"لێکترازانی خێزان کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵ دروست دەکات"

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت: دوای هەڵوەشاندنەوەی خێزان دایکان دەیانەوێت منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، بەڵام نەبوونی سیستمێکی ئابووری و هەڵسوکەوتی خراپ لەلایەن ماڵە باوانی ژنانەوە، دەبێتە هۆی لێکترازانی منداڵ و دایک.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پەیوەندی هاوسەرگیری لەنێوان هاوژینان پەیوەندیەکی خزمایەتیە لە نێوانیاندا، دوای لە دایکبوونی منداڵ پەیوەندیەکی خوێنی خێزان بە منداڵەوە دەبەستێتەوە، هەندێک جار بە هۆکاری جیا خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە، منداڵ دەبێتە زیانبەرکەوتووی سەرەکی لێکترازانی خێزانەکە، هەندێک جار منداڵەکان لە دوای هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانیان لانەیەکیان نابێت بۆ مانەوە و پەروەردە کردنیان، لەکاتێکدا منداڵ پێویستی بە پەروەردەکردنێکی تۆکمە هەیە و دەبێت خێزانێکی پتەوی هەبێت بۆ پەروەردەکردنێکی تەندروست.

 

هەڵوەشاندنەوەی خێزان کاریگەری لەسەر پەروەردە و لایەنی دەروونی و ژیانی منداڵ هەیە، نەسیبە حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، باس لەوەدەکات، دوای هەڵوەشاندنەوەی خێزان پێویستە منداڵ لەلایەن دایکی یان باوکیەوە سەرپەرشتی بکرێت، تا تاکێکی تەندروست بێت لە کۆمەڵگەدا، بە پێچەوانەوە بەشێک لە منداڵان ڕوو لە کەسانی دووەمی خێزانەکەیان دەکەن بۆ پەروەردەکردن و هەندێک جار ڕووبەڕووی چەندین زەبری دەروونی و پەروەردەی ناتەندروست دەبنەوە، دەشڵێت: بەشێک لە منداڵان لە دوای جیابوونەوەی هاوژینانەوە لەو ژینگەیە دادەبڕێن کە لێی پەروەردە بوون، بەشێکیان کەسانی دووەم و سێیەمی خێزان پەروەردەیان دەکەن، وەک مام و داپیرە و کەسانی دیکە، کە هەندێک جار ئەو ژینگەیە بۆ منداڵەکە گونجاو نییە، یاخود پەروەردەیەکی هەڵە دەکرێن و لەڕووی هەڵسوکەوتەوە بۆیان خراپ دەبن، لەو بارودۆخەدا وا باشترە دایکان و باوکان ئەرکی بەخێوکردنی منداڵان بگرنە ئەستۆی خۆیان.

 

"کۆمەڵگە بە چاوێکی بەزەییانە لە منداڵێک دەڕوانن کە خێزانەکەیان هەڵوەشاوەتەوە"

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵگە نەگەیشتووەتە ئاستێکی ڕۆشنبیری بەرامبەر ژنان و منداڵان، منداڵ بە هۆکاری خراپ هەڵسوکەوتکردنی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی لایەنی دەروونی زۆر خراپ دەبێتەوە، هەروەها وتی: جیابوونەوەی هاوژینان لە ڕووی ئاینی و یاساییەوە کاریکی ئاساییە، بەڵام کۆمەڵگە بە چاوێکی ئاسایی سەیری منداڵەکان ناکات، کە دەبێتە هۆی تێکدانی لایەنی دەروونی منداڵ، لە دوای جیابوونەوەی هاوژینانەوە لە کۆمەڵگەکاندا هەست بە جیاوازیەکانی منداڵ دەکرێت، بەشێک لە کۆمەڵگە و وڵاتان لە دوای جیابوونەوەی هاوژینانەوە لەلایەن سیستمی وڵاتەوە ئەرکی پەروەردە کردنی منداڵ لە ڕووی ئابووری و دابینکردنی شوێنی مانەوە دەگرنە ئەستۆ، بەڵام وڵاتێکی وەکو عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوەیە، بەشێک لە دایکان دەیانەوێت منداڵەکانیان لە ژێر چاودێری خۆیاندا بێت، بەڵام بەهۆکاری خراپی باروودۆخی ئابووری ناتوانن منداڵەکانیان پەروەردە بکەن.

