"وێژەناسانی کورد دەبێت بە دوای داپیرەکاندا بگەڕێن"

شەهناز چۆلی لە ناوچەی عامودا وتی: لە هەر وتەیەکی پێشیناندا ئەزموون و ڕووداو و تێڕوانینێک هەبووە، بۆیە داوای لە وێژەناسانی کورد کرد بەدوای گەنجینەی شاراوەدا بگەڕێن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

عامودا- وتەی پێشینان بنەمایەکی کۆمەڵایەتی بنەڕەتییە لە نێو هەر نەتەوەیەکدا، چیرۆکێک، پەندێک، نوکتەیەکی خۆش و ڕەخنەیەک یان تێڕوانینێک لە ڕستەیەکی کورتدا دەگێڕنەوە، وتە کۆنەکان بە کورتی دەربڕدراون، بە شێوەیەک بوون لە بیرو مێشکی هەموو کەسێکدا بمێننەوە و بە ئاسانی لە هەموو بۆنەیەکدا بوترێن.

 

شەهناز چۆلی لە ناوچەی عامودا لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لە گرنگی پاراستن و زیندووکردنەوەی وتە کۆنەکان و چۆنیەتی بەڵگەنامەکردنیان کرد لە پڕۆسەیەکی ئاوا چارەنووسسازدا.

 

"لە هەموو وتەکانی ڕابردوودا زانیاری نهێنی هەیە"

شەهناز چۆلی ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی هەر ڕووداوێکدا وتەیەک هەبووە وتیشێ: خاوەنی وتەکان نادیارن، مێژوو و سروشتیشیان ڕوون نییە، لەهەر وتەیەکدا زانیارییەکی شاراوە هەیە، هەموو وشەیەک ئامۆژگارییە، ئەو ڕووداوانەی کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە و تێیدا وشەیەک سەریهەڵداوە، لە زۆر ساتەوەخت و وردەکاری و ڕووداوەکانی ئەمڕۆدا بەکاریان دەهێنین و جارێکی دیکە ئەو وشانە بە دەم زیندوو دەهێڵینەوە، گەلی کورد زۆر دەوڵەمەندن بە وشەکانی ڕابردوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە، ئەم وشانە نەنووسراون و تۆمار نەکراون، بەڵکو تەنها بە شێوەزار نووسراون و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ماونەتەوە، لە ڕاستیدا هەزاران وشە لەدەستچووە.

 

"هەندێک وتە لەسەر ژنان بەهەڵە وتراون"

شەهناز چۆلی وتی: بەدڵنیاییەوە، هەندێک وتە هەیە دەربارەی ژنان بە هەڵە وتراون، وەک "ژنان داری ڕزیون" ئەمەش لەدوای گەشەی دەسەلاتداری و سەر،مایەدارییەوە بووە، لە بنەڕەتدا "ژنان درەختی شینن"، بەهۆی هەموو بەرهەمێک، ژیان و داهێنان فێری کۆمەڵگە دەکەن. بەڵام ئەو سیستمانەی کە مافی ژنان دەچەوسێنەوە زیاتر بە ناوی ئایینەوە کاریان کردووە، بۆیە  دەیانویست ژنان لە درەختی شینەوە بگۆڕن بۆ دارێکی ڕزیوو وێران، تەنانەت پێش سەدەی نۆزدەیەم، ژنان ڕێگەیان پێنەدرا خۆیان لە کەرتی تەندروستیدا گەشەپێبدەن بە بیانووی ئەوەی کە ژنان لە خوێن دەترسن و ناتوانن بەرگەی دۆخێکی قورس بگرن، هەروەها پزیشکەکانی ژنانیش نەیاندەتوانی زانست وەربگرن، بەڵام ژنان وتیان دەتوانن ئەوە بکەن و کردیان.

 

"تا ئێستا هیچ پەرتووکێک لە وتەی پێشینان ئامادە نەکراوە"

شەهناز چۆلی ئاماژەی بەوەدا، هەوڵێک هەیە بۆ زیندووکردنەوەی وتەکانی پێشینان و وتی: هەوڵێک هەیە بۆ زیندووکردنەوەی وتەکان بۆ نموونە، لە کۆتایی هەندێک پەرتووکدا، هەندێک وتەی پێشینان ڕێکخراون یان دەتوانرێت لە گەڕانی گووگڵدا ببیندرێن، بەڵام هیچ پەرتووکێک لەسەر ئەم وتانە ئامادە نەکراوە، ئێستا ئێمە وشەکان لە کۆمەڵگەکەمان کۆ دەکەینەوە، خوێندکاران و داپیرانیان گفتوگۆی لەسەر دەکەن، کاتێک بەکاریان دەهێنم منداڵ و نەوەکانم لە منی وەردەگرن و بەکاری دەهێنن، بۆیە دەکرێت وتە پێشینانەکان زیندوو بکەنەوە، ئەو وتانە بەگوێرەی تەمەن و مانای کۆنیان بەجێهێڵدراون.

 

"داپیرەکان گەنجینەی نهێنین پێویستە گوێیان لێ بگیرێت"

شەهناز چۆلی ئەرکی وێژەناسان و ڕۆشنبیرانی بەبیرهێنایەوەو وتی: ئەو وێژەناسانەی کە لە وێژەی کوردی و ئەزموونەکانیدا کار دەکات دەبێت هەوڵێکی گەورە بدەن بۆ ئەوەی ئەم وشانە لە داپیرە و کۆمەڵگەوە کۆبکەنەوەو لە پەرتووکێکدا چاپی بکەن بۆ ئەوەی بگاتە دەست هەموو کەسێک، گەڕانەوە بۆ پێشینەکان دەبێتە چارەسەرێک بۆ کەموکوڕییەکانی ئێستا و گەڕاندنەوەی ئەو مێژووەیە بۆ سروشتی خۆی کە یاری پێکراوە، نابێت وێژەو کولتووری خۆمان لە دەست بدەین، ئەو ماڵەی کە داپیرەی تێدایە، بێگومان گەنجینەیەکی نهێنی هەیە کە سەدان چیرۆک و ئەزموون و زانیاری دەربارەی ڕابردوو و وتە کۆنەکانی تێدایە، نەوەکانی ئەو ماڵە نابێت تەنها گوێیان لێبگرن، بەڵکو بنووسن و گەنجییەکانیان زیاد بکەن و لە لەدەستدان بیانپارێزن.