەر بێدەنگ نەبوونایە میللەتیش نەدەبووە قوربانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام دیارە کە ڕێککەوتنیان هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا".
هاوژین باس لە زیانی بۆردومانەکان دەکات بۆ سەر گوندەکان کە بەهۆیەوە چۆڵدەکرێن و زیان بە گوندنشینان دەکات، "ئێمە پێویستمان بە گوندەکانە بۆ بەرهەمی میوە و ئاژەڵی، بەڵام بەهۆی بۆردومانەوە گوندەکان چۆڵدەکرێن و زیان بە هەمووان دەگات لە نەبوونی گونددا".
خاکەکەمان بەپیتە و موڵکی کوردانە
ڕوناز ئیسماعیل، ژنێکی گەنجی دیکەیە و دەڵێت خاکەکەی ئێمە بە پیتە بۆیە هێرش دەکەنە سەر خاکەکەمان، ئەمەشی بۆ نابەرپرسی حکومەتی هەرێم گەڕاندەوە، "دەبێت حکومەتی هەرێم بێتە دەنگ و ڕێگەنەدات،، خاکەکەمان بەپیتە و خاکی خۆمانە کوردی تێدا دەژی، ئێمە کوردین، بەڵام بە سیاسەت بیرکردنەوەی خراپیان دروستکردووە و تورکەکان وادەزانن ئێمە دوژمنیانین بەڵام ئێمە دوژمنی کەس نین".
ڕوناز وتیشی بۆردومانەکان زیانی بۆ گوندەکان هەیە و وایلێهاتووە کە خەڵک گوند و شاخەکان بەجێدەهێڵن لە ترسی بۆردومان، "چونکە زیانی بۆ خەڵکی ئاسایی هەیە".
ت.پ