 

"دایکان بە هۆکاری نەبوونی پاڵپشتی دارای دەستبەرداری منداڵەکانیان دەبن"

ژنان لەدوای هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانیان زیانبەرکەووتوون وەک منداڵآن، نەسیبە حسێن ئاماژەی بەوەکرد، زۆرێک لە ژنان لەدوای جیابونەوە دەیانەوێت بەخێوکردنی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام دوو هۆکار دەبێتە هۆی لەخۆ نەگرتنی منداڵەکانی، لەو بارەیەوە وتی: لەو کاتەدا یان هاوژینەکانیان منداڵەکانیان پێ نادەن، یاخود بەشێک لە خێزانی ژنان بە هۆی هەبوونی دابونەریتێکی هەڵەوە ڕێگە نادەن منداڵ لای دایکی گەورە ببێت، وەک دەزانین پەیوەندی دایک و منداڵ پەیوەنیەکی خوێنیە و تەواوکەری یەکدین، بەڵام بەداخەوە چەندین حاڵەت هەبووە دایکان کەوتوونەتە بارودۆخێکی دەروونی خراپەوە بەهۆی بەخێونەکردنی منداڵەکانیانەوە.

 

توێژەری کۆمەڵایەتی نەسیبە وتیشی: زۆر جار دایکان زیاتر لە ٢٥ ساڵ منداڵەکانیان نابینن و کاریگەرییە دەروونیەکانی لەسەر دایکان دەمێنێتەوە، بەتایبەت ئەگەر دایکەکە بە ویستی خۆی منداڵەکە بەجێنەهێڵێت و کۆمەڵگەکەی نەهێڵن منداڵەکانی پەروەردە بکات، ئەم قوربانیەش بەشێکی زۆری بۆ نەبوونی پاڵپشتیەکی ئابووری دەگەڕێتەوە، کاتێک دایکان دەیانەوێت منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، بەڵام نەبوونی سیستمیکی ئابووری بۆ پاڵپشتی داراییان، دەبێتە هۆی لێکترازانی منداڵ و دایک لە یەکدی کە هەردووکیان باجی سەرەکی دەدەن.

 

"تێکچوونی لایەنی دەروونی دایکان کاریگەری لەسەر پەروەردەکردنی منداڵەکانیشی دەبێت"

 نەسیبە حسێن باسی لەوەشکرد، بەشێک لەو منداڵانەی خێزانەکانیان هەڵوەشاونەتەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە قوتابخانەکاندا، "نەبوونی ئاستی ڕۆشنبیری دایک و باوک کێشە بۆ پەروەردەی منداڵەکە دروست دەکات، کاتێک منداڵەکە دەچێتەوە لای هەریەک لە دایک و باوکی قسەی ناشرین لەلای منداڵەکە بە دایک و باوکی دەدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی لایەنی دەروونی منداڵ.

 

نەسیبە حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی لە کۆتاییدا وتی: پێویستە کۆمەڵگە بە ئاسایی سەیری جیابوونەوەی هاوژینان بکات کە چۆن هاوسەرگیری هەیە، جیابوونەوەش هەیە، گرنگ پەروەردەکردنی منداڵ و هۆشیاری کۆمەڵگەیە بەرامبەر بارودۆخەکە، بەڵام ژنان بۆ ئاسانی ژیانیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا پێویستە سیستمی حکومڕانی کار ئاسانیان بۆ بکات، پێویستە بڕە پارەیەک بۆ پەروەردە کردن و بەخێوکردنی منداڵان دابین بکرێت، دەسەڵات پاڵپشتی ژنان بکات لە ڕووی ماددی و دەروونیەوە و منداڵێکی تەندروست پەروەردە بکرێت، تا کۆمەڵگەیەکی تەندروست بەرهەم بهێندرێن، هەروەها هیوادارم لە کۆمەڵگەدا بە چاوێکی ئاسایی لەو منداڵانە بڕوانن لە لایەن باوانەوە کێشەیان بۆ دروست نەکرێت، تا منداڵان نەبنە زیانبەرکەوتوو، چونکە خۆیان زیانبەرکەوتووی یەکەمن لە پرۆسەی جیابوونەوەدا.